هەرێم نیوز
ساڵانێکی زۆرە روسیا بانگەشەى ئەوە دەکات لە دژى تیرۆریزمی نێودەوڵەتى خەبات دەکات و نایەوێت پەرەبسەنن، بەڵام کاتێک دێتە سەر پراکتیزەکردنى ئەم تیۆریایە پێچەوانەکەى ڕاستتر دەردەچێت، لە جەنگی چیچان و سوریا، لە ڕوبەڕوبونەوەى ئەلیسکا ناوانلی ، لە دروستکردنى پەیوەندیی لەگەڵ بزوتنەوەى تاڵیبان دا ئەوە لەکاتێکدا میدیا فەرمییەکانى ڕوسیا بە تیرۆریست ناوى دەهێنان کەچى بەئاشکرا پێچەوانەى ئاڕاستەى ئەوروپا و ئەمریکا جوڵایەوە، کۆتا جاریش ئێستایە کە سەرەڕای جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکانیان، باس لەوە دەکرێت پەیوەندییەکانى نێوان حەماس و ڕوسیا لەوپەری باشیدایە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ دوفاقی روسیا لە ڕوبەڕوبوونەوەى تیرۆدا لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
هەرچەندە هێشتا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى پێناسەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ "دەستەواژەى تیرۆر" نەکراوە بەجۆرێک زۆرینەى یاساناس و پارێزەرانى مافی مرۆڤ لەسەری کۆک بن، بەڵام دونیا بینى و تێڕوانینە رۆژئاواییەکان (ئەوروپا و ئەمریکا) تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەریی لەسەر ڕای گشتى هەیە و ئەوەى ئەوان بە تیرۆر ناوی بهێنن، زۆرینەى وڵاتانى دونیا (جگە لە دژە رۆژئاواییەکان) بەدوایدا دەچن و بێ لێکدانەوە، پێناسە رۆژئاواییەکەى بەسەردا دەبڕن، روسیا یەکێکە لەو وڵاتە کاریگەرانەى کە جاروبار نایەوێت بچێتە ژێر ئەو بارەو خۆی لە بۆچوونە رۆژئاواییەکان دەدزێتەوەو خاوەنى دەنگ و ڕەنگی خۆیەتى.
پەیوەندییەکانى ئەم دواییانەى روسیا و بزوتنەوەى حەماس( کە بە بڕیاری رۆژئاواییەکان بزوتنەوەیەکی تیرۆرستییە) تاڕادەیەکی زۆر ئاشکرایە، سەرەڕای ئەوەى لەهێرشەکەى 7 ى ئۆکتۆبەرى حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیلی لەنێو کوژراوەکاندا 20 کەسیان بەڕەگەز روسی بوون، کەچى نەبووە ڕێگر لە پەیوەندییەکانى نێوانیان و تا ئێستاش روسیا هێرشە دەستپێشخەرییەکەى حەماسی پرۆتیستۆ و ئیدانە نەکردووە.
وەک سەرچاوەکان باسیدەکەن بەدرێژایی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا، سەرەڕای ئەوەى لە کۆتایی حەفتاکاندا دژى ئیبسلامیەکانى ئەفغانستان دەجەنگا و ئەو وڵاتەى داگیرکردبوو، کەچى بەردەوام پشتیوانى چەکدارە نیمچە فەرمییەکانى فەلەستیانیان کردووە لە دژى فراونخوازییەکانى ئیسرائیل، لە ئێستاشدا سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە لە یەکێک لە نوسینگەکانى حەواڵەى دراوى روسییەوە ملیۆنەها دۆلار رەوانەى حەماس کراوە.
هەندێک لەسەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن پشێوی و ئاڵۆزییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەبەرژەوەندی مۆسکۆ بوە لەبەر ئەوەى چاوى میدیاکانى لەسەر جەنگەکەى لەگەڵ ئۆرکرانیا دوورخستوەتەوە، بەڵام ئەگەر جەنگەکە پەرەبسەنێت لە کۆتاییدا روسیاش زیانمەند دەبێت.
سەرانی کرملین لەو بڕوایەدان سیاسەتەکانى ئەمریکا رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى شێواندووە، هەر بۆیە دژایەتى حەماسیش دەکات بەچڕیی، چونکە باوەڕیان وایە هاوپەیمانی روسیایە و لەدژى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکایە.
بەپێى بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەکان، لەبابەتى جەنگی ئێستاى نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە میدیاکانى روسیادا سێ بابەتى سەرەکی حزوریان هەیە و بونەتە تەوەری لێدوانە رۆژنامەوانییەکان، ئەوانیش بریتین لە : هێرشەکانى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەرئەنجامی هەڵە ستراتیژییەکانى ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، هەڵگیرساندنى جەنگ لە ئێستادا ئاساییە و تاوانی جەنگیش لەکاتانەدا ئەنجام دەدرێن، ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست فشارەکانى رۆژئاوا و ئەوروپیەکانى سەر روسیاى کەمکردووەتەوە لەبوارى جەنگی ئۆکرانیادا.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کرملین هۆشداری داوەتە نوێنەرانى پەرلەمانى وڵاتەکەى کە بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کیشەى فەلەستین دا بکەن و لە چوارچێوەی ئەو قسەیەى ڤلادیمیر پۆتین دا کاربکەن کە گوتویەتى: ئەمریکا هۆکارى ناسەقامگیریەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە.
لە لایەکی تریشەوە شرۆڤەکارانى روسیا باوەڕیان وایە کە ئیسرائیل منداڵە نازدارەکەى ئەمریکایە و هەر لایەنێکش بچێتە بەرامبەر سیایەتەکانى ئیسرائیل دەیخەنە لیستى تیرۆرەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا روسیا خۆی لەو ڕاستییە نەبواردووە کە لە جەنگی ئەم دواییانەى ئیسرائیل و حەماس دا لە چەند لایەکەوە قازانجی کردووە، لەوانەش؛ بەرزبونەوەى نرخی نەوەت و کەمبونەوەى هاوکارییەکانى رۆژئاوا بۆ ئۆکۆرانیەکان، باڵیۆزی ئیسرائیلیش لە روسیا ڕایگەیاندوو کە " حەماس بوکەڵەى دەستى ئێرانیەکانەو لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت ڕێگریی لە ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان بکەن".