دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی چاکسازی تورکمان: داوای هەڵوێستی یاسایی دەکەین بەرامبەر ئەو کەسانەی بانگەشەی لاوازکردنی هەرێم دەکەن

هەرێم نیوز

عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، قەوارەی هەرێمی کوردستان بە هیچ بڕیارێکی کاغەزی یان بەخشینێکی سیاسی دروست نەبووە، بەڵکو بە خوێنی شەهیدان، خەباتی پێشمەرگە و قوربانییە گەورەکانی گەلی کوردستان هاتووەتە کایەوە و دەسکەوتێکی مێژووییە بۆ هەموو پێکهاتەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی 6ـی 2026، عەبدولقادر بازرگان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لە پارتی چاکسازی تورکمان، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە سەیری ئەو وتار و هەڵوێستە سیاسییانە دەکەن کە بانگەشە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان لاوازکردنی قەوارەی دەستووری هەرێم دەکەن. 

ناوبراو جەختی کردەوە، جێگەی داخە کاتێک سەرۆکی حزبێکی سیاسیی کورد، لەبری بەرگری لە سەقامگیری، هەڵوێستێکی دژ بە قەوارەی هەرێم دەگرێتەبەر.

بازرگان ڕایگەیاند، ڕەخنەی بەرپرسانە مافێکی دیموکراتییە، بەڵام بانگەشە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم هیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازییەوە نییە. 

لە کۆتاییدا داوای لە دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکان کرد، بەپێی یاسا هەڵوێست بەرامبەر هەر هەنگاوێک وەربگرن کە ئامانجی لاوازکردنی هەرێم بێت و دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئەم قەوارەیە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی گشتییە و نابێت بکرێتە قوربانیی ململانێی تەسک.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP