هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، هەندێک لایەنی سیاسیی بەردەوام هەوڵی داوە لاوانی هەرێمی کوردستان "بێ ئومێد بکەن، پارتی هاتووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیوا بۆ لاوانی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە".
وتیشی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەری دەخات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چ حزبێک و بڕیارێکن
ئاماژەی بەوەش کردووە، هۆکاری ئەوەی پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەکان یەکەم بووە، ئەوەیە کە "پارتی ئەم ئەزموونەی دروست کردووە و پارتیش ئەم ئەزموونە دەپارێزێت".
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، پارتی "بە تەنیا زۆر دەستکەوتی هەبووە، بەڵام هیچ لایەنێکی دیکە بەبێ پارتی نەیتوانیوە دەستکەوتی هەبێت".
وتیشی، "نەمانویستووە خەڵک لە ئێمە بترسێت، نەمانویستووە بە چاو سوورکردنەوە خەڵک لە دەوری خۆمان کۆ بکەینەوە؛ دەمانەوێت بە خۆشەویستی و ڤیان، خەڵک پارتیی خۆش بوێت".
جەختیشیکردەوە، "ئێمە قەت شەڕخواز نەبووین و هەمیشە داوای ئاشتیمان کردووە و ویستوومانە بە ئاشتی و پێکەوە کارکردن کوردستان بەرەوپێش ببەین".
وتیشی،" لەم هەڵبژاردنە گەورەترین سەرکەوتن بە دەست دەهێنین"