بەشی سێیەم
زەوی جۆرێک لە یاخیبوونی تێدایە، جوانییەکی کەوی نەکراوی هەیە، کە داوای ڕێزگرتنمان لێ دەکات، بەڵام کاتێک بێڕێزی پێدەکرێت بە تووڕەییەوە وەڵاممان دەداتەوە.
ئەم کێویی بوونەی لە چیرۆکەکانی مرۆڤایەتیدا ڕەنگی داوەتەوە، کە زەوی تەنیا قۆناغێک نییە بەڵکو کارەکتەرێکی هەمیشەیی چالاکە.
پێشتر نموونەی (شکسپیرو مارکیز) م هێنابویەوە، لێرە سوکه ئاوڕێکی دیکەیان لێدەدەمەوە، بیر لە کتێبی (شا لیر)ی شکسپیر بکەرەوە، زۆر مایەیی سەرنجە، لە گڵۆمەی زریانەکەدایە کە (لیر) هاوار دەکات وشێتییەکەی لەگەڵ توڕەیی سروشت تێکەڵ دەبێت.
پێدەچێت زەوی خۆی یاخی بێت، هەندێک جار بە باوبۆرانە توڕەکەی غرورو لوتبەرزەکان بەئاگادێنێتەوە. واتە لێرەدا سروشت پاسیڤ نییە، خەمبار دەبێت، تووڕە دەبێت، ئەویش ئاوێتەی گێژاوی ناوەوەی مرۆڤایەتییە، لەبیرمە لە هەشتاکان دەیان گووت کەوشەن( سنور، یان ئەوشوێنەی خۆری لێ ئاوادەبێت) سور بووە شتێکی پێوەیە داخۆ کێ جوانەمەرگ دەبێت.
گابرێل گارسیا مارکێز زمانێکی سەیری هەیە، ئەو هێجگار ئامانجدارانە نوسیویەتی، لە کتێبی سەد ساڵ تەنیایدا، زەوی یەکپارچە دەبێتە خولگەیی وبارگاوی بەخەمووماتەم، بارانێکی بێحساب دەبارێت وشارۆچکەی (ماکۆندۆ) لافاو دەیبات، لافاوێک کە ناوەستێت وەک ئەوەی بڵێت ئەی مرۆڤ گەمژەییەکەت دەشۆمەوە، خەم و ماتەمی زەوی بۆ ئەومرۆڤەی بەناوی پێشکەوتن زۆر شتی لەدەست داوە.
بارانەکە هێزێکی پاککەرەوەیە و لەگەڵ ئەوەشدا کارەساتبارە، لە بیرتان نییە بە مناڵی بەزۆر ڕاکێشرابنە ناو تەشتەکە، کە هەر ئامادە نەبوون خۆتان بشۆن نوقورچەشتان لێ گیرابێت.
زەوی وەک ئەفسانە و گۆرانی
ئەفسانەی یۆنانی (پێرسیفۆن) کە لەلایەن (هادێس)ەوە ڕفێنراوە و (بەدەور)ان گەڕاوەتەوە سەر زەوی، وەرزەکان ڕوون دەکاتەوە. باس لە زستان و ژیانەوەی بەهاردەکات.
بیرخستنەوەیەکی سەرنج کێشە، کە جوانی و دڕندەیی زەوی بەستراوەتەوە بە ڕیتمەکانی ژیان و مردنەوە. ئەم ئەفسانەیە قسە لەسەر هێزی زەوی بۆ سزاو ڕاستەڕێکردنی مرۆڤ دەکات.
لە سەردەمی نوێدا ئەم چیرۆکانەمان فەرامۆش کردوون. چیتر لەسەر بەرگ و پێستمان هەست بە تەپە تەپی باران ناکەین، لەبری ئەوە خوێندەوارانە تۆماری دەکەین.
چی دەبێ ئەگەر بتوانین زەوی بدۆزینەوە، نەک وەک سەرچاوەیەک بەڵکو وەک بوونێکی زیندوو کە هەناسە دەدات، با بۆنی باران و گڵەکەی لەسەر خاکی وشکەوە بمانگوازێتەوە بۆ کاتە سادەکان.
با بینینی ڕووبارێک ڕەوتی ژیان و خۆشیمان بیر بخاتەوە. با وەرزەکان دیسانەوە فێری هونەری سەبر و نوێبوونەوەمان بکەن.
زەوی وەک دۆستێکی ئازیز وسەرشێت، داوای شارەزایی لە ئێمە ناکات، ئەو هەموومانی دەوێت و کەسی لێ زیاد نیە، فەقیر، دەوڵەمەند، خوێندەوار، خوێندەوار، پاشاو گەدا، ڕەش و سپی، ئەو داوای هاوڕێیەتیمان دەکات. لە کاتی زریانەکاندا بەتوندی هاواردەکات وهەندێکجار فوویەکی بەهێز بە بۆقەکەشیدا دەکات، تاقیمان دەکاتەوە ئاخۆ فێردەبین گوێبگرین پێش ئەوەی زۆر توڕە بێت، ئەو دەیەوێت بۆ تۆڕەبوونە گەورەکان ڕامان بێنێت.