دواین هەواڵ

کلتور‌

 25/01/2024

مانگی یاخی.. مزگێنی سەرکەوتن بۆ شۆڕشگێڕانی ئابڵوقەی گەردونی

هەرێم نیوز 

خۆشناو محەمەد

فیلمی مانگی یاخی ( Rebel Moon – Part One: A Child of Fire ) کەلە ئێستادا لەسەر شاشەی نێت فلێکس بەردەستە باس لەکۆمەڵگایەک دەکات لەسەرەتای خەونەکانیاندا  کە نزیکە لەدادپەروەری و ئاشتی ناوەکی ، هەروەها پێداویستی خۆیان بەدەستهێنابوو ، داهات و بەرهەمی ناوخۆیان لەگەشەدا بوو لەڕێگەی چالاکی هەرەوەزی و هاوکاری و تەبایی نێوانیانەوە .

سەرەڕای ئابڵوقەی هەسارەی دایک ، کۆمەڵگای خەونەکان لەتوانایدا هەبوو هاوکاری شۆڕشگێڕانی هەسارەکانی دیکەش بکات ، هەموو ئەو هێزانەی بەرگریان دەکرد لەپێناو ئازاد بوم لەدەست داگیرکاری هەسارەی دایک ، هەسارەی دایک لەپێناو پەیداکردنی خۆراک و پێویستی سەربازەکانی دانیشتوانی هەسارەکانی دیکە دەچەوسێنێتەوە لەڕێگەی هێز و داگیرکاریەوە ، لەساتە وەختی داگیرکردنی هەسارەکاندا ڕوبەڕوی بەرگریەکی بەهێز و چڕ دەبنەوە بەتایبەت لەڕێگەی ژنێکی ئاڵۆزەوە . 

وادیارە چیرۆکی ( زاک سنایدەر )ی دەرهێنەر لەناو پێکهاتەی فیلمەکەیدا زیاتر پەیوەستە بە کەسایەتی جوتیارەکانەوە ، ئەو جوتیارانەی لەپیشەی خۆیانەوە دەگۆڕێن بۆ هێزی بەرگری ئازا و چاو نەترس لەپێناو بەرگری کردن لەزەویەکەیان ، هەروەها ( مانگی یاخی ) مژدەیەکی سینەماییە بۆ هێزەکانی بەرگری ، لەهەمان کاتدا حاڵەتێکی کۆمەڵگاکان پشان دەدات لەجیهاندا ، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی جیهانێکی نوێ دروست دەکرێت لەسەر دەستی بەرگریکاران .

دەرهێنەر و سیناریۆنوس ( زاک سنایدەر ) هەوڵ دەدات چوارچێوەیەکی ڕون و فراوان بۆ بیرۆکەکەی دیاریبکات کە پێکهاتەی ئەم فیلمە سەرەتایەک دەبێت بۆ زنجیرە فیلمێک ، ڕوداوەکانی ئەم زنجیرە فیلمە لەناو پانتایی گەردون و ناکۆتاییدا ڕوو دەدات .

سنایدەر لەڕێگەی ئەم فیلمەوە نەک تەنها ژیانی هەسارەکەمان بەڵکو دوور تر دەڕوات و ئاماژە دەکات بۆ درامای زەوی ، ئەو هەسارەی هەرچەندە بچوکە بەڵام دابەشکراوە و ڕۆژانە زیاتر دابەش دەکرێت بەپێی قەبارە و پێکهاتەی وڵاتان لەڕێگەی دوو هێڵی درامی یەوە کە پێکهاتووە لە پێکدادانی هەمیشەیی لەپێناو دەستگرتن بەسەر داهات و خێردا ، هەروەها سەپاندنی هێز و دەسەڵات و گەورەیی .

ئەم بیرۆکەیە لەسەدان فیلمدا بینراوە ، ئیدی لەچوارچێوەیەکی سادەدا بێت یان چڕ و قوڵ ، لەنێوان خەڵکانی بەهێز و لاواز ، لەنێوان دەوڵەمەند و هەژار ، یان کێبڕکێی نێوان پێکهاتەکان ، هەروەها لەنێوان هەسارەکان و مەجەڕەکاندا ، دەکرێت نزیکترین نمونە جەنگی ئەستێرەکان بێت ( Star Wars ) سەدان فیلمی دیکەش ، سنایدەر هەوڵ دەدات پێکهاتەی فیلمەکەی لەناو ژانەری خەیاڵی زانستیدا جێبکاتەوە ، لەزۆرێک لەگرتەکاندا هەمان دیمەنی خەیاڵی زانستی فیلمەکان دەبینرا کەلەو قاڵبەدا پێشکەشکراون .

چیرۆکی ( مانگی یاخی - منداڵێک لەئاگر ) سەبارەت بە کۆمەڵگایەکی ئارام لەسنورەکانی گەردوندا مەترسی کۆمەڵێک سەربازی سەرکردەیەکی زاڵم لەسەر دانیشتوانی ئەو بەشەی گەردون ، ئیدی کچێکی گەنج بەناوی کۆرا ( سۆفیا بۆتلا ) ڕۆڵەکەی بەرجەستە کردووە ، ئەو کچە ئاڵۆز و بێگانەی هیچ کام لەدانیشتوانی ئەو شوێنەی گەردوون شارەزایی ڕابردووی ئەو نین ، ئەو لەناو گوندنشینەکاندا دەژی ، باشترین هیوا بۆ ئەوان مانەوەیە لەژیاندا ، کۆرا ڕادسپێرێت بەدۆزینەوەی جەنگاوەرە کۆنەکانی بەرگری و کۆکردنەوەیان و یەکخستنیان لەپێناو بەرگری کردن دژی هێزی داگیرکار ، کۆرا کۆمەڵێک جەنگاوەر و جوتیار و دەربازبوانی جەنگ کۆدەکاتەوە کەهەموویان یەک خاڵی هاوبەش کۆی کردونەتەوە کەپێکهاتووە لەتۆڵەکردنەوە .

سوتوی جیهانێکی مردوو 
ئەو گەردونەی سنایدەر پشانی دەدات حاڵەتێکی تاریک و ترسناکی جیهانێکی شێواو بە بونی هەندێک شوێنپەنجەی تەکنەلۆجی ، بەتایبەت لە بواری چەکدا ، ئەوەش حاڵەتێکە لەپێکهاتەی ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، ئەمە لەکاتێکدا کۆمەڵێک پارچەی بچوکی پێکهاتەی گەردون هەوڵ دەدەن یەکسانی و دادپەروەری بچەسپێنن لەنێو دانیشتواندا ، بەڵام دواجار ئەوانیش لەپێکهاتەی ئەو گەردونەدان ستەمکارێکی گەورەتر دەسەڵاتی بەسەریاندا هەیە ، لەناو فیلمەکەدا بە ( هەسارەی دایک ) ناوهێنراوە .

گرێچنەی پێکهاتەی منداڵێک لەئاگر دوبارەکردنەوەی چیرۆکی کەسایەتیەکە گەشت دەکات لەپێناو کۆکردنەوەی بەرگریکارو جەنگاوەراندا ، لەڕێگادا ڕوبەڕوی جەنگی لاوەکی بەرپا دەکات تا دواجار چارەنوس دەیبات بەرەو جەنگی گەورە .

بەرهەم هێنەرانی فیلم توانیویانە شێوەی گوندێکی ئارام و پڕ لەئاشتی وێنا بکەن ، ئەو گوندەی بەدەست و کەرەستەی سەرەتایی کشتوکاڵ دەکەن لەبری کەرەستەی ئاسن و ئامێری زیرەک ، کەسێکی خۆشەویست سەرکردایەتیان دەکات لەلایەن خەڵکەکەوە هەڵبژێردراوە ، هەروەها دانیشتوانی ئەو گوندە باشە هەست و سۆزی دیمەنەکان بەرجەستە دەکەن .

لەبەرامبەرادا هێزەکانی هەسارەی دایک سنوری ئەو گوندە دەبەزێنن و ڕیش سپیەکەیان دەکوژن ، دواتر یەکێک لەسەربازەکانی دوژمن هەوڵ دەدات دەستدرێژی بکاتە سەر کچێکی دانیشتوی ئەو گوندە ، لێرەوە بینەر ڕق و بێزاری لا دروست دەبێت سەبارەت بەهێزەکانی هەسارەی دایک ، ئەو هێزەی پڕچەک کراوە بەباشترین و پێشکەوتووترین چەکی ئۆتۆماتیکی .

ئەم دیمەنانە تەنها سەرەتایەک دەبێت بۆ چیرۆکی کۆرای پاڵەوان ، کچە ڕۆژئاواییەکی ئاڵۆز ، ڕۆڵی ئەم کچە لەلایەن ئەکتەری بەتوانای فەرەنسی بە ڕەچەڵەک جەزائیری ( سۆفیا بۆتلا ) بەرجەستەکراوە ، سەرکەوتوو بووە لەگەیاندنی دیمەنی ئاڵۆزی و توانای شاردراوە سەبارەت بە ڕەچەڵەک و چیرۆکەکەی ، بەڵام دیالۆگەکانی لەناو فیلمەکەدا بەداخەوە هەژار بوو ، ئەو نەیتوانیبوو دیالۆگی زیندوو ئەنجام بدات ، ڕستەکان لەناو دەمیدا بوو تەنها هەوڵی دەدا لەدەمیەوە دەربچێت و دەرباز ببێت لەو دیالۆگانە ، نەک ئەوەی بیەوێت هەست و سۆز و کاردانەوەکانی بکات بەپێکهاتەی دیالۆگەکان .

 لەپەنای سۆفیای بەڕەچەڵەک جەزائیریدا لەڕاستیدا یەکێک لەپاڵەوانەکانی فیلم لەبەرەکانی شۆڕشگێڕان بەناوی ( تاریق ) جەنگاوەرێکی عەرەبی بوو ، بریار دەدات لەڕیزەکانی بەرگریدا شەڕبکات دژی داگیرکەران ڕۆڵی ئەوکارەکتەر ئەکتەری بەڕیتانی ( ستاز نیر ) بەرجەستەی کردووە. 

دەرهێنەر لەڕێگەی گرتەکانەوە بە فلاش باک دەمانباتەوە بۆ سەرەتای چیرۆکی ( کۆرا ) ئەو کچەی جەنەڕاڵێک دەیدۆزێتەوە و گەورەی دەکات و هونەرەکانی جەنگی فێر دەکات ، دواتر دەبێتە پاسەوانی تایبەتی شازادە ، بەڵام دواتر جەنەڕاڵ هەڵدەگەڕێتەوە لەو دەسەڵاتەی سەرەوەی خۆی و لەڕێگەی کودەتاوە بەئاگر و ئاسن حوکمڕانی دەکات ، کۆرا هەڵدەگەڕێتەوە لەو جەنەڕاڵە و ڕادەکات بۆ نێو کۆمەڵگایەکی هێمن و بەرگریکار .

جوڵەی وەرگیراو 
زاک سنایدەری دەرهێنەر لەناو پێکهاتەی فیلمەکەیدا دان دەنێت بەپێکهاتەی دەسەڵاتی دارستان لەجیهان و لەگەردوندا ، هەمیشە بەهێزترین باڵادەستە ، پێکهاتەی فیلم تێکەڵەیەکی ڕەچەڵەکی ناسراوە لای هەموومان لەسەر هەسارەی زەوی ، بەڵام کۆمەڵێک بونەوەری دیکەش وێنا دەکات کە دەستکردی خۆیەتی ، لەشێوەی جوڵەیدا لەمرۆڤ دەکات ، بەڵام هەڵگری هەمان ڕەفتاری مرۆڤ و ئاژەڵە لەشێوەدا .

بەرهەم هێنەرانی فیلم هەڵس و کەوت و شێوەی ئەو بونەوەرانەیان دیارینەکردووە ، دەکرێت بڵێین نمونەی داهێنان و وردەکاری لەدروستکردنی بونەوەرەکاندا کامڵ بێت ( جەیمس کامیرۆن ) ە ، لەبەشی یەکەمی ( ئەڤەتار ) دا ، ئەو کردار و پێکهاتەی کەش و هەواو شێوەی جیاواز و دەگمەنی زانستی و بایۆلۆجی ڕوەکی پێشکەشکردوین ، بەشێوەیەکی ناوازە جۆرەکانی ئاژەڵ و خشۆک و باڵندەکان لەناو فەزایەکی گونجاودا ، هەروەها پێکهاتەی دار و درەختەکانی ناو فیلم ، حاڵەتی ئەڤەتار ١ هەڵگری مانا بوو بەپێچەوانەی بونەوەرەکانی فیلمەکەی سنایدەر کۆمەڵێک دڕندەی ناشیرینی بێمانا .

هەروەها دیمەنەکانی جوڵەی ناو پێکهاتەی فیلم ، بەتایبەت جەنگە گەورەکان کەبونە هۆکاری یەکلاکردنەوەی جەنگ ، هاوشێوەی جەنگی ئەستێرەکان بوو ، وەرگیراو بوو ، هاوکات لەیادمان نەچێت دیمەنی پێکدادانی کۆرا و سەربازەکان لەپێناو دەربازکردنی ئەو کچەی دەیان ویست دەستدرێژی بکەنە سەر ، ئەو جوڵانەی ناو ئەو دیمەنە ناوازە بوون .

زاک سنایدەر بەوەشەوە نەوەستا کۆپیەکی نوێی جەنگی ئەستێرەکانمان پشان بدات بەڵکو بەتێکڕای پێکهاتەی فیلم هەوڵ دەدات شوێنێکی جیاوازمان پشانبدات تا کۆتایی ، ئەو پشت دەبەستێت بە زیادەڕەوی لەهەموو شتێکدا ، دروستکەرانی چەک تەنها کەمێک پێشڕەویان کردبوو ، بۆ نمونە دەمانچە کەمێک گەورەتر کرابوو ، ئەو دەفرەفڕیوەی ئاسمان بەبەراورد بە فیلمەکانی ڕابردوو و بانگەشە و خورافیاتەکانی ڕاگەیاندنەکان تەنها کەمێک چاکسازی تێداکرابوو وەک بڵێیت دەفرێکە لەنێوان باڵندە و دەفری فڕیوو ، سەبارەت بە گۆڕەپانی جەنگە گەورەکان ، زۆر فراوان بوون بەهۆی درێژی و فراوانی خەیاڵی و سەرمەدی نێوان هەسارەکانی گەردونێکی نادیار ، باکگراوند وەک وێنەیەکی جوڵاو بوو بەبێ وردەکاری .

فیلمی مانگی یاخی - کچێک لەئاگر / سەرەتایەکی شکستخواردووە بۆ زنجیرەیەک فیلمی خەیاڵی زانستی ، زوو دەمرێت گەر بەرهەم هێنەرانی پێیان وانەبێت ڕەسەنایەتی پێکهاتەی گرنگی سەرکەوتنی کاری هونەریە



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP