دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ بۆ گۆڤاری تایم: ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران کراوەیە و ئابوورییەکەیان داڕماوە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت کە هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران بژاردەیەکی کراوەیە و دوایین پێشنیازی تارانیشی بۆ ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز ڕەتکردەوە، هاوکات جەختی لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووەکە لەلایەن ئەمریکاوە کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی 10ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (تایم)ـی ئەمریکی ڕایگەیاند، دۆخی ناوخۆی ئێران زۆر خراپە و ئابوورییەکەی تووشی داڕمان بووە.

ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە تاران دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام واشنتن تەنها بەدوای "ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە"ـدایە. لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە دوایین پێشنیازی ئێرانی بۆ ئاگربەست ڕەتکردووەتەوە و وتوویەتی: "ئەو پێشنیازەی ساڵێک لەمەوبەر ڕەتمکردەوە، ئەمڕۆ پێی ڕازی نابم."

هەروەها پێشنیازێکی دیکەی تارانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە "ناتەواو" وەسف کرد کە هەموو لایەنەکانی لەخۆ نەگرتووە.

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا کە ئەگەری هەیە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە ئەمریکا، هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە.

لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەشدا کە باس لە کەمیی چەک و تەقەمەنی دەکەن لە ئەمریکا، ترەمپ ئەو زانیارییانەی بە درۆ خستەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەیە و کۆگاکانیان لە ئاستێکی بەرزی پڕکردنەوەدان، کە بڕیارە بەشێک لەو چەکانەش بەسەر هاوپەیمانەکانیاندا دابەش بکرێن.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا گەرووی هورمزی بە تەواوی بەڕووی ئێراندا داخستووە و کۆنترۆڵی تەواوی ئەو ڕێڕەوەی بەدەستەوەیە، بە جۆرێک کە دوێنێ چوارشەممە ئەمریکا گەورەترین بڕی نەوتی لە مێژوودا بەو گەرووەدا گواستووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP