بۆچی گرنگە دەنگ بە پارتی بدەین؟
فرسەت سەید شکور
مێژوویەکی درێژخایەنە، پارتی بەردەوامە لە پاراستنی مافە نەتەوەیی و
دیموکراتییەکانی گەلی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی مەزن لە بەرخۆدان
و بەرپرسیارێتی نەتەوەییدا درێغی نەکردووە. ئێستا، لە بەردەم هەڵبژاردنێکی گرنگدا،
پێویستە گەلی کوردستان بزانێ کە لیستی ژمارە ٢٧٥ نەک تەنها ژمارەیەکی هەڵبژاردنییە،
بەڵکو نیشانەی متمانە و دڵنیاییە بۆ ئایندەیەکی ڕوون و سەقامگیر لە داهاتووی عێراق
و هەرێمی کوردستاندا.
لیستی ژمارە ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان جێگەی متمانەی هاوڵاتیانە
کە باوەڕیان بە پرۆژەیەکی نەتەوەیی ڕاستەقینە و کاری بەرنامەڕێژکراو هەیە. ئەم
ژمارەیە نوێنەرایەتی ئەزموونێکی درێژخایەن لە خزمەتی گەلی کوردستان دەکات، هەر لە
بەرگری لە مافەکانی کورد لە بەغدا هەتا ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەرێمی
کوردستان.
دەنگدان بە لیستی ٢٧٥ واتە دەنگدان بۆ ئایندەیەکی باشتر، بۆ پارتییەک
کە پابەندە بە بەڵێنەکانی و بەرپرسیارە لەبەردەم گەلەکەی.
پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان
بە درێژایی مێژووی خۆی، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگریکاری ڕاستەقینەی
قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە. لە ساتە هەرە سەختەکاندا، کاتێک هەڕەشە لەسەر قەوارەی
هەرێمی کوردستان هەبووە، توانی ئەم قەوارە و سنوورانە بپارێزێ کە بە خوێنی شەهیدان
بەدەستهاتوون.
ئەم پارێزگارییەی پارتی تەنها سەربازی نەبووە، بەڵکو سیاسی و دیپلۆماسیش
بووە، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێ کە هەرێمی کوردستان وەک سنورێکی جوگرافی و ئیداری پارێزراو
دەمێنێتەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئاوەدانی، سەقامگیری
و ئارامی کردووەتە بنەمای سەرەکی حوکمڕانی. ئەم بنەمایانە واتای ئەوە نییە کە تەنها
قسە و بەڵێنن، بەڵکو لە ڕاستیدا لە پرۆژە ئاوەدانکارییەکان، لە دروستکردنی ژینگەیەکی
سەقامگیردا بۆ ئەوەی وەبەرهێنان و گەشەپێداندا خۆیان بینیوەتەوە، ئارامی و سەقامگیری
هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە قەیران و ئاڵۆزیدا، بەرهەمی ئەم سیاسەتە ڕوونەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی بە شەراکەت، تەوافوق و تەوازوون هەیە
وەک بنەماکانی کاری سیاسی و حوکمڕانی. لە درێژایی مێژووی سیاسی خۆیدا، پارتی
ئامانجی ئەوە بووە هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق بپارێزێ، بە باوەڕێک
کە تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆ و تێگەیشتنی هاوبەشەوە دەتوانرێ ئاستێکی باشتری خزمەتگوزاری
و بەڕێوەبردن بەدەست بهێنرێ.
بەرنامەی ئایندەی پارتیش لەسەر هەمان بنەماکان بنیاتنراوە: کارکردن لەگەڵ
هەموو لایەکان بە ڕێز و تێگەیشتن، بۆ بەرژەوەندی گشتی گەل و وڵات.
سەرکردایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی نموونەیەکی ڕوونە لە پابەندبوون بە
مافەکانی گەلی کوردستان. لە بەغدا و لە هەموو مەیدانێکی سیاسیدا، سەرۆک بارزانی هەرگیز
سازشی لەسەر مافی گەلی کوردستان نەکردووە. ئەم پابەندبوونە سەرچاوەی گرتووە لە باوەڕێکی
قووڵ بە ئەوەی کە مافەکانی گەلی کوردستان قابیلی دەستکەوت نین و پێویستە بە هێز و
دانیشتن و شارەزایی لێیان بپارێزرێ. ئەم هێڵە سوورە بووەتە نیشانەی سەرکردایەتییەکی
ڕاستگۆ و بەرپرسیار.
پارتی دیموکراتی کوردستان، دەیەوێ پەیوەندییەکی هاوبەش و هاوسەنگ لەگەڵ
بەغدا و حکومەتی فیدراڵی عێراقدا هەبێ، بەڵام نەک لەسەر ئاستی تەسلیمبوون یان دەستبەرداربوون
لە مافەکان. ئەم پەیوەندییە دەبێ لەسەر بنەمای ڕێز و یاساگەلێک و پارێزگاری لە دەستووری
عێراق بێ، بەجۆرێک کە مافەکانی هەموو لایەک بپارێزرێ. واتەکەی ئەوەیە کە کوردستان
وەک هاوبەشێکی سیاسی و ئابووری بەهێز و سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ بکرێت.