دواین هەواڵ

ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان

‌سەركۆ یونس

24/07/2024

حکومەتی ھەرێمی کوردستان، باجی لەسەر چەندین شوێن هەڵگرتووە، بەمانایەکی تر ڕاگرتووە، لەوانە چێشتخانە و نانەواخانەو سەمونخانە و ئوتێلەکان. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی حکومەتی ھەرێم، ئامانج لەم ڕاگرتنە سووککرکردنی باری سەرشانی پیشەوەران و خاوەن چێشتخانەو میوانخانەکانە. بریارەکە، ڕێژەی 10% باجی سەر فرۆشی چێشتخانەو ئوتێل و نانەواخانەکانە و هەروەها، ڕێژەی 5% باجی سەر نەخۆشخانە و نۆرینگەتایبەتەکان. گومانی تێدا نی یە، ئەم جۆرە بڕیارانە گرنگن و تایبەتن، بەتایبەتی هێشتا بارودۆخی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان شڵۆق و ناجێگیرە، داهاتی تاکەکەس و بودجەی خێزانەکانیش لەئاستێکی نزمدایە.

ئەم هەوڵە بەناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بوژانەوە و جموجوڵی بازاڕ، پێشتر ئەم ڕێژەیە لەسەر شانی کریاران و بەکاربەران دەوەستا. بەشێوەیەکی ئاسایی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم جۆرە باجانە، تاڕادەیەک بازاڕی کار دەجوڵێنێت، بەو پێیەی داهاتی خاوەنکاران تاڕادەیەک زیاد دەبێت، ئەمە هانی خاوەنکاران دەدات، پلان و نەخشەی بوژانەوە و فراوانکردنی پرۆژەو ئیشوکارەکانیان بخەنەگەڕ و هەلی کار هەرچەندە کەمیش بێت دەرەخسێنێت.

بەشێوەیەکی شاراوە، لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان، لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدایە، پێ دەچێت ئامانجی حکومەت و لایەنەپێکهێنەرەکانی ئەم کابینەیە، ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەران و هاونیشتیمانیانی هەرێم بێت، بەئامانجی سیاسی. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەدڵنییایەوە هێشتا خۆدزینەوە لەباج دیاردەیەکی بەرچاوە و بنبڕنەکراوە چ بە ڕێگای یاسایی و چ بە شاردنەوەی موڵک و ماڵ و زەویوزار لە لیژنەکانی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکانی باجی دەرامەت. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی حکومەتی ھەرێم، ئەم ڕاگرتنە بەردەوام دەبێت، تا یەککلایکردنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لەدامودەزگا فیدراڵییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە، کەواتە بڕیارەکە کاتییە و پێشتر بەڕێنمایی وەرگیراوە.

ئەوەی گرنگترو لەپێشترە، پێویستە حکومەتی ھەرێم، بەشێوەیەکی تەواو باری سەرشانی سەرجەم هاونیشتیمانیان سووکتر بکات، چونکە بارودۆخی بازاڕ خراپەو و ڕێژەی بێکاری بەرزە و کێشەو گرفتەئابوری و داراییەکان هێشتا زۆریان بەچارەسەرنەکراوی ماوەنەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە لەسەر خاوەنکارو و میوانخانەکان و چێشتخانە و تەنانەت نانەواخانە و سەمونخانەکان، نرخەکانیان داببەزێنن، چونکە لەماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردودا، نرخی زۆربەی خزمەتگوزاری و نان و سەموون و نەشتەرگەری لەنەخۆشخانەتایبەتەکانی هەرێمدا زیاد کرا بوو، بەبیانوی زیادبوونی باجەوە. لەلایەکی ترەوە، پێویستە لیژنەکانی قائیمقامییەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لەشاروشارۆچکەکانی هەرێمدا، هەروەها وەزارەت و دەستەپەیوەندیدارەکانی وەک ( گەشتوگوزارو بازرگانی) چاودێری نرخ و کواڵێتی خزمەتگوزاری و بەرهەمی ناوخۆ(نان و سەموون) بکەن بەبەردەوامی لەپێناو خزمەتکردن بەهاونیشتیمانیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP