هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایدەگەیەنێت، بەدواداچوون بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا دەكەن لە هەر شوێنێكدا هەبێت.
سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند: نەخۆشی كۆلێرا نوێ نییە و پێشتریش لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش بوونی هەبووە، هەروەها حاڵەتەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكە تاكە تاكەن و ناچنە چوارچێوەی پەتای بەربڵاوەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا ڤاكسینی باوەڕپێكراو و كاریگەر بۆ نەخۆشی كۆلێرا لە جیهاندا نییە، ئەوەی پێویستە لەسەر هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەكانی پاكوخاوێنی بن و خۆیان بەدووربگرن لە خواردن و خواردنەوەی ناتەندروست و هەروەها بەردەوامیش دەستەكانیان بە ئاو و سابوون بشۆن.
وتیشی: چاودێری دۆخەكە دەكەین و زانیاریمان هەیە لە هەندێ شوێن حاڵەتی تووشبوونی كۆلێرا هەیە، ئەگەر رێژەی تووشبووان زیاتربوون تیمی تەندروستی رەوانە دەكەین.
سەیف بەدر دەشڵێت، لە رێگەی تیمەكانی وەزارەتی تەندروستییەوە بەردەوام لە پارێزگاكان پشكنین بۆ ئاوی خواردنەوەی ماڵان دەكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو سهركار سورچی گوتهبێژی وهزارهتی تهندروستیی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، 8 حاڵهتی تووشبوو به كۆلێرا له سنووری پارێزگای سلێمانی تۆماركراون.
وەزارەتی تەندروستی هەوڵی كۆنتڕۆڵكردن و ڕێگریكردنی لە نەخۆشییەكە داوه و ڕۆژانە لە ڕێگەی پشكنینی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە چاودێری ئاوی سلێمانی دەكرێت.
پهتای كۆلێرا یهكێكه لهو نهخۆشییانهی كه له رێگهی پیسبوونی سهرچاوهكانی ئاوی خواردنهوه و خواردنی ئهو سهوزهیهی كه به ئاوی قورس ئاودهدرێت، بڵاودهبێتهوه، هەروەها ئهم پهتایه زیاتر له وهرزی هاوین و گهرمادا تهشهنه دهكات.