هەرێم نیوز
دوای ئەوەی بەرهەمهێنەرانی
نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس نەیانتوانی بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە کۆبوونەوە
پلاندانراوەکەی خۆیان لە رۆژی دووشەممە ئەنجام بدەن، نرخی نەوت رۆژی دووشەممە بە رێژەیەکی
بەرچاو بەرزبووە. نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 77 دۆلاری تێپەڕاند. بەرەبەیانی ئەمڕۆ
سێشەممەش نرخی نەوت بەردەوامیدا بە بەرزبوونەوەکانی.
ئەمڕۆ سێشەممە،
بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 77 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هاوکات بەرمیلێک
نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 76 دۆلار و 61 سەنتە.
ناکۆکیی تووندی
نێوان عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە و سوهەیل مەزرووعی، وەزیری وزەی
ئیمارات رۆژی دووشەممە بووە هۆکاری ئەوەی کە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بۆ کاتێکی نادیار
دوابخرێت.
ئەندامانی ناو
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس جگە لە ئیمارات هاوڕان لەگەڵ درێژکردنەوەی رێککەوتنی نێوانیان
بۆ زیادکردنی مانگانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاری نەوتدا بۆ ئەوەی هاوسەنگی
بگەڕێننەوە نێو بازار و رێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو درێژبکەنەوە.
هەرچەندە ئیمارات
رازییە بە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە، بەڵام خوازیارە پشکی خۆی لە بەرهەمهێنانی نەوت
بە بڕی 600 هەزار بەرمیل زیادبکرێت. ئەمە دژایەتیی ئەندامانی دیکەی ئۆپێک پڵەسی بەدواوە
هاتووە بەتایبەتی سعودیە کە ئامادە نییە مل بۆ داواکاریی ئیمارات کەچ بکات.
بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەکەی
ئۆپێک پڵەس لە رۆژی دووشەممە بازرگانانی نەوتی نیگەران کردووە کە خواست بۆ نەوت زیاتر
بێت لە خستنەڕوو و لەبەرئەوەش نرخەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ
رێککەوتنێک بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەس دەستنیشان نەکراوە.
پێشتر ئەندامانی
ئۆپێک پڵەس رێککەوتبوون لەنێوان مانگەکانی ئایار تاوەکو تەممووزی ئەمساڵ 2.1 ملیۆن
بەرمیل نەوتی زیاتر بخەنەڕوو، بەڵام لە مانگی ئابەوە ئەو وڵاتانە رێککەوتنەکەیان تەواودەبێت
و ئەگەر درێژنەکرێتەوە کەمی نەوت لە بازاڕدا روودەدات.