دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 31/01/2024

کۆمەڵێک زانیاری گرنگ دەربارەی نان و برنج و میوە

د. کامەران ڕسوڵ ژاژڵەیی - پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەواڵ و زانیاری تایبەت بە خۆراک بڵاو دەکرێتەوە لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا و تیڤی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە و هاونیشتمانیان ( بە قسەت بەشێکی بەرچاویان ) سەریان لێ تێک چووە و لەم پۆستە بە کورتی چەند خاڵێکی گرنگ دەخەینە بەرچاو :

١ --- سیستمی خۆراکی کیتۆ و لۆکارب و هاوشێوەکانی کۆمەلە پلانێکی خۆراکی سەرکەوتوون بۆ دابەزاندنی کێش و کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکرە و بەرزی فشاری خوێن و بەرزی چەورییەکان خوێن و هەندێک کێشەی تەندروستی تر بەڵام نابێت کەس بێ بنەمای زانستی پاساو چەواشەکاری دەربارەی جۆرەکانی تر خۆراک بڵاوبکەیتەوە و هاوڵاتیان بخەیتە دڵه‌ڕاوکێ و قەلەقی یەوە.

٢ ---هەموو ناوەندە تەندروستی و زانسیتەکان کۆکن لە سەر گرنگی خواردنی میوە ڕۆژانە دوو جار یا زیاتر ، بۆیە نابێت بوترێت کە شەکری میوە زەهرە ، دروست ئەوەیە بڵێت کە بوترێت کە لە سیستمی کیتۆ و لۆکارب نابێت میوە بخورێت تەنها چەند جۆرێکی دیاریکراو نەبێت ، فرکتۆز کە شەکری میوەیە لە چەند جۆرێک خۆراکا هەیە کە کێتۆ ڕێگا پێدراوە .

٣ --- نان زەهر نیە ، بڵێ لە کێتۆ و لۆکاربا ڕێگا پێدراو نیە ، پێویستە بوترێت کە پێویستە ئاردی بۆر بکرێت بە نان و سەموون ، ئاردی سپی باشترە نەخورێت , لە بری سۆدە خومرە و ڕەشکە و شمڵی و تۆوی کەتانی تێ بکرێت .

٤ --- بۆ برنج ، پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە برنجی بۆر یا قاوەیی باشترە ، دروست وایە هەموو ڕۆژێک نەخورێت ، بە پڵاو لێ بنرێت باشترە ، بڕێکی کەم ڕۆن یان زەیتی تێ بکرێت ، برنج و شلەی ساددە بخۆ ، شلەی باینجان و کولەکە و بامیە و فاسۆلیای سەوزە بە سوودترە .

٥ --- پێویستە بەردەوام جەغت لە زیانەکانی شەکری سپی و شیرینی و خواردنەوە گازی و کحولیەکان و وزە بەخشەکان و خۆیی چێشت بکرێتەوە .

٦ --- دەستکاری کردنی جینی ڕووەک جیاوازە لە باشتر کردنی جۆرەکەی ،‌ ئەوەی یەکەم لە هەموو جیهان قەدەغەیە ( جگە لە‌ئەرجەنتین نەبێت کە دوو ساڵە گەنمی جین دەستکاری کراو دەچێنێت و‌ بەڕازیل تاکە وڵاتە کە دەیکڕێت ) ْ.

٧ ---- سیستمی کیتۆ و لۆکارب چەند کۆسپی گەورەی هەیە له بەردەوام بوون لە سەریان ، بە تایبەت گرانی تێچووەکەی و بەردەست نەبوونی لە هەموو شوێنێک ؛ هەموو ماڵێک ناتوانێت بەردەوام گۆشت و ماسی و ئەڤۆگادۆ و بلوبێری بکڕێت .

٨ -- گشتاندن کارێکی هەڵەیە ، نابێت کرێکارێک و جوتیارێکی و کارمەندێک کە ئیشەکەکەی قورسە و دانانێشێت وەک فەرمانبەرێک کە ئیشەکەی لە ئۆفیسە و چەند کاتژمێرێک دەوام دەکات وەک یەک سیستمی خۆراکیان بۆ دابنرێت ، بۆ،نموونە ستاف و شاگردی چێشتخانەکان زۆربەیان کێشیان ئاساییە یا کەمە ، ئەوەی پارە وەردەگرێت زۆربەیان قەڵەون .

٩ --- پێویستە بەردەوام جەغت لەسەر گرنگی وەرزش و زیادکردنی جوڵە و زوو نوستن و زوو هەستان و خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو و خواردنی قاپێک زەڵاتە پێش ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە بکرێتەوە ، له بری شیرنی میوەی فرێشی کەم کالۆری بخورێت .

١٠ --- خواردنی شیر و بەرهەمەکانی گرنگن تەنها بۆ کەسانێک نابن کە کێشەی هەرس کردنی لاکتۆزیان هەیە یا پەیڕەوی جۆرە پلانێکی خۆراکی دیاریکراو ئەکەن ، بەڵام خواردنەوەی پەرداخێک شیر بە تەنها ڕۆژانە نات پارێزیت لە کێشە و نەخۆشی جومگە‌ و ئیسقان .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP