لە ٢٢ی١٠ی٢٠٢٤، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا چەمكی (مافی ئومێد)ی بەكارهێنا و گوتی دەكرێت عەبدوڵا ئۆجەلان سوودی لێ ببینێت بۆ ئازادكردنی. لەو رۆژەوە ئەو چەمكە لەناو میدیاكانی توركیا و جیهانیدا باسی لێوە دەكرێت.
باخچەلی، مەبەستی لەبەكارهێنانی ئەو چەمكە ئۆجەلان بوو، كە لە ١٩٩٩ لە توركیا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، پاشان بڕیارەكە بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆردرا. باخچەلی ئاماژەی دا، با ئۆجەلان بێتە ناو پەرلەمانی توركیا و لەبەردەم گروپی دەم پارتی گوتارێك پێشكەش بكات و داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت.
باخچەلی گوتی: ”دەكرێت ئۆجەلان (مافی ئومێد)ی لەسەر بەكاربهێنرێت بەرێكخستنەوەی یاسا، ئەو دەتوانێت سوودی لێببینێت و رێگەی بۆ خۆش بكرێت. نەقەندیل و نە ئێدیرنە، بەڵكوو دەم پارتی و ئۆجەلان دەبێت بهێنرێتە ناو ئەو پرسەوە“
مافی ئومێد چییە؟
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، لە ٢٠١٧، لەبارەی مافی ئومێد بۆ دوو زیندانی بەم شێوەیە باسی كردووە:
”ئەگەر بەشداری كردبێت لە قێزەنترین تاواندا، بنەمای مرۆڤایەتی دەیپارێزێت و لەچوارچێوەی گۆڕان لە ناوەوەیدا. ئەگەر سزاكەی زۆر درێژ بێت و ئەو سزایە یاساییش بێت، رۆژێك باجی ئەو تاوانەی داوەتەوە، بۆیە مافی ئومێد دەیپارێزێت، بۆیە نابێت بەتەواوی لەو ئومێدە بێبەش بكرێت.
ئەگەر ئەوان لە ئومێد بێبەش بكەیت، كەواتە ئینكاری بنەمای مافی مرۆڤت كردووە ئەمەش ئەوپەڕی سووكایەتییە“
بەگوێرەی ئەو مادەیەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بێت، ئەگەر مافی ئومێد بەسەر تاوانباردا جێبەجێ نەكرێت، دژی بنەماكانی مافی مرۆڤە.
بەگوێرەی ئەو شیكردنەوەیەی یاساناسانی توركیا بۆ چەمكی (مافی ئومێد)یان كردووە، واتە كەسێك سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر جێبەجێ كرابێت، هەروەها بەهیچ شێوەیەك مەرجی ئازادبوون نایگرێتەوە، ئەم چەمكە رێكحخستنەوەی ئەو سزایەیە.
لە ٢٠١٣ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئەو چەمكەی بۆ تاوانبار ڤینتەر لە بەریتانیا جێبەجێ كرد، كە دادگا سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر جێبەجێ كردبوو، بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، لە مادەی ٣ دا داوای كرد مافی ئومێد بیگرێتەوە، چونكە دژی یاسای مافی مرۆڤە.
محەممەد ئەمین ئاكار، سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، لەبارەی مافی ئومێد دەڵێت: ”مافی ئومێد، ئەو سزادراوانە دەگرێتەوە، كە لەناو زینداندا چاكسازی بۆ كراوە و بووەتە ئەو مرۆڤەی پاكبووەتەوە لە تاوان و دەكرێت بهێنرێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگە. هەروەها دەبێت ئەو سزادراوە بۆ ماوەیەكی زۆر لە زیندان مابێتەوە و سزای خۆی وەرگرتبێت و سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنرابێت.“
وەكوو ئەوەی باسمان كرد، لە ٢٠١٣ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ئەو مافەی بۆ ڤینتەر بەكارهێنا، بەو مەرجەی ٢٥ ساڵ لەزیندان مابێتەوە، بەهۆی ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ٢٥ ساڵە زیندانی كراوە، بۆیە ئەو یاسایە، یاخود ئەو چەمكەی بەسەردا جێبەجێ دەبێت.
تاوەكوو ئێستا ئەو چەمە لە توركیا بەرامبەر بە هیچ سزادراوێك جێبەجێ نەكراوە، بەڵكوو لە یاسای سزادانی توركیادا هاتووە، ئەوەی تیرۆرست بێت و دەستی هەبێت لە كوشتنی هاووڵاتیان، بەهیچ شێوەیەك ئازادبوون نایگرێتەوە. هەروەها لە ٢٠٠٢ و بە گۆڕینی یاسایەك، سزای لە سێدارەدان بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕا.
بەهۆی ئەوەی توركیا ئەندامی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، بۆیە هیچ كێشەیەكی یاسایی روو نادات، ئەگەر ئەو چەمكە یاساییە بەسەر ئۆجەلاندا جێبەجێ بكرێت.