هەرێم نیوز
ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیارە یاداشتنامەى نێوان وەزارەتەکانى دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان تاوتوێبکات.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە میدیاکانی راگەیاند: بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرسی مووچەی و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەکوو پاشکۆ بۆ کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران زیاد دەکرێت کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 01:00 دوای نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت. هاوکات دوو کۆنووس کە لە لایەن وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە کراون لە کۆبوونەوەکە باس دەکرێت.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: چاوەڕوانین ئەنجوومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیار لەبارەى یاداشتنامەکەوە بدات.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باس دەکرێت، هەر وەکوو پێشتر حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
لە دۆخى ئاساییدا کۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ڕۆژانى سێشەممە دەکرێت، بەڵام بەهۆى ڕێوڕەسمەکانى چلەى ئیمام حسێن کۆبوونەوەکە پێشخراوە.