هەرێم نیوز
لە هەڵوێستێکی توند و هەڕەشەئامێزدا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە فەرمی ڕایگەیاند کە سەرجەم کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک بۆ ئۆکرانیا لەناو خاکی وڵاتانی ئەوروپادا، بە ئامانجی سەربازیی ئەگەریی سوپای ڕووسیا دادەنرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد: "وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە تەواوی بەشداری لە ململانێی ئۆکرانیادا دەکەن، ئەمەش وایکردووە گەیشتن بە هەر چارەسەرێک لە هەموو کاتێک دوورتر بکەوێتەوە."
بەیاننامەکە یەکێتیی ئەوروپاشی تۆمەتبار کرد بەوەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی و لەناوبردنی دەرفەتەکانی دانوستان، هاوکات ڕێزی بۆ هەوڵی نێوەندگیریی هەندێک دەوڵەت دەربڕی.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ناونیشان و ناوی کۆمپانیا بیانییەکانی لە ٨ وڵاتی ئەوروپیدا بڵاوکردەوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ لێدانی ناوخۆی ڕووسیا بەرهەم دەهێنن؛ هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکەی دمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا، کە جەختی کردبووەوە ئەو کارگانە دەبنە بانکی ئامانجی مووشەکەکانی مۆسکۆ.