من نازانم لە دیداری (بارزانی و مەزڵوم)ــدا باس لەچی کراوە، بەڵام لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەی ناوچەکەو لەم شێواویەی ماڵی کورددا گرێدانی کۆبونەوەیەک لەو ئاستەدا دەکرێ بکرێتە کلیلی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی نێوان هێزە کوردستانیەکان و نمونەیەکی جوانیش بوو بە هەمولایەکی ووت سەرەڕای جیاوازیەکانمان لە دۆخی مەئزەق و سەختیدا ئێمە ڕێگای پێکەوەیی هەڵدەبژێرین.
ئەوەی لای من جێگای نیگەرانییە دوای دیدارەکەی (بارزانی و مەزڵوم) لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا لێدوان و ووتاری سەیرو سەمەرەم بەرچاو کەوت، کە ناڕازی بوون بە هاتنی مەزڵوم بۆ هەولێر و دیداری لەتەک بەڕێز مەسعود بارزانی و لە هەمانکاتدا پەیوەندی تەلەفۆنی لەتەک بەڕێز سەرۆکی هەرێم هەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەموومان داوای یەک گوتاری کوردی دەکەین و بە باوەڕی من ئەو بەڕێزانەی ئەو سەردانەی (مەزڵوم)ــیان بۆ هەولێر پێ ناخۆش بووە لە دوو هۆکار زیاتر نیە (ڕق و جەهل)! ئەگینا ئەوەی تۆزێک لە سیاسەت بزانێ دەبێ بزانێ یار و نەیار لەسیاسەتدا کێیە، لەهەمانکاتدا خوێندنەوەی نەیارانی کورد بۆ کورد لەئێستادا چۆنە. لە هەمووی بێ ئاگاتر پێیان وابێ پارتی دوژمنی پارچەکانی دیکەیە! بێ ئەوەی بزانن لە دبلۆماسیەتی شاراوەدا چیتر هەیە.
بەداخەوە ڕق و جەهل و تێنەگەشتن لە سیاسەت و لە واقیع ئاڵۆزترین گرێیە کەڕووناکی بیرکردنەوەی دنیای ئێمەی داپۆشیوە ئەگینا دیداری بارزانی و مەزڵوم لەم هەلومەرجە هەستیارەدا هێزێکی گەورە بە کورد دەبەخشێ بۆ ناوخۆو بۆ دەرەوەی ماڵی کوردی.
بۆیە برادەرینە ڕەخنە بگرن ڕاستە ئەم هەرێمە هەڵەی کوشندەمان هەیە هەمیشەش ڕەخنەگرە ڕاستگۆکان دڵسۆزترینن، بۆیە دەبێ بە چاک بڵێین چاک و بە خراپیش بڵێن خراپ و بیخەینەبەر نەشتەری ڕەخنە، بەڵام دیداری بارزانی و مەزڵوم دیدارێکی جوان بوو لەدۆخێکی ناشیریندا، بۆیە جێگای پێزانینە .