دواین هەواڵ

دەروازەیەک بۆ تێگەيشتن لە هاوکێشە سياسييەکانی ناوچەکە

‌رەنج نەوزاد

پێش 3 هەفتە

پێش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ سێ بەرەی سەرەکی هەبوون لە ناوچەکەدا: یەکەم، بەرەی ئێران یاخود بەرەی شيعە و هيلالی شيعی (ئێران، حيزبوڵا، سوريای ئەسەد، عيراقی حەشد و حووسی و بەشێک لە ئيخوان...). لە دوای ٢٠١١ەوە بەهۆی لێکەوتەی بەهاری عەرەبی و هاتنی داعش، بە تايبەت لە ٢٠١٥ەوە تا حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بەهێزترين و کاريگەرترين بە هەژموونترين بەرە بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم بەرەیە تيرۆری شيعی لە خۆدەگرت بە سەرکردایەتی ئێران. قاسم سلێمانی و پاشان حەسەن نەسروڵا لە ڕووی سەربازی و مەيدانييەوە سەرکردایەتييان دەکرد کە پێی دەوترێت بەرەی مقاوەمە.

دووەم، بەرەی تورکيا-قەتەر ئەم بەرەیە لە سەرەتای ٢٠١١ تا ٢٠١٣ و کودەتاکەی سيسی، بەهێزترين و بەهەژموونترين بەرە بوون. تيرۆری سووننی بەشێکە لەم بەرەیە (ئيخوان و قاعيدە و داعش و حەماس و جەبهەی نووسرە...). ئەمانە پشتگيری -بەهاری عەرەبی-یان دەکرد.

سێيەم، بەرەی دەوڵەتانی سووننە، سعوودييە و ئيماڕات و ميسر (سيسی) ئوردن. ئەم بەرەیە لە ٢٠١١ تا ٢٠١٣ لەبەردەم قەيران و هەڕەشەی گەورە بوو، بەڵام لە کودەتاکەی -سيسی-ەوە تا لەباربردنی بەهاری عەرەبی و شکستپێهێنانی بەرەی تورکيا-قەتەر، بوونە بەرەی سەرەکی بەرانبەر بە بەرەی ئێران.

ئيسرائيل، هەرچەند لە ڕووی هەواڵگری و سەربازی و زانستی و پێگەی سياسی و نێودەوڵەتی بەهێزترينە، بەڵام لەبەر چەندين هۆکار و تايبەتمەندی دينی و سياسی و مێژووییەوە بەرەیەکی دياريکراوی نەبوو. دەوڵەتانی تری وەک سعوودييە و تورکيا و قەتەر و ئێران... بە هۆی ڕەهەندی نەتەوەیی و دينی و مەزهەبييەوە دەتوانن چەندين گروپی چەکدار و سياسی لە وڵاتانی تر درووست بکەن و هەژموونيان هەبێت، ئەمە بۆ ئيسرائيل نەڕەخساوە. هەر بۆیە ئيسرائيل بە براورد بە دەوڵەتە سەرەکييەکانی ناوچەکە، کەمترين تێوەگلانی هەیە بە تيرۆر و هاوکاريکردنی گروپە تيروريستييەکان و تێکدانی سەقامگيری، تەنيا تێوەگلاوە بە هاوکاريکردنی حەماس ئەويش بە ئامانجی پەرتەوازەکردنی فەڵەستينييەکان. بە گشتی ململانێی ئەو سێ بەرەیە سوودی بۆ ئيسرائيل هەبوو، چونکە دەوڵەتانی دەوروبەری ئيسرائيلی لاواز و ماندوو کرد. شەڕەکە زیاتر لە نێوان سووننەکان خۆیان بوو، یان سوننە و شيعە، بۆیە ئيسرائيل زیاتر لە دوورەوە تەماشای دەکرد.

ئەو سێ بەرەیەیی سەرەوە لە چەندين وڵات و ناوچە بەر یەککەوتوون و بکەری سەرەکی شەڕی ناوخۆ و تێکدانی سەقامگيری بوونە. بۆ نموونە بەرەی سعوودييە و ئيماڕات بەرانبەر بە بەرەی ئێران لە یەمەن بەریەککەوتوون. بەرەی ئيماڕات و سعوودييە لە ليبيا لەگەڵ بەرەی تورکيا-قەتەر بەریککەوتن. بەرەی تورکيا لەگەڵ ئێران لە سووريا لە ململانێ بوون. لە تونس و ميسر بە هەمان شێوە دەستتێوەردان و ڕۆڵی گەورەیان بينيووە (بەرەی تورکيا-قەتەر بەرانبەر بەرەی ئيماڕات-سعوودييە-ميسر)

ئەو سێ بەرەیە ململانێ و پەيوەندييان هەموو کات بە یەک ئەندازە و شێوە نييە، گۆڕانکاری بەسەردا دێت لە هەندێک وردەکاری و دۆخدا. بۆ نموونە سەبارەت بە بەشێک لە ئيخوان، بەرەی ئێران و بەرەی تورکيا-قەتەر هەندێک کات کۆکن. بۆ نموونە بۆ هەندێک پرس ئێران و قەتەر کۆکن، بە تايبەت بۆ دژایەتی بەرەی دەوڵەتانی سووننی (ئيماڕات و سعوودييە) یان سەبارەت بە حەماس و ئيخوانييەکان. بەڵام بە گشتی و لەسەر پرسە ستراتيژييەکان بەرەکان سنوور و هێڵی دياريکراوی خۆیان هەیە.

لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەم هاوکێشەیە گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات. تا پێش ئەو ڕووداوە، هيچ کام لەو سێ بەرەیە هەڕەشەی جدييان لە ئيسرائيل ناکرد و دەستيان بۆی نابرد، چونکە دەيانزانی ئيسرائيل جياوازە لە دەوڵەتەکانی تر و کاردانەوەکانی کاريگەر و ترسناکن. لە حەوتی ئۆکتۆبەر بەرەی ئێران هەڵەیەکی ستراتيژی گەورەی کرد و دەستيان بۆ ئيسرائيل برد، ئەمە هۆکاری زۆرە لێرە دەرەفەت نييە ئاماژەی پێبکرێت. ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە ئيسرائيل جەنگ ڕابگەيەنێت، لەوە ناچێت ئێران پێشبينی ئەو کاردانەوە گەورە و جدييەیی کردبێت. چونکە کاتێک ئيسرائيل جەنگ ڕادەگەيەنێت، بە دڵنياییەوە دەرئەنجامی گەورەی دەبێت و بەرەی ئێران ناتوانن بە سەلامەتی یان بە سەرکەوتوویی لێی دەربچن. هەر ئەوەش ڕوويدا.

لە دەرئەنجامی ئەو جەنگە، لەو سێ بەرەیە، بەرەی ئێران بووە لاوازترين و گەورەترين زیانی بەرکەوت. ئەسەد لابرا و ئێران لە سووريا دەرکرا کە گرنگترين ناوچەی هيلالی شيعی بوو. هاوکات تەنيا دەوڵەت بوو لە بەرەی ئێران، ئەوانی تر هەمووی گروپی چەکدارين نەک دەوڵەت (حووسی و حيزبوڵا، حەشد، حەماس...). حيزبوڵا کە بەهێزترين گروپی ناو بەرەی ئێران بوو وێران کرا. کەسی یەکەمی سەربازی و مەيدانی بەرەی ئێران کووژرا (نەسروڵا). سەنگەری یەکەمی ئێران لە نزيک ئيسرائيل، کە غەززە بوو، کاولکرا. هەنييە لەناو تاران لە ماڵی خامنەیی کووژرا، ئەمە ئەتکردنی شەرەف و کەرامەتی خامنەیی و ئێران و بەرەی مقاوەمە بوو. کەسی یەکەم و ڕەمزی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر (سنوار) کووژرا. تەواوی سەرکردە باڵاکانی پاسداران لە سووريا و لوبنان کووژران. زۆربەی سيستەمی بەرگری ئێرانی و شوێنێکی نهێنی پڕۆژە ئەتۆمييەکەی بە هێرشی ئاسمانیی ئيسرائيل لەناوبران و ئێران تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە. جارێ جەنگەکە تەواو نەبووە و ئەگەری لێدانی زیاتر هەیە لە ئێران و ميحوەرەکەی.

ئەم کەوتنەی بەرەی ئێران و شيعە، بووە دەرەفەتێک بۆ هەردوو بەرەی ناو سووننەکان (بەرەی تورکيا-قەتەر و بەرەی ئيماڕات-سعوودييە-ميسر-ئوردن). لە سووريا بەرەی تورکيا-قەتەر ئەو هەلەیان قۆستەوە. لە لوبنان بەرەی سعوودييە-ئيماڕات، وا ديارە حکومەت و سەرۆکی لوبنان بە دڵی ئەو بەرەیە دەبێت. لە فەڵەستين و غەززە ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە دەسەڵاتی فەڵەستينی (بەرەی سعودییە-میسر-ئوردن) دەگەڕێتەوە بۆ غەززە و ئەو ناوچانەی تری کەناری خۆرئاوا کە لە ژێر هەژموونی ئێران و حەماس بوون.
دوێنێ پۆليسی دەسەڵاتی فەڵەستينی چەند ناوچە و ئۆردوگایەکی کۆنتڕۆڵکرد لە کەناری خۆرئاوای فەڵەستين کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئێران بوو (حەماس و جيهاد). بە پێی ئاگربەستەکەی غەززە و بە پێی ئەو هەواڵانەی دزەی پێدەکرێت، دەسەڵاتی حەماس لە غەززە کۆتایی پێ هاتووە و دوای گۆڕێنەوەی بارمتەکان، یان شەڕ دەست پێدەکاتەوە، یاخود ئەو چەکدار و سەرکردانەی حەماس کە لە غەززە ماون، لە دەروازەی رەفەحەوە غەززە بەجێدەهێڵن.

لە ماددەیەکی ئاگربەستەکە هاتووە کە ڕۆژانە ٥٠ چەکداری برينداری حەماس، لەگەڵ سێ هاوەڵ، بە ڕەزامەندی ئيسرائيل و ميسر دەتوانن لە ڕەفەحەوە بچنە دەرەوەی غەززە بۆ مەبەستی چارەسەر. ئەم ماددەیە مانای چييە؟ لە ماوەی ٤٢ رۆژ بريندارێک و سێ هاوەڵ دەگاتە زیاد لە ٨ هەزار ئەندام و چەکداری حەماس. بە ڕەزامەندی ئيسرائيل و ميسر، واتە رەفەح لای سوپای ئيسرائيل دەمێنێتەوە لە کاتی ئاگربەستەکە، هاوکات پێويستی بە ڕەزامەندی ميسرە ئەو چەکدارانە لە غەززەوە بچنە ناو وڵاتەکە. دەروازەی رەفەح شادەماری غەززەیە، لە ماددەکانی ئاگربەستەکە هيچ ئاماژەیەک بە حەماس نەکراوە لەو دەروازەیە، تەنيا ئاماژە بە ئيسرائيل و ميسر کراوە.

لە ماددەیەکی تر هاتووە ئاوارەکانی غەززە بۆیان هەیە بگەڕێنەوە شوینەکانی خۆیان، بەڵام بە بێ چەک، سەيارەکانيش پشکنينيان بۆ دەکرێت. ئەم ماددەیە واتە چەککردنی حەماس و هەر گروپێکی تر لە غەززە (ماددەکانی ئاگربەستەکە لە کۆمێنتە). هەر بۆیە سەرەتا وتم ئەمە بەرزکردنەوەی ئاڵای سپیيە لە لایەن حەماسەوە بە ناوی ئاگربەست. هەمان سيناريۆکەی باشووری لوبنان و حيزبوڵایە. بە پێی هەواڵەکان دەسەڵاتی فەڵەستينی، لە ژێر چاودێری ئەمريکا و ميسر، دەگەرێتەوە بۆ بەڕێبوردنی غەززە. ڕاستڕەوی ئيسرائيل لەمە نيگەرانن. بە گشتی، واتە فەڵەستين بە هەردوو بەشەکەیەوە دەبێتە بەشێک لە بەرەی سعوودييە-ميسر-ئيماڕات-ئوردن. جارێ ڕوون نييە هەڵوێستی ئيسرائيل لەوبارەیەوە چی دەبێت، لای ئيسرائيل هەميشە حەماس باشتر بووە لە دەسەڵاتی فەڵەستينی بۆ بەرێوبردنی غەززە. بە پێی پێدراوەکان لوبنانيش بە هەمان شێوەی فەڵەستين دەبێتەوە بە بەشێک لە بەرەی سعوودييە. تا ئێستا سووريای ئەحمەد شەرع، بەشێکە لە بەرەی تورکيا-قەتەر، بەڵام بەرەی سعوودييە-ئيماڕات هەژموونيان لە رۆژئاوای کوردستان و زۆنی ئەمريکا لە سووريا هەیە وەک هاوسەنگييەک بەرانبەر بە تورکيا.

لە ئێستادا دوو جۆر سيناريۆی سەرەکی هەیە بۆ ئەم هاوکێشە نوێييە. لە دوای کەوتنی بەرەی ئێران، پەيوەندی و کێبرکێ و ململانێکە زیاتر لە نێوان هەردوو بەرەی سووننەکان دەبێت، بە تايبەت لە سووريا. لە فەڵەستين و سووريا و لوبنان، ئێران توانای ململانێی نەماوە. بەرەی تورکيا-قەتەر لە فەڵەستين و لوبنان دەرەفەتيان کەمترە، چونکە ئاگربەستەکەی غەززە، ميسر ڕۆڵی سەرەکی و چاودێر دەبينێت لەناو وڵاتانی عەرەبی و مسوڵمان، نەک تورکيا و قەتەر. ئەمريکا و ئيسرائيل ئەو ڕۆڵەیان داوە بە ميسر. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەردوو بەرەی سووننە لە سووريا زیاتر ململانێ یان ڕێککەوتن بکەن.

سيناريۆی ململانێ تا ئێستا ڕوون نييە، چونکە هەقيقەتێک هەیە هەردوو بەرەی سووننەکە دەيزانن، ئەوەی خاوەنی هاوکێشەکەیە و سەرکەوتووی یەکەمە ئيسرائيلە، نەک تورکيا و سعوودييە و قەتەر و ميسر و ئيماڕات. ئەوە ئيسرائيل بوو ئەو هەلەی بۆ هەموویان ڕەخساند و ئێرانی بۆ دەرکردن و لاوازی کرد. بۆیە لە پەيوەندی نێوان بەرەی تورکيا-قەتەر لەگەڵ بەرەی سعوودييە-ئيماڕات لە سووريا، ئيسرائيل ڕۆڵێکی کاريگەر دەبينێت. ئەو هێڵانەی ئيسرائيل دەيکێشێت دەبێت هەردوو بەرەی سووننەکان بە گرنگييەوە تەماشای بکەن. لە سووريا ئيسرائيل نزيکترە لە بەرەی سعوودييە و ئيماڕات، واتە کۆنتڕۆڵکردنی هەموو سووريا لە لایەن تورکياوە قبوڵناکرێت لەم کاتەدا. ئەگەر تورکيا سوور بێت لەسەر ئەوە، بە ئەگەری زۆرەوە هەردوو بەرەی سووننە دەکەونە ململانێ.

تورکيا-قەتەر وا ديارە وانەیان لە شکستەکانی ڕابوردوویان وەرگرتووە، دەزانن ململانێ لەگەڵ بەرەی سعوودييە-ئيماڕات قوورسە، لە ميسر و تونس و لە بەهاری عەرەبی بە گشتی شکستيان هێنا بەرانبەر بە هەردوو محمەدەکەی کەنداو. هەر بۆیە تورکيا هەوڵدەدات پەيوەندييەکی باش لە نێوان جۆلانی و کەنداو درووست بکات. یەکەم سەردانی حکومەتی سووريای نوێ بۆ سعوودييە و کەنداو بوو. تورکيا-قەتەر باش دەزانن دژایەتی ئيسرائيل یەکسانە بە کووشتنی جۆلانی و ئەندامانی دەستەی تەحريری شام و کاولکردنی ديمەشق، بۆیە ڕۆژانە پەيامی ئاشتی لە سوريای نوێوە ئاڕاستەی ئيسرائيل دەکرێت. جگە لەوەی چاوپۆشی دەکرێت لە هەموو ئۆپراسيۆنە سەربازی و هەواڵگرييەکانی ئيسرائيل لە سووريا. تورکيا دەيەوێت ئەو پەيامە بدات سوريای نوێ کە هاوپەيمانی تورکيایە، نە هەڕەشەیە بۆ ئيسرائيل نە بۆ سعوودييە.

ئەم پێدراوانە وا دەکەن کە گريمانەی سيناريۆیی دووەم، ڕێککەوتن، ئەگەرێکی نزيک تر بێت بۆ ئەم کاتە. بەڵام بۆ ئايندە هيچ مسۆگەرييەک نييە، بە تايبەت جارێ ڕوون نييە بڕيارەکانی تڕەمپ چی دەبن لەو بارەیەوە. مانەوەی ئەمريکا لە رۆژئاوا، لەبەرژەوەندی کورد و بەرەی سعوودييە و ئيماڕاتە. ئيسرائيل تا ئێستا پشتگيری ئەمە دەکات.

لەگەڵ هاتنەوەی تڕەمپ ئەگەری دووبارەبوونەوەی سيناريۆکانی لوبنان و سووريا و فەڵەستين لە عيراق و یەمەنيش هەیە، بەو مانایەیی لە هەژموونی ئێران بدرێت لە یەمەن و عيراق. واتە ئەو دوو وڵاتەش ببنە بەشیک لە دوو بەرە سوونييەکە، یەمەن بە تەواوی دەبێتە بەشێک لە بەرەی سعوودييە-ئيماڕات، عيراق لەوانەیە بە ڕێککەوتن دابەشبکرێت لە نێوان بەرەی تورکيا و بەرەی سعوودييە-ئيماڕات.

لەم هاوکێشە نوێيەدا ئيسرائيل یەکلاکەرەوە و خاوەن بەهێزترين هەژموونە. ئایا دەبێتە بەرەیەک؟ یاخود یەکێک لەو دوو بەرە سوونييە دەچنە پاڵ ئيسرائيل؟ ئيسرائيل پەيوەندی سياسی و ئابووری و هەواڵگری لەگەڵ هەردوو بەرە سوونييەکە هەیە. پەيوەندييە هەواڵگرييەکانی لەگەڵ قەتەر بەهێز و کۆنە، بە هەمان شێوە لە ڕووی ئابووری و هەواڵگرييەوە لەگەڵ تورکيا. بەڵام چەند ساڵێکە بەرژەوەندييەکانی لەگەڵ بەرەی ئيماڕات-سعوودييە زیاتر دەگونجێت و پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئەواندا بەهێزترە.
ئايندەی ناوچەکە بەرەو ئەوە دەچێت کە بە سەرکردایەتی ئيسرائيل هەژموونی دەوڵەتانی سووننە زاڵ دەبێت و هەژموونی ئێران و شيعە لاواز دەبێت. هەژموونی ئيسلامی سياسی، بە هەردوو ڤێرژنی تيرۆری شیعی و سووننی بەرەو لاوازتر دەچێت. چونکە تورکيا چەند ساڵێکە پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئيخوان کەمتر و لە بەرانبەردا لەگەڵ سيسی و سعوودييە و ئيماڕات بەهێزتر کردووە. هەر بۆیە هەوڵدەدات جۆلانی لە سووريا بە شێوەیەکی کراوە و ديموکرات دەربکەوێت، نەک بە فۆڕمی ئيسلامی سياسی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP