نووسینی: پۆڵا_جەلال
گەشەپێدانی مرۆیی، لەم چەند ساڵەی دواییدا گرنگیەکی فرەی پێدرا و، زۆرێک لە ڕابەرانی بە مەبەستی بازرگانی دەستیان بردوە بۆم بوارە. ئەوەی جێی سەرنجی من بوو، ئەوە بوو کە زۆرێک لە خەڵکی و کتێبخانە و هتد، کتێبی گەشەپێدانی مرۆیی بە نرخی کتێبی دەرونناسی دەفرۆشن و دەناسێنن.
هۆی ئەوەی کە خەڵکی زۆر لێل دەرونناسی تێکەڵیان کردوە دەگەڕێتەوە بۆ کتێبە چاپکراوەکانی نێو کتێبخانەی کوردی.
زۆربەی ئەو کتێبانەی کە بابەتی گەشەپێدانی مرۆیین، لێیان نوسراوە دەرونناسی! تەنانەت لە زانکۆی گەرمیانیش کتێبەکانی گەشەپێدانی مرۆیی، لە بەشی کتیبی دەرونناسی دانراوە و جیا نەکراوەتەوە! لە کتێبخانە ئەلیکترۆنیەکانیش جیا نەکراونەتەوە.
" هەڵبەت هیچ بوارێک نیە کە سودی نەبێت و گەشەپێدانی مرۆییش وەک هەر بوارێکی دیکە سودی هەس، بە تایبەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی و وتاردان و بازرگانی.
¶چەند جیاوازیەکی ڕابەرانی گەشەپێدانی مرۆیی و ڕابەرانی دەرونناسی.
1- ئەوانەی لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی کار دەکەن، هەمیشە هانمان دەدەن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان و، یەژن : گەر بگەن بە ئامانجەکەتان ئەوا بێگومان خۆشحاڵ دەبن و هەست بە ئاسودەیی و بەختەوەری دەکەن!
* فرۆید دەبێژێ : ئێمەی دەرونپزیشک دەحەپەسێین و توشی سەرسوڕمان دەبین، وەختێ دەبینین مرۆڤێلێک کە بە ئامانجەکەیان دەگەن لە باتی ئەوەی دڵخۆش و بەختەوەر بن، توشی داڕمان و کێشەی دەروونی دەبن!
2- ڕاهێنەرانی گەشەپێدانی مرۆیی، هەندێک جار بە تانەوە و بە شێوازی نوکتە باس لە کەسێک دەکەن کە چوەتە لایان بۆ بەدەستخستنی زانیاری یا چارەسەری کێشە!
* فرۆید یەژێ : ئێمەی دەرونناس بە کەسانێکی گرژ و مۆن دێینە پێش چاو، ئێمە زۆربەی ڕۆژەکانمان دەگەڵ کەسانی دەرووننەخۆش و خەمۆک بەسەر دەبەین و تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین تاکو چارەسەرێک بۆ کێشەکەیان بدۆزینەوە. ئێمەی دەرونناس لەسەر حسابی نەخۆش پێناکەین و، لە باتی نوکتەبازی هەوڵی شیکردنەوەی نوکتەکان دەدەین.
3- ڕاهێنەرانی گەشەپێدانی مرۆیی هەمیشە دەبێژن : واز لە ڕابردوو بهێنن و بیر لە داهاتووش مەکەنەوە، بەڵکو لە ئێستادا بژین.
فرۆید، یەژێ : ئێمە هەرگیز ناتوانین ڕابردوو لە بیر بکەین، چونکە هەمیشە پاشماوەی ڕابردوو دەگەڵ دەمێنێ. ( هەرچەندە لەم قسەیە دا، دکتۆر فرانکڵ دژی فرۆیدە و یەژێ : ئەم قسەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ هەمیشە بترسێ لەوەی کە ڕابردووی یەخەی پێ بگرێتەوە!).
4-ڕاهێنەرانی گەشەپێدانی مرۆیی ،هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەن کە بە ئێمە بێژن ناوبانگ و بە بایەخە بوون هەموو شتێکە و شتی گرنگن.
*فرۆید، یەژێ : پێویستە مرۆڤ فێر بکرێ کە ناچیز و کەم بایەخ بێت و ئەو ڕاستیە قبوڵ بکەن کە جگە لە ناوبانگ و شکۆ، شتی دی هەس پێی دڵخۆش و ئاسودە بین.
* خەیامی گەورە شاعیر و بیرمەندی فارس، دەبێژێ :
خۆزگەم بە کەسێ نیشان و ناوێکی نەبوو
لە شوێن پڕوپوچ خەیاڵی خاوێکی نەبوو
نەک من و تۆ کوندەپەپوو ئاسایی
چاوی لە قەڵایەک بوو، کەلاوێکی نەبوو
5- گەشەپێدەرانی مرۆیی دەبێژن : تۆ هەوڵبدە و دەتوانی سەرکەوتوو بیت. تۆ تا شتی زیاتر بەدەستبهێنی و دڵخۆش تر بیت و هەست بە ئاسودەیی بکەیت و هەست بە بایەخی خۆت بکەیت.
* فرۆید یەژێ : من بە شێوەیەکی پەسەندکراو، دڵخۆشم؛ هەر ئەوەی کە ئازارم نیە سوپاسگوزارم. سوپاسی شتە چکۆلە چێژ بەخشەکانی ژیانم دەکەم.( واتە ئەکرێ بە بچوکترین شتێلێک ئێمە ڕازی بین و دڵخۆشیش بین.)
6- گەشەپێدەرانی مرۆیی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەبێ مرۆڤ هەمیشە شاد و دڵخۆش و دەم بە خەندە بێت!
** د. ئیدیت ویسکۆف، دەبێژێ : فەلسەفەی ئێستا دەربارەی دەرووندروستی لەسەر ئەوە بنیات نراوە کە خەڵکی دەبێت شاد و خۆشحاڵ بێت و، خەم و خەفەت نیشانەی نەگونجانە دەگەڵ ژیان.
د. ئیدیت، دەبێژێ : ئەوانەی خاوەنی ئەم بۆچوونەن دەبێت خۆیان بە بەرپرسیار بزانن دەربارەی ئەو مرۆڤانەی کە ڕەنج و ئازاریان هەس و ناتوانن لێی ڕزگار بن، چونکە ئەم بۆچوونە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی ئازاردیدە بەهۆی ئەوەی کە شاد نین، زێتر خەمبار ببن!
* فرانکڵ ئێژێ: کاتێ دەگەین بە ئازارێک کە ناتوانین لێی ڕزگار ببین، ئەوا دەتوانین بگەین بە بەها باڵاکان و قوڵترین واتای ژیان ( مەبەستی ئەوەسە مانا لەو ئازارەدا بدۆزینەوە).
7- گەشەپێدەرانی مرۆیی، هەمیشە شتە جوانەکانی ژیانمان نیشان دەدەن و باسی خراپەکان ناکەن ( زۆر بە کەمی نەبێت). کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاک توشی پێکدادان بێت لە نێوان قسەی ڕاهێنەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و کەتوار ( واقیع).
* فرانکڵ، دەبێژێ : واتا دەرمانی عەینەن دختۆری چاوە نەک نیگارکێش. نیگارکێش ئەوەی ديویەتی نیشانمان دەدات، ئەما دختۆری چاو، چاومان پاک دەکاتەوە تاوەکو خۆمان شتەکان ببینین ( گەشەپێدانی مرۆیی، وەک نیگارکێشن).
8- گەشەپێدەرانی مرۆیی، دەبێژن : بگە بە ئامانج و چێژ لە ژیان و سەرکەوتنەکانت وەربگرە.
* فرانکڵ، دەبێژێ : چێژ دەبێ بەرهەمبهێنرێ نەک ئامانج بێت، هەر وەخت بوو بە ئامانج ئەوا لە نێو دەچێت.
9- گەشەپێدەرانی مرۆیی، سوورن لەسەر ئەوەی کە ئێمە گەر ئامانجمان هەبێت و هەوڵی تەواو بدەین و سوور بین لەسەر بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان ئەوا بێگومان پێی دەگەین.
* فرانکڵ، دەبێژێ : لە هەر شتێک بترسین یاخود خواستی لە ڕادەبەرمان بۆی هەبێت، بە دەستی ناهێنین!
فرانکڵ، ئێژێ : خواستی لە ڕادەبەدەر و سەرنجی لە ڕادەبەدەر و کاردانەوەی لە ڕادەبەدەر، دەبنە نەخۆشی.
10- دۆستۆیڤسکی، دەبێژێ : مرۆڤ مەتەڵێکە و دەبێ هەڵیبێرم.
گەشەپێدەرانی مرۆیی، وا دەری دەخەن کە توانیویانە مەتەڵەکە هەڵبهێنن. کۆمەڵێک یاسایان داناوە کە بەو یاسایانە دەتوانین دڵخۆش ببینن و ببینە باوکێکی تەواو سەرکەوتوو و ببینە ملیۆنێر و هتد.
* فرانکڵ، دەبێژێ : دەتوانین هەندێک لە کارەکانی مرۆڤ پێشبینی بکەین، بەڵام مرۆڤ شتێکە لە زیاتر لە دەروون.
11- گەشەپێدانی مرۆیی، ئەمێستا ئەبێت زیاتر لە تلیاک ترسمان لێی هەبێت، چون دوژمن و بێهۆشکەرێکی شاراوەیە. وەک چۆن مادە هۆشبەرەکان ئاوەزمان لە کار دەخەن و لەم دنیایە دەرمان دەکەن، بە هەمان شێوە گەشەپێدانی مرۆیی لە ئەم جیهانە دامان دەبڕێ و بە ناوی دڵخۆش بوون و کۆمەڵێک بابەت و ناونیشانی زلەوە، لە جیهان و لە ژیری دامان دەبڕن.
12- گەشەپێدەرانی مرۆیی، هەمیشە دەبێژن : کە بە ئەرێنی لە هەموو شتەکان بڕوانین. ئەما خۆیان ڕەشبین دەربارەی کەسانی ڕەشبین.
13- گەشەپێدەرانی مرۆیی، هەمیشە دەبێژن : ڕووخۆش بن و با زەردەخەنە هەمیشە لەسەر ڕووخسارتان بێت، بۆ ئەوەی خەڵکی هەست بە بەهێزی ئێوە بکەن.
وە هەر خۆیان دەبێژن : کە گوێ بە خەڵکی مەدەن و بۆ خۆتان بژین!( ئەمەش دژیەکی نێوان قسەکانیان).
14- لای گەشەپێدەرانی مرۆیی گرنگ نیە کە ئایا قسەکەت ڕاستە یان نا، تەنها قسەت هەبێت بۆ وتن ،بەسە. فرۆید، گەورە زانای دەرونناسی و خاوەن تیۆری ( دەرونشیکاری). ڤیکتۆر فرانکڵ، گەورە زانای دەروونناسی و خاوەن تیرۆری ( واتادەرمانی) د. ئیدیت، مامۆستای دەرونناسی لە زانکۆی جۆرجیا.