دواین هەواڵ

ئابوری‌

 04/03/2021

پێش کۆبوونەوەی ئۆپیک پڵەس نرخی نەوت بەرز بووە

هەرێم نیوز


پێش کۆبوونەوەی ئۆپیک پڵەس نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەویش بەهۆی کەمبونەوەی نەت لە کۆگاکانی ئەمریکادا و ئەگەری پاراستنی هەمان بڕی پێشووی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤-٣-٢٠٢١ لە ئەمریکا بەهۆی زریان و بەفربارینی زۆرەوە ماوەی دوو هەفتەیە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکی لە ویلایەتی تێکساس کەمیکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لەو وڵاتە، بەو پێیەی ویلایەتی تێکساس زیاتر لە ٨٠٪ی نەوتی ئەمریکا بەرهەمدەهێنێت.

رۆژی چوارشەممە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکان بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٦٢ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٦٤ دۆلار و ٦٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، واتە زیاتر لەسەدا ٢ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا هەفتەی رابردوو قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا  دابەزیوە بۆ ٢٤٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل ئەوەش کەمترین ئاستی بەنزینی کۆگاکراوی ئەمریکایە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە.

جۆن کیلدۆف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای "ئیگەین کاپیتاڵ" لەو بارەیەوە رایگەیاند، کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمە نەوتییە کۆگاکراوەکان لە ئەمریکا بەهۆی کەشوهەوای توندی تێکساس روویداوە.

محەمەد ئەلفارس، وەزیری نەوتی کوێت لەسەر بازاڕی نەوت رایگەیاندووە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی گەشیبینی بە دۆزینەوەی ڤاکسینەکانە، کە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاتر بێت.

لەلایەکی دیکەوە وا بڕیارە ئەمڕۆ ٢٤ ئەندامەکەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لەبارەی دیاریکردنی بڕی ئەو نەوتەی دەیخەنە بازاڕەوە کۆببنەوە، بەپێی چەند سەرچاوەیەک ئەگەری زۆرەوە بڕیار بدەن ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت بپارێزن. 

بەرهەمێنەرانی نەوت لە ئۆپێک پڵەس لەئێستادا ٧ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت کەمتر لە ئاستی بەرهەمهێنانی جاران دەخەنە بازاڕەوە، ئەمەش وایکردووە نرخی نەوت بە جێگیری بمێنێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP