دواین هەواڵ

کەس دیویەتی تەماشاچی گۆڵ بکات؟

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

2 رۆژ پێش ئێستا

 ئۆپۆزسێۆن، منیشتان شەرمەزار کرد، منێک کە هێندەی من دەستم بە پارتییەوە گرتووە پارتەکە لەهیچ گۆشەیەک حسابی لەسەر من هەڵنەچنیوە، بۆیە تەنیا لە دەلاقەی ئەکادێمییەوە، چەند جارێک داکۆکیم لێکردن، چەند جارێک لە بەرنامەی تاوتوێی NRT بەدیاری کراوی لەگەڵ کارزان عوسمانی ڕۆژنامەنوس بە تۆنێک کە پێداگیری پێوە بێ، دەمگوت ئەبێت پارتە دەسەڵاتدارەکان لێگەڕێن پارتە چەپ و ڕاستەکانی ئۆپۆزسێۆن ممارەسەی سیاسەت بکەن، هەودایەکیان لە دووبدەن تا ئەوانیش احتوای جەماوەرەکەیان بکەن، (واتا ئاساییە هێرشیش بکەنە سەرتان) ئەمووت، بەسە شکاندنی ئۆپۆزسێۆن، بۆچی پەرە بەفەرهەنگی شکستی چەپ، ڕاست ئیسلامی و عەلەمانی کوردی بدرێت، لە ڕاستیدا ئەگەر ئەمە سوکە قەباحەتێکی تێگەیشتنی هەڵەی سیاسی بێت، چونکە ئەمانە خاڵی بوون لە پرنسیپ، ئەوا عوزرەکە هەندێک خراپترە، کە پێم وابوو ئەمانە لایەنی سیاسی و جۆرێک لە ئۆپۆزسێۆنن و هەندێک شەرم لە هەڵوێستەکانیان دەکەن.

ئەرێ هەر ئەمانە نەبوون هەموو گرەنتێکیان دەدا کە کۆمسێۆنی بەغداد لە 24 عەیار چاکترەو پارتی هیچی لە دەست نەماوە، کۆتاکان، بازنەی هەڵبژاردن و تەنانەت دەکەوێتە بەردەم گورزی مقاوەمەی کوردی شیعی، دۆنکیشۆتێکیش کە پێی وایە بە (ناو) و نەڕەنەڕەکەی بێستون کوندەکات، دەیگوت دەنگەکانی پارتی ئەگەر تاقەدەنگێکیش بێ دوژمنانی کورد پێی ئەدەن، ئەو نایەوێت تەنیا دەنگی پەنجەی لەرزۆک و ماندووی دایکە ئەنفالێکی بارزانیش ببینێت، کە دەنگ بە ڕۆڵەکەی خۆی ئەدات کە مشتێک ئێسک و پڕوسکی تازە بۆ هێنراوەتەوە.

ئەمانە عاقڵ مەندی ئێوەن ئۆپۆزسێۆن؟

ئێستا دەتانەوێت نەک 180 پلە بەڵکو بە چەند سوڕێکی خێرایی 360 پلەی بە دەوری پەشیمانیدا بسوڕێنەوە و بڵێن بەغداد بەدادگاو پەرلەمان و کۆمسێۆنەکەیەوە نائەمینن، بەم شێوەیە دەتانەوێن بەچەند ڕۆژێک ڕای گشتی دروست بکەن؟ دەزانن ئێستە ئێوە ئاو لە ئاشی پارتی دەکەن، کێ ئەمەتان لێ دەکڕێت؟ لام وابێ هەندێک ڕووقایمی دەوێت کەسێکتان هەبێت بڵێت لە سیاسەتی تورکیا لە تۆی چاکتری لێدەزانم، من پێم وایە تورکیا ناتوانێت مامەڵەی دەنگ و کورسی لە بەغداد بۆ کەس بکات، پێم وایە ئێرانیش بێلایەن کرا، بەڵگەی هەرە گەورەی ئێوە ئەوەیە کە بەگوێرەی زوڕناژەنەکانی ناوسۆشیاڵ مێدیا و واعیزە کوردەکانی سوڵتان لە بەغداد ئەبوایە دەنگی پارتی و تەنانەت یەکێتیش کەم بکات، ئەمانە نایانەوێت بینینن پارتی دیموکراتی کوردستان لە 1946 وە کاروانی شەهیدانی درێژ دەبێتەوە، تەنانەت دەنگەکانی پارتی هێشتا بارتاقای دەنگی کەسوکاری شەهیدەکان، پێشمەرگە، زیندانیەکانی نییە، چ جای هەزارانی دیکە کە وەک پڕۆژەی داهاتوو تەماشای پارتی دەکەن، ئەمانە کە هیچ بەڵگەیان لە بەردەستدا نییە، هێندە سادە و ساکار دەرکەوتن ئەوانەیان شەرمەزارکرد کە ڕۆژانێک داکۆکییان لێکردبوون.

لە یاریگای هەولێر زیاتر لە 50000 پیاوی لێبووە، تەنیا پیاو، ئەوانە بەشێکیان بە فرمێسک و وتاڤەوە پێشوازیان لە بارزانی کرد، ئەگەر تەنیا ئەوانەی لە وێ بوون، هەریەکێکیان لە ناو کەس و خێزانەکەی پێنج دەنگ بێت دەکاتە چارەگە میلوێنێک دەنگ، بۆ دهۆک و شارەکانی دیکەش ڕاستە، لایەنەکانی ئۆپۆزسێۆن قسەی سەرەتاو کۆتاییان لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە لێوەرگیرایەوەو کەمپەین کەوتە نیوان پارتی و یەکێتی، ئۆپۆزسێۆنیش تەنیا تەماشاچی بوون، ئەرێ کەس دیویەتی تەماشا چی لەجیاتی یاریزان گۆڵ بکات، ئەگەر بەخەیاڵ، ئافەرین تاڵەبانی سەرۆکی کۆمسێۆنەکەی بەغدایش یەکێتییەو تۆش گۆڕەپانەکەت لە ئۆپۆزسێۆن داگیرکرد و ناشوێرن ڕووبەڕووت ببنەوە، دیسان ئەمانە بەرۆکی پارتی دەگرن. دیسان دیڵێمەوە کێ زانیویەتی تەماشاچی گۆڵ بکات؟ دەزانرێت تەنیا یاریزانەکان گۆڵ دەکەن، من تەنیا پارتی و یەکێتی م بینی یاری بکەن، نەوەی نوێش جارجار داخڵی گۆڕەپانەکە دەبوو. هەرچەندە دەنگ و کورسییەکانی نەوەی نوێ هیچ دەست پێشخەریەک بە سەرۆکە گەنجەکە نادەن، ئەوانە دەنگێکن بۆ ئۆپۆزسێۆنێکی بێوەی کە نایەوێت بەشداری حکومەت بێت، دەنگدەرەکانی نەوەی نوێ لایەنگری تەجمیدن نەک تەجنید، لایەنگری شتێکن کە دوورە لەسیاسەت، ئەویش ڕۆڵیکە کە تەنیا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسیدا کۆدەبێتەوە، ئەوەش تا چوار ساڵی دیکە، ئیمتیازە بۆ پارتی و یەکێتی.
ئەگەر بەقسەی من بکەن هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی پێکەوە کارنامەیەکی هاوبەش دادەنێن کە لە پێشدا گەیاندنی خزمەتگوزاری وەک یەکی بۆ هەموو کوردستانی پێوەبێ، پۆستەکانی بەغدای دوای هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو وئەمەی ئێستەیش دەکەنە یەک پاکێج، ئۆپۆزسێۆنی نەریتیش با خۆی پاک بکاتەوە لە دوکانی سیاسی، و ڕێگە بۆ دەرفەت و لایەنی دیکەی سیاسی بکاتەوە وەک ئۆپۆزسێۆن بێنە پێشەوە..


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP