هەرێم نیوز
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری توركیا، رایگەیاند، کێشەی جیددی لە سیستمی توركیا هەیە و پێویستە چارەسەر بکرێت هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بە تاكە چارەسەر دەزانێت.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری توركیا رایگەیاند،" کاتێک سەیری دەوڵەت دەکەین دەبینین چەند گرووپێک لایەنگر هەن کە بەرژەوەندیی خۆیانیان کردووەتە بنەما و لەسەر هەموو ئەمانەش دەرکەوت کە مافیا باڵی سێیەمی هاوپەیمانیی جمهوورە و تاکەڕێگەش بۆ دەربازبوون لەم هەموو پیسی و بۆگەنییە هەڵبژاردنە.
کڵچدارئۆغڵو، دەربارەی ڤیدیۆکانی سێدات پێکەر کە لە تورکیا بە سەرۆكی مافیا دەناسرێت و ئێستا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نهێنیی لەسەر بەرپرسانی دەوڵەت و بازرگانەكان، دەڵێت:" لەکاتێکدا ئەم هەموو بانگەشە قورسە هەیە، پێویستە داواکاری گشتی دەست بە لێپرسینەوە بکات. بەڵام ئەوەتا بەرپرسانی ئاکپارتی وتە و بانگەشەکان رەتیشناکەنەوە و ناڵێن ئەمە درۆیە".
سەرۆکی جەهەپە وتیشی، هاوپەیمانیی جمهوور، كە لە ئاکپارتی و مەهەپە پێك هاتوون باڵی سێیەمیشی هەیە کە مافیایە.