دواین هەواڵ

تڕەمپ و نۆکەندی پەنەما

‌رەنج نەوزاد

پێش 2 هەفتە

لە گوتار و لێدوانەکانی تڕەمپ چەند بابەتێک هەیە مایەیی سەرنجن و دەنگۆ و قسەباسی زۆر لەبارەوە دەکرێت. یەکێک لەو بابەتانە ويستی تڕەمپە بۆ گەورەکردنی ڕووبەری ئەمريکا و لکاندنی چەند ناوچە و دەوڵەتێکی ترە بە ئەمريکاوە. لەوانە پرسی گرين لاند و کەنەدا و کەنداوی مەکسيک و نۆکەندی پەنەما. (پێشتر لەبارەی گرين لاند بابەتێکم نووسيووە، لە کۆمێنتە). لێرەدا باس لە نۆکەندی پەنەما دەکەم، چونکە بە براورد بە ناوچەکانی تر کە تڕەمپ ئاماژەیان پێدەکات، دەستتێوەردان لەم ناوچەیە واقعيترە.
کەناڵی پەنەما دەکەوێتە وڵاتی پەنەما، لە باشووری ئەمريکای ناوەڕاست، هاوسنوورە لەگەڵ کۆلۆمبيا لە کيشوەری ئەمريکای باشوور. کەناڵەکە هەردوو ئۆقيانووسی ئەتڵەسی و ئارام دەگەيەنێت بە یەکتر. ڕێگای سەرەکييە بۆ هاتوچۆی کەشتی لە نێوان ڕۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەمريکا. لە دوای کەناڵی سوێس، بە دووەم گرنگترين کەناڵی ئاویی دەستکرد دادەنرێت.

بيرۆکەی درووستکردنی کەناڵی پەنەما دەگەڕێتەوە بۆ ئيسپانييەکان لە سەدەی ١٦، پاشان بەڕيتانييەکان ئەو بيرۆکەیەیان هەبوو. لە سەدەی هەژدە تۆماس جيفرسۆن، سەرۆکی ئەمريکا هەمان بيرۆکەی هەبوو. لە سەدەی ١٩ فەرەنسا هەوڵدەدات ئەو بيرۆکەیە جێبەجێ بکات. لەگەڵ حکومەتی کۆڵۆمبيا، ئەو کات پەنەما بەشێک بوو لە کۆڵۆمبيا، ڕێککەوتنێک لەو بارەیەوە ئيمزا دەکەن و لە ١٨٨١ دەست دەکات بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. فەرەنسييەکان لەو بوارە ئەزموونيان هەبوو، چونکە هەر خۆیان نۆکەندی سوێسيان لە ميسر درووستکردبوو. دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک فەرەنسييەکان سەرکەوتوو نابن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بە هۆی کێشەی ماددی و تەکنەلۆژی و سەختی ناوچەکە، هەر وەها بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کووژرانی هەزاران کرێکار لەو پڕۆژەیە، بۆیە دەستبەرداری دەبن. درووستکردنی ئەو جۆرە پڕۆژانە، بە تايبەت لەو سەردەمە، وەک ڕاگەياندنی جەنگە دژ بە سروشت، تێچوونێکی زۆر گەورەی دەوێت لەسەر ئاستی ماددی و مرۆیی و زانستی.

لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ ئەمريکا گەيشتبووە ئاستێکی بەرز لە ئابووری و بازرگانی، فشار و داواکارييەکی ناوخۆ هەبوو کە ڕێگایەکی کورتتر بدۆزرێتەوە بۆ هاتوچۆی کەشتييەکان لەنێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە. ئەو کات دەبوو کەشتييەکان لە گەرووی ماجەلان، لە باشووری کيشوەری ئەمريکای باشوورەوە هاتووچۆ بکەن، ئەمە کات و تێچوونێکی زۆری دەويست. هاوکات، ئەو سەردەمە ثيۆدۆر رۆزفلت سەرۆکی ئەمريکا بوو، کە لە ژێر کاريگەری تيۆرييەکانی ئەلفريد ماهان، بيرمەندی ئەمريکی لە بواری جيوپۆلەتێک، بوو. بە پێی ماهان کە ڕۆزفلت سەرسامی بوو، هەر دەوڵەتێک هەژموونی بەسەر دەريا و ئۆقيانووسەکاندا هەبێت، هەژموونی بەسەر جيهاندا دەبێت. بۆیە ئەمريکا بڕيار دەدات دەست بە درووستکردنی کەناڵەکە بکات.

سەرەتا لەگەڵ حکومەتی کۆڵۆمبيا لە بارەی ئەو پڕۆژەیە تووشی سەرئێشە و جۆرێک لە ڕێگری دەبێت. لەو سەردەمە خەڵکی پەنەما دەيانوويست سەربەخۆیی بەدەست بهێنن و لە کۆڵۆمبيا جياببنەوە، ئەمريکا ئەمەی قۆستەوە، هەر وەک چۆن سياسييەکانی پەنەماش ئەو پێويستی و بایەخەی ئەمريکا بە وڵاتەکەیان، قۆستەوە. ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سەربەخۆيخوازانی پەنەما کرد بەم شێوەیە: ئەمريکا پشتگيری سەربەخۆیی پەنەما دەکات و بەرگری لێدەکات بەرانبەر بە کۆڵۆمبيا، لە بەرانبەردا ئەوان کەناڵی پەنەما دەدەنە ئەمريکا. لە ساڵی ١٩٠٣ پەنەما سەربەخۆیی ڕادەگەيەنێت و ئەمريکاش یەکەم دەوڵەت دەبێت دانی پێدەنێت و کەشتييە سەربازييەکانيشی دەنێرێت بۆ ڕێگری لە کۆلۆمبيا کە پەنەما داگيربکاتەوە.

ئەم هاوکێشە جيوپۆلەتيکييە گرنگی ڕێگا دەریاییەکان و هەڵکەوتەی جوگرافی دەوڵەتان پێشاندەدات لە سياسەتی نێودەوڵەتی و لە پرسی سەربەخۆیی نەتەوەکان. (لينکی توێژينەوەیەکەم لەبارەی گرنگی گەرووە دەرياییەکان لە کۆمێتنە).

ئەمريکا لە ١٩٠٢ دەست دەکات بە درووستکردنی کەناڵەکە. ٥٠ هەزار کرێکار و ٣٨٠ مليۆن دۆلاری ئەو کاتی بۆ تەرخان دەکات (ئەمريکا تەواوی ئالاسکای بە ٧.٢ مليۆن دۆلار کڕی لە ڕووسيا لە ١٨٦٧). هەرچەند زیاد لە ٢٠ هەزار کەس دەکووژرێن بە هۆی ڕووداو و مەترسييەکانی ئەو پڕۆژەیە، بەڵام دواجار لە ١٩١٤ ئەمريکا بە سەرکەتوویی پڕۆژەکە تەواو دەکات و کەناڵەکە دەچێتە ژێر دەسەڵاتی ئەمريکا. درووستکردنی کەناڵەکە بە یەکێک لە داهێنانە گەورەکانی بواری ئەندازياری دادەنرێت.

لە سەردەمی جيمی کارتەر لە ١٩٧٧، ئەمريکا و پەنەما ڕێککەوتنێک دەکەن سەبارەت بە کەناڵی پەنەما، کە دەبێتە سەرەتای ڕادەستکردنەوەی کەناڵەکە بە تەواوی بە دەوڵەتی پەنەما لە ١٩٩٩ لە سەردەمی کلينتۆن. بە پێی ڕێکەوتنەکەی کارتەر کە لە ١٩٩٩ بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت کەناڵەکە لە هەموو ڕوویەکەوە دەبێتە موڵکی پەنەما. بەڵام لەو ڕێککەوتنەی ٧٧ یەک خاڵ هەیە، کە دەکرێت تڕەمپ بيکاتە ئارگۆمێنتێکی یاسایی، ئەو خاڵەش ئاماژە دەکات بەوەی کە ئەمريکا مافی دەستتێوەردانی سەربازیی هەیە ئەگەر بێ لایەنی و ئەرکی کەناڵەکە ڕووبەڕووی هەڕەشە ببێتەوە. واتە ئەگەر دژی ئەمريکا بەکاربهێنرێت.

بۆچی تڕەمپ دەيەوێت کەناڵی پەنەما کۆنتڕۆڵ بکات؟

سێ هۆکاری سەرەکی هەیە: یەکەم، لە ٢٠١٦ەوە چين لە ڕێگەی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانەوە هەژموونێکی گەورەی بەسەر پەنەما و کەناڵەکە هەیە. بەشێکی گەورەی بەرێوبردن و لایەنی لۆجستی کەناڵەکە لە لایەن کۆمپانيا چينييەکانەوە بەرێوەدەچێت. ئەمريکا پێیوایە چين ئامانجی جيوپۆلەتيکی دژ بە ئەمريکای هەیە لەو هەنگاوانەی، نەک تەنيا ئابووری و بازرگانی. دووەم، پەنەما باجی زیاد کردووە لەسەر تێپەڕبوونی کەشتييەکان، ئەمەش تێچوون زیاتر دەکات بۆ کەشتييەکانی ئەمريکا. تڕەمپ عەقلييەتێکی بازرگانی هەیە، ئەمە بە زیان و هەڕەشە دەبينێت. لەوانەیە زیادکردنی باج و رسوماتەکەش پەيوەندی بە چين و کۆمپانیاکانييەوە هەبێت. سێيەم، ئەو کەناڵە بە پارە و کرێکار و تەکنەلۆژیا و توانای ئەمريکا درووستکراوە، سەردەمێکی زۆر هی خۆی بوو. ئێستاش پێیوایە دەبێت مافی لەو کەناڵە، زیاتر بێت لە هەر دەوڵەتێکی تر.

بە گشتی کەناڵی پەنەما بۆ ئەمريکا لەسەر ئاستی جيوپۆلەتێکی و ئابووری و ئەمنی زۆر گرنگە. ئەگەر ئەو کەناڵە لە لایەن چينەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و دژی بەرژەوەندييەکانی ئەمريکا بەکاربێت، ئەوا وەک جۆرێکە لە گەمارۆدانی ئەمريکا و فشارێکی مەترسيدارە. لە ڕووی ئابووری و بازرگانييەوە گرنگييەکی گەورەی هەیە، بۆ نموونە کەشتييەکان لە نێوان نێوان نيۆيۆرک و سان فرانسيسکۆ پێش کەناڵی پەنەما دەبوو ٢١ هەزار کيلۆمەتر ببڕن، بەڵام لە ڕێگەی کەناڵی پەنەما پێويستە ٨ هەزار کم ببڕن. جگە لەوەی یەکێکە لە ڕێگاکانی بازرگانی و هاتوچۆی کەشتييەکان لە نێوان ئەمريکا لەگەڵ چين و ژاپۆن و ئەو ناوچەیە، لە نێوان رۆژئاوای ئەمريکا و ئەوروپا... یەکێکە لە ڕێگاکان بۆ هاتوچۆی کەشتييە سەربازييەکانی ئەمريکا بۆ ناوچەی ئاسيا و نزيک لە چين.
ئایا تڕەمپ هێزی سەربازی بەکاردەهێنێت بۆ ئەو مەبەستە؟

لە ڕووی یاساییەوە، بە پێی ڕێککەوتننامەی ڤيەننا ١٩٦٩هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتييەکان دەبێت بە ڕەزامەندی هەموو بەرەکان بێت. بەکارهێنانی پاساوی ئەو خاڵەی ڕێککەوتنەکەی ٧٧ کە ماف بە ئەمريکا دەدات بۆ دەستتێوەردانی سەربازی، لەوانەیە نەگونجێت لەگەڵ هەقيقەتی دۆخەکە، چونکە قوورسە بسەلمێنرێت کەناڵەکە بێ لایەنی و ئەرکی خۆی لەدەستداوە و دژی ئەمريکایە. حکومەتی پەنەما هەموو ئەو تۆمەت و گومانانە ڕەت دەکاتەوە. جگە لەوەی هەڵسەنگاندن و بۆچوونی سوپا و هەواڵگری و ئەنجومەنی ئاسايشی نيشتيمانی ئەمريکا لەوبارەیەوە جارێ ڕوون نييە. لەوانەیە تڕەمپ وەک فشارێک ئەو هەڕەشە و داواکارييانە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی حکومەتی پەنەما ڕۆڵی چين کەم بکاتەوە و باج و رسوماتی سەر تێپەڕبوونی کەشتييەکان دابەزێنێت. ئەگەر بە فيعلی چين کەناڵەکە دژ بە بەرژەوەندی ئەمريکا بەکاربهێنێت، ئەوا دەستتێوەردانی سەربازیی ئەمريکا ئەگەرێکی کراوەیە، یاخود هەوڵدان بۆ کودەتا و لابردنی حکومەتەکەی پەنەما و گۆڕينی بۆ حکومەتێکی پڕۆ ئەمريکی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP