دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 02/05/2021

وە بیرهێنانەوەی هەندێ وانەی ژیان

سامانی وەستا بەکر

لەم سەردەمی یەکتر شکان و بەهەڵە تێگەشتنی هەمووی لە هەمووی و چاڵهەڵکەنن و ڕەشبینیەی کە کۆمەڵگەی تێکەوتووە، بەگرنگمزانی هەندێ وانەی ژیان وەبیر خوێنەربهێنمەوە کە ئەکرێ سودی ڕاستەوخۆی لەسەر کەسی خوێنەر و پاشان دەوربەریشی هەبێ.

مەبەستمە سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕاکێشم کە ئەم جۆرە لە نوسین هاوشێوەی وتارێکی کۆکراوەو ئاڕاستەکراو نیە، بەڵکو دەستپێکی هەر دێڕێکی نوێ بابەتێکی سەربەخۆیە بۆخۆی، ئەکرێ وەک بابەتێکی سەربەخۆ تەماشاکرێ، بەڵام سەرەنجام و کۆتایی هەمووی پێکەوە چەند وانەیەکی کۆکراوەی پێویستە کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان ئەبێتەوە، مەخابن دژواری و سەرقاڵی ژیان ڕێ بەوە نایات کە هەمیشە لەبیرمانبێ و کاری پێبکەین.

- گرنگە هەندێک ڕەفتار، نەریت، وشە، ئاخاوتن، ڕەخنە، پیاهەڵان، شکاندنەوە، دەستەواژە، هەڵوسوکەوت....هتد بە وریاییەکی زۆرەوە بکرێن و بەکاربهێنرێن چونکە لەیەکاتا ئەکرێ ببێتە سەرخستنی کەسێکی نەشیاو یان ڕووخانی کەسێکی شیاو، هەربۆیە گرنگە کەسایەتی بەرامبەرت باش بناسی پێش ئەوەی هیچ دەستەواژەیەک بەکاربهێنی یان کردارێک بکەی.

- گرنگە هەمیشە ئەوەمان لەبیربێت کە تەنها ئەوەندە خاوەندارێتی هەر وشە و کردارێک ئەکەی کە لای خۆتن، واتە پێش نەوتنیان و ڕوونەیانیان، چونکە دوای وتنی هەرووشەیەک یان هەر کردارێک چیتر تۆ بە تەنها خاوەنی نیت و ئەکرێ لە بەرژەوەندیت و لە دژیشت بەکاربهێنرێتەوە.

-  ئەبێ چاودێری بۆچونەکانتبی، چونکە دواتر ئەبێت بە وشە،  چاودێری وشەکانبی کە دواتر ئەبێت بە کردار، چاودێری کردارەکانبی کە دواتر ئەبێت بە نەریتی ژیانت، چاودێری نەریتەکانیشبی کە دواتر ئەبێت بە کەسایەتیت، سەرئەنجام کەسایەتیشت دوارۆژت دیاری ئەکات.

- چاودێری بیرکردنەوەکانی کەس مەکە، چونکە ئەبن بە وشە و نوسراو، بەڵام چاودێری وشەکانی خۆت بکە کە ئەبن بە کردار و پێى ئەناسرێیتەوە.

- کاتێک ڕێگای بیرکردنەوەت ئەگۆڕیت ئەوا بزانە جیهانی خۆت گۆڕیوە. ڕێگای بیرکردنەوە جۆری هەیە "باش و خراپ"،  "گەشبین و ڕەشبین"، "ڕژد و پشتگوێخەر"، "بەپلان و بێ پلان"هتد...، ئەگەر باش و گەشبین و بە پلان بیربکەیتەوانێ و ڕژدبی لەسەری؛ بێگومان جیهانێکی پڕ لە سەرکەوتن بۆ خۆت دروست ئەکەیت و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

- رێگای بیردکرنەوەکانت بگۆڕە؛ گۆرانکاری بەسەر کردەوەکانتا یەت. ییرکردنەوەکان ئەبن بەنەخشە ڕێگای ژیان، لەبەر ئەوە گرنگە باش بیربکەیتەوە یان چەند جارێک بیربکەیتەوە پێش بڕیاردان، چونکوم بیرکردنەوەکان ئەو ئامڕازەن کە گۆنکاری بەسەر کردەوەکانتا ئەهێنێ و سەرەنجام بە چاکەکار یا خراپەکار، سەرکەتوو یان کەتوو ئەوناسێنێ.

- بەدڵنیایەوە بزانە ژیانی ئێستات لە بەرهەمی بیرکردنەوەی رابردووت دروست بووە. گلەیی مەکە لە بەختت و بڵێی کەسێکی بێ بەختم و بەخت هاوکارم نەبووە، چونکە ئەوە کردارەکانی ڕابردووتە ئەمڕۆتی بەرهەمهێناوە.

هاوکێشەکانی سەرکەوتن لە ژیانا  بریتیە لە "بڕیاردان، پابەندبوون و ملکەچ نەبوون". بۆ هەرکارێک گرنگە خاوەنی بڕیاری خۆتبیت و پاشان پابەندبیت بەو بڕیارەی وەرگرتووە، بەڵام ملەکەچی نەبیت.

- هیچ کەسێک بە ئەندازەی خۆت ناتوانێت بتگەیەنێت بەسەرکەوتن. هەرگیز چاوت لە هاوکاری کاسانیتر نەبێ تا دەست بگرن و پلە پلە سەربخەن، چونکە تەنها کەس خۆتی کە ئەبێ هەموو پلەکان بەسەرکەوتوویی ببڕی و ئەوانیتر هەریەکە و لە پلەیەکا بەجێتئەهێڵن یان دەستبەردارئەبن.

- ئەگەر ئارەزووێکی ڕاستت هەبێت بۆ ڕزگاربونت لە خوو نەریتە خراپەکان ئەوا  بەدڵنیایەوە لە (51%)ى نەریتەکان ڕزگارت بووە. هەموو شتێک کە بتەوێ بیکەیت جا سەرکەوتووبی یان کەوتوو پەیوەستە بەوەی کە چەن خواست و ئارەزووت هەیە بۆی، بۆیە گرنگە خواست و ئارەزوویەکی تۆکمەت هەبێ بۆ ڕزگاربوون لە خووە خراپەکان و بەهەمان شێوەش بۆ برەودان بە نەریت و خووە باشەکان، چونکوم هەر جدیەتی خودی خواستەکە نیوە بەرەوژووری ئامانجەکە ئەپێکێ.

- ناتوانیت بەختەوەری بکڕیت بە هەموو سامانی دنیا، لەبەر ئەوەی مەملەکەتی بەختەوەری لە جۆری هەست و بیرکردنەوەی خودی خۆتایە. هەست و بیر و گوفتاری باش بەختەوەری دروست ئەکات نەک سامان و ماڵ، ئەکرێ سامانێکی زۆر هەبێ و دڵتەنگ بژیت یان ڕۆژانە بژێوی ژیان پەیابکەیت و ئاسودەش بژیت، چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە هەست و بیرەوە.

+ هەرگیز سامان مەکە بەپێوەر بۆ بەختەوەری. سامان و موڵکداری ئەتوانێ یەکێک بێت لەهاوکارییەکان بۆ گەیشتن بە بەختەوەری، بەڵام بەختەوەری لەناو بیروبۆچوون و تێگەشتن و ڕامانی خودی خۆتایە بۆ ژیان.

- دڵنیابە لەوەی کە متمانەی خەڵک بە تۆ لە ئاست متمانەی خۆتە بە خۆت. هەرکاتێ توانیت متمانە بە تواناکانی خۆت بکەی ئەوا ئاسانتر ئەتوانی متمانەی دەوروبەر بەدەستبهێنى، چونکوم کاتێ مرۆڤ لەرزۆک و بێ وورە دەرکەوێ ئەوا کەسانیتر ناتوانن متمانەی پێبکەن وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.

- بەدوای هەڵەکاندا مەچۆ، بەدوای چارەسەردا برۆ. هەڵە نەنگی نیە، بەڵکو دووبارە کردنەوەی ستەمە، مرۆڤی هۆشیار لە هەڵە فێرئەبێ، دوای هەر هەڵەیەک دۆش دامەمێنە بەڵکو بیکە بەسەرەتایەک بۆ چارەسەر و ئەزمونێک بۆ داهاتوو.

- کاتێ ئیمانێكی پتەوت هەبێت بە سەرکەوتن  ئیتر چیتر ئاسان نابێ کەس  ڕێگریت لێبکا. سەرکەوتن ڕژد بوونی گەرەکە، مرۆڤ ناتوانێ پلەکانی سەرکەوتن یەک بەدوای یەکا ببڕێ ئەگەر خودی خۆی ڕژد و موکڕ نەبێ لەسەری، چەندین جار بیربکەرەوە، بەڵام دوو دڵ مەبە لە ئەنجامدانی.

- ئاسانترین ڕێگا بۆ رێکخستنی کارەکان ئەوەیە کە هەر کارێک لە کاتی خۆیا بەئەنجام بگەیەنیت. کەڵەکەبوونی کارەکان هۆکارە بۆ بەئەنجام نەگەیاندنی، تا ئەرکی سەرشان کەمتربێ کات زیاتر ئەبێ بۆ چەندین کاری جیاوازتر وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.

- فێربە هەروەک ئەوەی لەسەرەتایایت. هەرچەند زانا و بەتوانابیت لەهەر کارێکا، بەڵام دڵنیابە کە خەڵکانێک هەن ئەگەر لە تۆ باشترنەبن ئەوا وەک تۆ باشن بۆیە گرنگە هەمیشە چاو لەفێربوونی زیاتربێت، ئەگەر هەموو شتێک بزانیایە ئەوا هێندە ماندوونەئەبووی، تا ماندووبوون بەردەوامبێ ماوتە فێربی.

- داوا لە کەس مەکە، پشت بەخۆت ببەستە. هاوکاری و هاوبەشی زۆر گرنگە، بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە کە مرۆڤ پشت بەخۆی ببەستێ و چاوەڕێی هاوکاری نەکات، چونکە هیچ هاوکارییەک هەتا سەر بەردەوام نابێ بەپێچەوانەشەوە پشت بەستن بەخۆت هەمیشە پتەوتر ئەکات.

- تۆ توانات هەیە بۆ سەرکەوتن ئەگەر بیرت لە سەرکەوتن کردەوە. چی بچێنی هەر ئەوەش ئەچنیتەوە، بۆ سەرکەوتنی هەرکارێک بەگەشبینانە بۆی بڕۆ، چونکە ئەوە یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنە وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.

- هیچ شتێک نیە بەربەست بێت بۆ گەیشتنت بە لوتکە تەنها خۆت نەبیت كاتێك بە رەشبینیەوە ئەڕوانیت بۆ شتەكان. گلەیی لە بەخت مەکە کاتێ ناگەی بە ئامانج، بەڵکو بیربێت کە بەشێکی سەرەکی شێوازی بیرکردنەوەی ڕەشبینانەی خۆت بووە کە ئامانجەکەت نەپێکاوە.

- بۆ ئەوەی گەورەبیت پێویستە بیرکردنەوەكانیشت گەورەبیێت. بۆ بەدەستهێنانی شکۆ و باڵادەستی ئەبێ بیرکردنەوەت گەورە و فراوانبێت، چونکە بیرتەسکی بێ هێز و لاوازئەکا.

- هەر کاتێک زانیاریت لە هەر بوارێکا زیا بوو ئەوا متمانەت بە خۆت زیا ئەبێت. هۆکارێکی گرنگی متمانە بەخۆبوون خۆ پڕ چەک کردنە بە چەکی زانست و زانیاری، ئەگەر ئەتەوێ متمانەت بەخۆت بێت و لەوێشەوە متمانەی خەڵکی بەدەستبێنی قاڵبە لە بەدەستهێنانی زۆرترین زانیاری بەسود بۆ خۆت و کۆمەڵگە.

- نوسینەوەی ئامانجەکان لەسەر پارچە کاغەزێک رێژەی گەیشتن بە ئامانجەكان زۆر زیاترئەكات. گرنگە هەمیشە ئەو ئامانجەی کاری بۆ ئەکەین لەبیرمانبێت بۆیە نوسینەوەی ئاناجەکانمان و چاوپیاخشانیان ناوبەنا و لە گەیشتن بە ئامانج نزیکترمان ئەکاتەوانێ.

- فێربە لە کەسی بەئەزمون و زانا، تەمەن بوار بەوە نایات تا بتوانیت خۆت فێری هەموو شتەکان بیت. ئەگەر کۆی ڕۆژەکانی تەمەن بەبێ پشوو و دابڕان خەریکی خوێنەوە و فێربوونبیت، بەڵام هێشتا کەمێک ئەزانی و ئەبێ لە ئەزموون و توانای خەڵکانیتریش فێربی، ئەگەرنا ئەکرێ تەنها لە شتێک یان چەن شتێکا هەموو شتێ بزانیت و لە هەموو شتەکانیترا لەسەرەتایابی.

- هەوڵەکان دووبارە بکەرەوە لەبری جارێک سەدان جار. شکست ئەوە نیە کە لە ئەزمون کردنی کارێکا سەرکەوتوو نەبی، بەڵکو دەستبەردار بوون لە کارەکە شکستە، دوای هەر شکستێک هەوڵبە ئەزمونی لێوەرگرە تا ئەگەیتە سەرکەوتن.

- ئاگایاری رەخنەی روخێنەربە. ڕەخنە یەکێکە لە باشترین هاوکارییەکان بۆ پیاچوونەوە و تێهەڵچوونەوە، بەڵام ئەتوانێ ئامرازێکیشبێت بۆ شکان و دوورخستنەوە ئەگەر مەبەست لێی ڕوخانبێت بۆیە گرنگە هۆشیاری ئەوەت هەبێ کە ڕەخنە لە ڕەخنە جیابکەیتەوە.

- لە ژیانتا هەلی زۆر بۆ ئەڕەخسێت جا هەمیشە لە ئامادەباشیابە لە کاتی هاتنەپێشی هەلەکانا.  لەکاتی لەدەستدانی هەر هەلێکا گۆشدامەمێنە، بەڵکو بیکە بەخاڵی دەستپێک بۆ سەرکەوتن لە هەلی دواترا.

- سەرکەوتن کردارە نەک کۆتایی. لەدوای هیچ سەرکەوتنێک پشتی لێمەکەرەوە، چونکە ئەوە تەنها کارێکی کاتییە و ئەبێ هەر سەرکەوتنێک بکەی بە پایەیەک بۆ سەرکەوتنی داهاتوو، سەرکەوتنەکان کاتین و لەبیرئەچنەوە بەردەوامبوون نەمرییە.

- هیچ پێناسەیەکی گشتی نیە بۆ سەرکەوتن، چونکە هەر کەسێک لە گۆشە نیگای خۆیەوە تەماشای ئەکا. لەوانەیە ئەوەی لای تۆ کارێکی سەرکەوتوانەی مەزنبێت بۆ خەڵکانیتر سانا و ئاساییبێت، هەربۆیە گرنگە خۆت متمانەت بەسەرکەوتوویی خۆت هەبێ و لەسەرکەوتنی خەڵکانی تریش کەم مەکەرەوە.

- ئارامگرتن باشترین چارەسەرە لەکاتی هەر گرفتێکا. ئارامگرتن و هێوری و پەلەنەکردن ئەو نهێنیەیە کە لە پشتی هەر کارێکی باش و سەرکەتوەوەیە.

- لە ناختا سووربون لەسەر سەرکەوتن بچێنە. لە ناخی هەر مرۆڤێکا شتێک هەیە کە لەوێوە ئەڕوانێتە بابەتەکانیتر، لەبری هەر شتێک باوەڕ بەخۆت بچێنە تا سەرکەوتن بچنیتەوە.

- غەم و پەژارە و شادی و خۆشبەختی بە دەستی خۆت دروستیان ئەکەیت. لەناو باخچەیا هەست بەئارامی ئەکەیت، لەناو دڕکو داڵیشا هەست بەئازار.

- لەسەر ڕێگای سەرکەوتنا رووبەرووی ئەو شتە ئەبیتەوە کە پێشبینیت نەکردووە. ڕێگای سەرکەوتن بەرزی و نزمی زۆری تیایە، ئەبێ ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەختیەکانیشبیت و نەبێتە هۆکاری پاشەکشێ.

- ئامانجەکان جوڵێنەری ژیانە. وزەی جوڵێنەری ژیان ئامانجە، ئەبێ ئامانجی دیاریکراوهەبێت تا ژیان لە جوڵە نەوەستێ.

- سەرکەوتن هەمو شتێک نیە، بەڵام ئارەزوو بۆ سەرکەوتن هەموو شتێکە. هەندێ کەس بەئاسانی سەرکەوتن بەدەستئەهێنێ بەڵام چێژی لێنابینێ، چونکە ئەو تەنها ئارەزووی سەرکەوتنی هەبووە بێ ئامانجێکی دیاریکراو، چونکە چێژی سەرکەوتن لە گەشتن بەئامانجایە نەک پلەکەی.

- نەنگی نیە لە ژیانا بکەویت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بتوانیت هەڵسیتەوە. یەکەم هەنگاوی دوای کەوتن هەڵسانەوەیە بۆیە گرنگە بیرمانبێ هەر شکستێک بکەین بە ئەزموون بۆ هەڵسانەوە بەرەو سەرکەوتن.

- ئەگەر چاوەڕێى هەلێکت کرد و نەهاتەڕێت ئیتر بۆچی هەوڵی بۆ نایەیت. مەرج نیە ئەوەی چاوەڕێیت و لە دڵ و مێشکتایە بەخت یاوەربێ و بێتە سەرڕێت بۆیە هەوڵبە بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لە دڵ و مێشکتایە و چاوەڕێی مەکە.

- سەرکەوتن یەکەم هەنگاوە، کەوتن سەرەتای دەستپێکە. لە هەر کەوتنێکا سووربە لەسەر سەرکەوتن، سەرکەوتن یەکێکە لە ئامانجەکان، موکوڕبوون و چێژوەرگرتن لێی ئەتگەیەنێ بە دوا خاڵ.

- ئەم پرسیارانە بەردەوام ئاڕاستەی خۆت بکە:
من کێم؟ چۆن گەشتم بە ئێرە؟ ئەمەوێت بۆ کوێ بڕۆم؟ بۆچی ئەمەوێت بڕۆم؟ چ شتێک بەربەستە لەسەر ڕێگام؟ ئەی چۆن زاڵبم بەسەریاناا؟

لەڕێی ئاڕاستەکردنی ئەم پرسیارانەوە هەمیشە وائەکا کە لەبیرکردنەوەی بەردەوامابیت و ڕێگربیت لە هەر کارێک یان گوفتارێکی نەخوازراو .

"ببین یان نەبین" شکسپیر وای وت، بەندە ئەڵێـم ئێمە بۆ هەین کە ببین، نەبین؛ کاری مرۆڤی ژیرنیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP