دواین هەواڵ

جیهان‌

 05/06/2021

فەیسبوک و ئینستاگرامی ترەمپ بۆ ماوەی دووساڵ راگیرا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رەخنەی توند لە بڕیارەکەی کۆمپانیای فەیسبوک دەگرێت

هەرێم نیوز
کۆمپانیای فەیسبووک هەژماری فەیسبووک و ئینستاگرامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ ماوەی 2 ساڵ رادەگرێت.


دوای هێرشی رۆژی 6ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کە کرایە سەر کۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە و لە دوای کۆمێنتەکانی ترەمپ لە فەیسبووک و ئینستاگرام، کۆمپانیاکە هەردوو هەژمارەکەی سەرۆکی پێشووی وڵاتی بۆ کاتێکی نادیار راگرت، بەڵام ئەو سزایە لەلایەن دەستەی چاودێریی فەیسبووکەوە رەخنەی لێگیرا و داوای دیاریکردنی کاتی هەڵپەساردنەکەی کرد.

رۆژی هەینی کۆمپانیای فەیسبووک رایگەیاند، هەردوو هەژمارەکەی ترەمپ تاوەکو سەرەتای ساڵی 2023 بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.

لە راگەیەندراوێکدا فەیسبووک کارەکانی ترەمپی بە پێشێلکردنی یاساکانی ناوبرد و رایگەیاند، " کارەکانی ترەمپ پێشێلێکی تووندی یاساکانی فەیسبووک بوون".

ترەمپ لە وەڵامدا بڕیارەکەی فەیسبووک بە هێرشکردنەسەر ملیۆنان ئەمریکی کە دەنگیان بۆ داوە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی رابردوودا ناوبرد.

هاوکات کۆمپانیای فەیسبووک لە قۆناخی کۆتایی تاوتوێی هەڵگرتنی بەخشینی سیاسەتوانانە لەو یاسایەی کە بەکارهێنەرانی فەیسبووک ناچاردەکات تێکست و کۆمێنتی میانڕەو و لەچوارچێوەی رێنماییەکانی فەیسبووک بنووسن و راشیگەیاند، چیدیکە ئەو پارێزبەندییە ناداتە سیاسەتوانان بەگوێرەی خواستی خۆیان بابەت بنووسن کە پێشتر لەسەر بنەمای ئەوەی لێدوانەکانیان هەواڵی سیاسی گرنگن پێیاندرابوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP