دواین هەواڵ

"لەبارەی چەمکی "نیشتیمان" و "هاونیشتیمانیبوون"

‌ڤینۆس فایەق

21/01/2021

ڤینۆس فایەق
"ئەو جێگەیەی ئازادی لێیە، ئەوە نیشتیمانە"
بنیامین فرانکلین، 1706-1790، یەکێک لە هەرە گرنگترین دامەزرێنەرانی ئەمەریکا
-١-
دەربارەی "نیشتیمان" و "هاونیشتیمانێتی"
پێش ئەوەی ئەم بابەتە بنوسم، ئەم پرسیارەم لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەم بۆ هاوڕێکانم و خوێنەران دانا: "نیشتیمان چیە/کامەیە؟ چۆنی پێناسە دەکەی؟ خوێندنەوەت بۆ چەمکی نیشتیمان و هاونیشتیمانیبوون چیە؟ زۆربەی هەرە زۆری وەڵامەکان، کۆک بوون لەسەر ئەوەی لەو جێگەیەی ئازادیت، و کەرامەتت پارێزراوە، ئەوە نیشتیمانتە، لەو جێگەیەی مافەکانت دەستەبەر بوە ئەوە نیشتیمانتە.. هەندێکیان نمونەی وڵاتانی هەندەرانیان هێناوەتەوە کە لێی دەژین و لە سایەی یاسادا بە یەکسانی مافیان پێبەخشراوە و ئازادن و کەرامەتیان پارێزراوە.. زۆرێکیش لە کۆمێنتەکان گلەیی بوون لەوەی لە وڵاتەکەیاندا هەست بە ئەمن و ئاسایش ناکەن، ژیانیان دابین نەکراوە، یاسا سەروەر نیە، مافەکانیان دابین نەبوە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و موچەوە هەست بە ریسوایی دەکەن، بۆیە هیچ هەستێکی ئینتیمایان بۆ ئەو وڵاتە نیە، ژیانیان سەختە و بیر لە رۆشتنە دەرەوە دەکەنەوە، واتا بەدوای نیشتیمانێکدا دەگەڕێن کە ماف و دادپەروەریان بۆ دەستەبەر بکات و ژیانێکی شایستە و بەکەرامەتی ئادەمیزادی تێدا بژین..
لەم باسەدا وشەی "نیشتیمان" بە واتای وڵات، ئەو جێگەیەی کە لێێ دەژین و بە زمانی زۆرینەی دانیشتوانەکەی قسە دەکەین و باوباپیرانمان لەسەری ژیاون.. "هاونیشتیمانی یان هاونیشتیمانیبوون، بە واتا "مواطنة" واتا ئەو سیفەتی هاونیشتیمانیبوونە لەوەوە وەردەگرین کە لەو جێگەیە لەدایک دەبین، بەڵام خودی ئەو "هاونیشتیمانیبوون"ە کە بە یاسا رێکخراوە، گەلێ رەهەندی تایبەت بە خۆی هەیە و بەرهەمی پەیوەندی دەسەڵات و ئادەمیزادەکانە لە کۆمەڵگەدا..
لە راستیدا ئەوەی مەبەستمە لەم باسەدا، رەنگە زۆر جیاواز نەبێت لەوەی زۆری لەسەر گوتراوە، بەڵام من لێرەدا بە تێگەیشتنی خۆم دوور لە دروشم و رازاندنەوەی هەستەکانمان و داڕشتنەوەی بە وشەی باق و بریق کەمێ وردی دەکەمەوە.. ئەو "نیشتیمان"ەی هەر لە کۆنەوە شاعیرەکان پیایاندا هەڵداوە و رۆماننوسەکان جوانترین شاکارەکانیان بۆ تەرخان کردووە و هونەرمەندەکان لە کارە هونەریەکانیاندا بەرجەستەیان کردوە، چ بە گۆرانی، نواندنی شانۆیی و تەلەفزیۆنی و تەنانەت لە تابلۆکانیشدا...هتد. من لێرەدا بە شان و باڵی "نیشتیمان"دا هەڵنادەم، گۆرانی بۆ ناڵێم، بەڵکوو بە پشتبەستن بەو واقیعەی کە ئادەمیزادەکان لە جێگەیەکی دیاریکراوە بە ناوی "نیشتیمان" دەژین لە سەر پارچە جوگرافیایەک، کە رەنگە پڕ بە پڕی هەموو واتاکانی شایستەی هەموو پێناسە و مانا ورد و درشتەکان "نیشتیمان" ببێت یان نەبێت قسەیەکی تر لە چەمکی "نیشتیمان" دەکەم..
نیشتیمان، جگە لەوەی پارچە جوگرافیایەکە، هاوکات جێگەیەکی "خەمڵێنراوە، هەروەک زانای بەریتانی، جێمس جینز، 1877-1946، لە کتێبی "فیزیا و فەلسەفە"دا زۆر بە وردی قسەی لەسەر کردوە و بۆ چوار جۆر پۆلینی کردوە یەک لەوانە ئەو جێگەی خەملێنراو (المکان التصوري)ەیە کە بریتیە لەو جێگە ئەندازەیی "نسبي"ەی کە تەنها لە مێشکی ئادەمیزاددا بوونی هەیە، کە بە بیرکردنەوە خەلقی دەکات. بە چەند وشەیەکی تر، "نیشتیمان" چەمکێکی خەمڵێنراو (تصوري)ە کە تەنها لە مێشکی ئادەمیزاددا بوونی هەیە، واتا لای هیچ لە بوونەوەرەکانی تری سەر زەوی شتێک نیە بە ناوی "نیشتیمان"ەوە بەو شێوەیەی کە لای مرۆڤ هەیە.. ئادەمیزاد بەو جێگەیە دەڵێت "نیشتیمان" کە جەستەی لێێ دێتە دونیاوە و پێشتر باوباپیرانی لێێ لەدایکبوون و ژیاون.. راستە پارچە خاکێکە بوونی هەیە، بە چاو دەیبینین، بەڵام ئەوەی ئەو پارچە خاکە دەکاتە "نیشتیمان" ئادەمیزادەکانن.. ئەوە ئادەمیزادەکانن ناوی "نیشتیمان" لە خۆڵ و کۆمەڵێ شاخ و گرد و دۆڵ و دەشت دەنێن..
بەو پێیەی ئادەمیزاد بوونەوەرێکی ئاقڵ و قسەکەرە و بیرکەرەوەیە و بە قسەکردن و نوسین توانای دەربڕینی لە هەست و نەستەکانی هەیە، لەو جێگەیەدا کە ئادەمیزاد دەست بە ژیانکردن دەکات چەمکی "نیشتیمان" دروست دەبێت و پەرە دەسەنێت و لە هزرماندا گەشە دەکات و رەهەندەکانی تری وەکوو کۆمەڵگا، بەڕێوەبردن و سیاسەت و دەوڵەت و یاسا و...هتد دروست دەبن و لەوێشەوە ئەو چەمکی نیشتیمانە بە جۆرێکی دینامیکی، واتا زیندوو و چالاک سەرهەڵدەدات و چەندین لێکدانەوە و مانا و پێناسەی تر وەردەگرێت، زیاتر لەوەی تەنها خۆڵی کۆمەڵێ شاخ و گرد و دۆڵ و دەشت بێت..
لەوانە ئامادەیی ئادەمیزادەکان بۆ ئەوەی خۆیان بە فیدای ئەو پارچە زەویە بکەن و لەپێناو سەندنەوەی لەدەستی داگیرکەر خەبات دەکەن و ژیانی خۆیانی بۆ دەخەنە مەترسی شەهیدبوونیشەوە..
بەڵام ئایا "نیشتیمان" و "هاونیشتیمانیبوون" تەنها ئەوەندەیە؟
ئەودەمی تۆ نیشتیمانێکت هەیە، واتا کۆمەڵێ ئادەمیزاد هەن کە پێیان دەگوترێ "میللەت" خۆیان رێکخستوە و کۆمەڵگایەکیان دروستکردوە و گەیشتوونەتە ئەوەی خۆیان بەڕیوە دەبەن و حوکمی خۆیان دەکەن، ئیدی تۆ وەکوو "هاونیشتیمانی" بە پێی یاسا و رێساکان کۆمەڵێ ئەرکت لەسەر شانە دەبێت جێبەجێیان بکەیت بۆ ئەوەی شایستە بە پێاسەی "هاونیشتیمانی"بیت، بەهەمان شێوە لەو پارچە جوگرافیایەشدا دەبێت هەموو مەرجەکانی ئەو "هاونیشتیمانیبوون"ەت پێ بەخشرابێت، چونکە مەسەلەکە لە کۆتاییدا چنگێ خۆڵ و چەند شاخ و داخێک نیە کە لێێ دەژیت، بەڵکوو ئەوە ئادەمیزادەکانن کە لەو پارچە جوگرافیایەدا ئەو ژیانە بەکۆمەڵەیان دروستکردوە کە دواجار "نیشتیمان" و "هاونیشتیمانیبوون"ی لێوە دروستبوە..
کەواتە یاسا و رێساکانن کە ئادەمیزادەکان دایاندەنێن و جێبەجێی دەکەن، چ وەک "هاونیشتیمانی" چ وەکوو دەسەڵاتی نیشتیمانی "سەروەری" دەکاتە دەبەخشێتە ئەو پارچە زەویە و کەرامەت بە ئادەمیزادەکان دەدات وەکوو "هاونیشتیمانی"..
لەزەمەنی ئێستادا بە پێێ هەلومەرجە ژیانیەکان چەمکی "نیشتیمان" تەرجەمەکراوە، زیاتر لەوەی پێناسەکرابێت، ئەو تەرجەمەیەش لە چینێکەوە بۆ چینێکی تری ناو کۆمەڵگا دەگۆڕدرێت.. بۆ نمونە: لای هەژارەکان، بۆ پارچە نانێک تەرجەمە دەبێت خۆی منداڵەکانی پێ تێر بێت، لای فەرمانبەرێک بۆ مووچەکەی کە هەموو سەری مانگێک لە کاتی خۆیدا دەبێت وەریگرێت تەرجەمە دەبێت، لای خەڵک بە گشتی دەکاتە ئەو خزمەتگوزاریەی کە لەلایەن دەسەڵاتی بەڕێوەبەرەوە پێشکەشی دکرێت، لای هەڵگرانی بیری نەتەوەییەوە دەکاتە (ماددەی ١٤٠)ی دەستووری عێراق و سەروەری خاکی کوردستان. هەر هەمان ئەو "نیشتیمان"ە لای سیاسەتمەدارەکان بۆ "بەرژەوەندی"ە ماددی و سیاسیەکان تەرجەمە دەبێت، لای کاربەدەستێکی باڵای حکومەت بۆ مووچەکەی تەرجەمە دەبێت. لای نەخۆشێک دەکاتە ئەو دەرمانەی کە پارەی تەواوی پێ نیە بۆ خۆی دابین بکات، بۆ باوکێکی کاسبکار کە بە داهاتی رۆژانە ژیانی بەڕێوە دەبات دەکاتە ئەو قوتوە شیرەی کە ناتوانێ بۆ منداڵەکەیی دابین بکات..
کەواتە لە ئێستادا کە باس لە سەروەری نیشتیمان دەکەین، تەحسیل حاسڵ باس لە سەروەری و کەرامەتی ئادەمیزاد دەکەین. چونکە ئەو کاتەی ئادەمیزادەکان لە دژی دەسڵاتی داگیرکەر خەباتیان دەکرد، مەسەلەکە میللەتێکی چەوساوە بوو لەسەر خاکێکی داگیرکراو، بە واتایەکی تر ئادەمیزادەکە دەکەوێتە پێش خاک و خۆڵەوە، نەک بە پێچەوانەوە.. چونکە دوای رزگاربوون و ئازادی، خاک و خۆڵ هەمان خاک و خۆڵە، بەڵام ئەوەی جیاوازیەکە دروست دەکات ژیانی ئادەمیزادەکانە لەسەر ئەو خاکەی کە خەباتیان لە پێناوی ئازادبوونیدا کرد. مەسەلەکە ئەو کەرامەتەیە کە بۆ وشەی "نیشتیمان" ناگەڕێتەوە، بەڵکوو بۆ ئادەمیزادەکان دەگەڕێتەوە کە داگیرکەر هەڕاجی کردبوو. ئەو سەروەریەش کە باسی دەکرێ، سەروەری ئادەمیزادەکانە لەسەر خاکی باوباپیرانیان کە داگیرکەر سووکایەتی پێکردبوو.
***
-٢-
"نیشتیمان و هاونیشتیمانیی" پێناسەیەکی تر
چەمکی "نیشتیمان" یەکەمجار بە شێویەکی راستەوخۆ لامان دروستدەبێت کە لە جێگەیەک لەدایک دەبین، بەمەرجی ئەوەی رەگ و ریشەمان لەو جێگەیە هەبێت، دەنا ئەوەی کە رێکەوت بەهۆی هەلومەرجی ئیشی باوک یان دایکیەوە لە جێگەیەک لە دایک دەبێت، دواجار ئەوە بە "نیشتیمان" نازانێت، ئەو جێگەیە بە نیشتیمانی رەسەنی خۆی دەزانێت کە رەگ و ریشەی باو باپیرانی لێی داکوتراوە، جگە لە فاکتەری "زمان" کە کە لەگەڵ لەدایکبوونیەوە لە ناو "نیشتیمان"ە بچووکەکە لەناو خێزانە قسەی پێدەکات.. لێرەشەوە سادەترین پێناسە بۆ "نیشتیمان" ئەوەیە کە بریتیە لەو پارچە جوگرافیایەی لێی لەدایک دەبیت، ئەو جێگەیەی کە باوباپیرانتی تێدا ژیاوە، ئەو جێگەیەی کە هەست بە ئینتیما بکەی بۆی، ئەو جێگەیەی مێژوویەک و زاکیرەیەکت هەیە، درێژەکراوەی مێژووی باوباپیرانت زاکیرەی هاوبەشتانە، ئەو جێگەیەی کە لەگەڵ ئەوانی تردا کەلتوورێکی هاوبەش و زمانێکی هاوبەش کۆی کردوونەتەوە، ئەو جێگەیەی ئامادەی قوربانی بۆ بدەیت و خەباتی بۆ بکەیت و لە پێناویدا ژیانت دانێی..
لەگەڵ سادەیی ئەم پێناسانەدا، کە وردیان دەکەینەوە چەندین رەهەند و چەمکی تێدا دەبینینەوە کە دەبێت لەسەریان بوەستین، لەوانە هەردوو چەمکی "جێگە" و "زەمەن".. بەهەمان شێوەی پۆرلینکردنەکانی جێمس جینز، کە ئاماژەمان بە یەکێکیان دا زەمەنیشی بە هەمان شێوە پۆلینکردوە، یەکەمیان زەمەنی خەملێنراو (الزمان التصوري)ە کە ئەویش زەمەنی میکانیکای تیوری و هەموو هەوڵەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکاری و جووڵە، ئەمیش بەهەمان شێوەی جێگەی خەمڵێنراو زەمەنی خەمڵێنراویش تەنها لە مێشک یان هزری ئەو کەسەدا بوونی هەیە کە بیری لێدەکاتەوە.. واتا ئەوە منم وەک ئادەمیزاد، ئەو زەمەنە لام دەبێتە پیرۆز کە لە جێگەیەک دێمە دونیاوە، ئەو زەمەنەی کە درێژکراوەی زەمەنی هاتنەدونیای باوباپیرانمە لەسەر هەمان خاک، کە ببیرکردنەوەی من بوەتە "نیشتیمانە خەمڵێنراو"ەکەم.
هەڵبەتە لەبارەی ئەوەی پێی دەگوترێ "نیشتیمان" کە ئەو جێگەیەیە کە لێێ لەدایکدەبین و لێێ ژیان دەکەین، هەروەها ئەو زەمەنەی کە تێیدا لەدایکدەبین و لەو جێگەیە بەردەوام دەبین لە ژیانکردن، جێمس جینزی زانای بەریتانی، 1877-1946، لە کتێبی "فیزیا و فەلسەفە"دا زۆر بە وردی قسەی لەسەر کردوە و بەپێی پۆلینکردنەکانی زانستی سەردەم، شیکاریەکی جوانی بۆ چەمکی "نیشتیمان" کردوە.. جینز بە تێگەیشتنێکی فەلسەفیانە "شوێن" و "زەمەن"ی بۆ چوار جۆر پۆلینکردوە: جگە لە جێگەی خەملێنراو (المکان التصوري) کە ئاماژەمان پێدا دوەم: شوێنی هەستپێکراو (المکان الادراکي الحسي) ئەوەش جێگەی ئەوانەیە کە هوشیارن و هەستەکانیان تۆماردەکەن. سێیەم جێگەی فیزیکی (المکان الفیزیائي) واتا جێگای فیزیا و فەلەک. چوارەم شوێنی رەها (المکان المطلق) ئەویش ئەو جۆرە تایبەتەیە لە جێگە فیزیکیەیە کە نیوتن کردوویەتیە بنەمایەک بۆ سیستەمە میکانیکیەکەی و بەشێوەیەکی گشتی لەو ماوەیەی نێوان نیوتن و ئەنیشتاین زۆر بەکاردەهێنرا..
هەر بەهەمان شێوەش زەمەنی بۆ جوار جۆر پۆلینکردوە، جگە لە یەکەم جۆر کە زەمەنی خەملێنراو (الزمان التصوري)ە دوەم زەمەنی هەستپێکراو (الزمان الادراکي الحسي) دزەکردنی زەمەن لای هەموو کەسێک کە ئیدراکی حزی هەیە تۆمار دەکات.. سێیەم زەمەنی فیزیکی (الزمان الفیزیائي) زەمەنی جیهانی چالاکی فیزیا و فەلەکە و ئەویش جیهانی "گەردوونی"ە وەکوو جێگەی فیزیایی.. چوارەم زەمەنی رەها (الزمان المطلق) ئەمیش هاوتای جێگەی رەهایە.. -تا ئێرە لێکدانەوەکانی جێمس جینز تەواو-
ئەوەی لە میانەی ئەم باسەدا دەمەوێ لەسەری بوەستم، ئەو جێگە خەمڵێنراو (المکان التصوري) و زەمەنە خەمڵێنراو (الزمان التصوری)ەیە کە لە مێشکی ئادەمیزاددایە و لە ئەنجامی بیرکردنەوە خەڵقی کردوە و لەگەڵ چەمکی "نیشتیمان"ی لێناوە.. بەڵام لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر ژیانی ئادەمیزاددا هاتوە تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی ئادەمیزاد بۆ چەمکی نیشتیمان بەردەوام گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، لەوانە دەبینی کەسانێک هەن لە ناو ئەو نیشتیمانەدا دەژین کە لێی لەدایکبوون و باوباپیرانیانی لێ لەدایک بوە کەشی ئەو هەستی "هاونیشتیمانێتی"ەیان وەرنەگرتوە و بەردەوام لە گەڕاندان بەدوای "نیشتیمان"ێکدا کە هەست بە بەختەوەری بکەن و کەرامەتیان تیایدا پارێزراو بێت هەست بە پارێزراوی بکەن و مافەکانیان دەستبەر بووبن. ئەم ئاڕاستەی بیرکردنەوەیەش لەو هەلومەرجەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئابڵووقەی ئادەمیزادەکانی داوە و تیایدا ژیان دەکات.
-٣-
پەیوەندی هاونیشتیمانیان بە نیشتیمانەوە
جگە لە جێگە، بەواتای ئەو خاکەی جەستەتی لێ هاتۆتە دونیاوە، زەمەنیش، بەواتای ئەو زەمەنەی تیایدا ئادەمیزاد هاتوەتە دونیاوە و درێژکراوەی زەمەنی هاتنەدونیاوەی باوباپیرانە، لەگەڵ ئەم دوو ئێلێمێنتەدا "زمان" هەیە کە یەکێکە لە پایەکانی ناسنامەی نەتەوەیی و لە نەتەوەکانی تری جیادەکاتەوە، ئەدەب و هونەری پێ بەرهەم دەهێنێ کە ناسنامەی کەلتووری دروست دەکات. کەواتە تۆ ئیستا خاکێکت هەیە جەستەت لەسەری هاتۆتە دونیاوە، زەمەنت هەیە و زمانێکیشت هەیە، کە پایە سەرەکیەکانی "نیشتیمان"ت بۆ دەستنیشان دەکەن.. "هاونیشتیمانێتی" بریتیە لە پەیوەندی نێوان ئادەمیزادەکان و دەوڵەت. ئەرکەکانی ئادەمیزادەکان بەرانبەر بە دەوڵەت، وەکوو ملکەچبوونی بۆ دەسەڵاتی قانون و پارێزگاریکردنی ئەمن و ئاسایشی دەوڵەت و پێدانی باج .. هتد. لەبەرانبەردا پێویستە لەسەر دەوڵەت ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ ئادەمیزادەکان دابین بکات لە رێگەی خزمەتگوزاریەکانەوە و پارێزگاری لێکردنیان لەکاتی قەیران و کارەسات و جەنگەکاندا، دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری وەکوو پێدانی موچە لەبەرانبەر ئیشکردنیاندا، قەرەبووکردنەوەیان لەبەرانبەر زەرەر و زیانەکانی لێیان دەکەوێت لەکاتی قەیرانەکاندا، دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی و رووبەرێکی فراوان بۆ ئازادیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، وەکوو دینی، سیاسی و بەشداری لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت.. هتد.. ئەمانە هەمووی ئەو پەیوەندیەی نێوان دەوڵەت و ئادەمیزادەکان رێکدەخات و هەروەها ناوی "هاونیشتیمانی" دەبەخشێتە هەموو ئادەمیزادەکان بەبێ جیاوازی. لێرەدا مەبەست لە ئەرکەکانی دەوڵەت بەرانبەر بە ئادەمیزادە بۆ ئەوەی ببنە هاونیشتیمانی ئەوەیە بە یەکسانی کانسەکانی خوێندن، کارکردن، بەشداری لە ژیانی کۆمەڵگا ..هتد. دەبێت بۆ تەواوی میللەت بە جیاوازی رەنگ و دەنگ و پاشخانی دینی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیەوە دابین بکات، بۆ ئەوەی هەموو ئادەمیزادەکان هەست بە وەلاء بۆ ئەو نیشتیمانە بکەن و ئامادەبن ملکەچی یاسا و رێساکان بن و خزمەتی ئەو نیشتیمانە بکەن.
بێگومان ئیستا بەپێوەرە سەردەمیەکان کە دونیابینی ئادەمیزادەکان و پێداویستیە مرۆییەکان لە رووی مەعنەوی و مادیەوە و گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە، و هەروەها بە پێی پێوەرە فکری و فەلسەفیەکان چەمکی "نیشتیمان" و "هاونیشتیمانیبوون" گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتوە، بەتایبەت کە جۆری دەسەڵاتە حوکمڕانەکان لەبەرچاو دەگرین و تاچەند مەرجەکانی هاونیشتیمانیبوونیان بۆ خەڵک لەسەر خاک و زێدی باوباپیرانیان دابینکردوە!! لێرەدا ئیتر قسەکردن لە چەمکی نیشتیمان بە ئاڕاستەیەکی تردا دەڕوات، ئەو کاتەی کە هەندێ کەس دەڵێن: ئەو جێگەیە نیشتیمانمە کە نانم بۆ دابین دەکات و پارێزگاری لە کەرامەتم دەکات و لە سایەی یاسادا هەموو کەس یەکسان بن و عەدالەت بەرقەرار بێت و ژیانێکی شایستەم بۆ دەستەبەر دەکات و بتوانم ئازادانە بژیم و قسە بکەم و را دەربڕم...هتد.، ئەوجا دەتوانم ببمە هاونیشتیمانیەکی وا کە هەموو ئەرکەکانی خۆم جێبەجێ بکەم. لێرەوە تێدەگەین کە نیشتیمان بریتی نیە تەنها لە جوگرافیایەک لێێ دێیتە دونیاوە، هەتا دەمریت دەبێت قوربانی بۆ بدەیتم، بەڵکوو ئەو جێگەیەیە کە ژیانێکی شایستە بە ئادەمیزادی لێ بەڕێکەیت.
-٤-
ئادەمیزاد چەقە نەک نیشتیمان
بە درێژایی مێژووی میللەتی کورد لەگەڵ ژێردەستەییدا، چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی خەباتی سیاسی و چەکداری کردوە و لەپاڵ ئەوەشدا هەموو هونەر و ئەدەبیاتەکانی لە خزمەت نیشتیماندا بوە، هەر لە شاعیرانی کلاسیک و پێش ئەوانیش، هەتا نوسەران و شاعیرانی سەردەمی نوێ و هەتا رۆژگاری ئەمڕۆ هەموو شاکارە ئەدەبی و هونەریەکان باس لە نیشتیمان دەکەن، لە هەموو ئەو شاکارانەشدا ئادەمیزاد چەقی بابەتە، ئەو ئادەمیزادەی شۆڕش دەکات بۆ ئەوەی خاک لە داگیرکەر بسەنێتەوە، ئەو ئادەمیزادەی کە خوێن دەڕێژێ بۆ ئەوەی داری ئازادی گوڵ بگرێ، ئەو ئازادیەی کە جێگەی دەنگ و رەنگی تێدا ببێتەوە..
لەم نێوەندەدا چەمکی "ئادەمیزادبوون" بەرانبەر بە چەمکی "نیشتیمان" دەوەستێ، بە چەند وشەیەکی تر ئەگەر ئادەمیزادەکان نەبن، نیشتیمان نابێت، ئەی بۆچی کەس ناچێت بۆ زەویەکی خاڵی خۆی بە کوشت بدات؟ خۆ خاکەکە هەیە!! بەڵام لەو جێگەیە خەبات بۆ نیشتیمان دەکرێ کە ئادەمیزادی لێیە..
ئەمە دەمانخاتە بەردەم ئیشکالیەتی ئەوەی بۆچی بەتایبەت لە خۆرهەڵات هەتا ئیستا چەمکی "نیشتیمان" لەسەروو چەمکی "ئادەمیزادبوون"ەوەیە؟ بۆچی دەوڵەت چاوەڕێی "نیشتیمانپەروەری" لە ئادەمیزادەکان دەکات، لە کاتێکدا دەبێت دەوڵەت هەموو هەوڵەکانی لە بەرزڕاگرتنی بەها ئینسانیەکانی ئادەمیزدەکاندا چڕ بکاتەوە؟
هەموومان دەزانین لەو جێگەیە نیشتیمان هەیە کە ئادەمیزادی لێیە.. کەواتە میللەت کە خەبات دەکات بۆ خاک و خۆڵی ناکات، بۆ ئادەمیزاد و بەهای مرۆڤانەی ئادەمیزادی دەکات.. بەڵام دواجار مەبەست لەو خەباتەش دابینکردنی ژیانێکی سەربەرزانەیە بۆ ئادەمیزادەکان، دەنا دواجار کە لەو جێگەیەی کە خەباتم تێداکرد و لێێ چەوسامەوە، و رزگارم کرد ئەگەر ژیانێکی سەربەرزانەم نەبوو لەوە ئاسانتر نیە جێی بهێڵم، بچمە جێگەیەک کە رێز لە ئینسانیەتم دەگرێ و هەموو مافەکانم بە یەکسانی لەگەڵ ئەوانی تردا پێ دەدات، ئەو جێگەیەی کە دەتوانم ئازادانە قسە بکەم و سەربەرزانە بژیم و بۆ دەستکەوتنی پارچە نانێک هەست بە ریسوایی نەکەم..
لێرەوە تۆ کە زمانێک قسە دەکەیت کەواتە تۆ هاونیشتیمانی ناوچەیەکی کە بەو زمانە قسە دەکەن، بەڵام هێشتا هەبوونی خاک و زمان بەس نین بۆ ئەوەی بەهای ئینسانی تۆ تەواو بکەن بەبێ ماف و یەکسانی و عەدالەت و خزمەتگوزاری و ژیانێکی بەکەرامەت و شایستە بە ئادەمیزاد، ئەگەر نا خۆ مرۆڤیش دەبوو وەکوو ئاژەڵەکانی تر لە شاخ و داخ و دەشت و دەردا بژیایە ، یان وەکوو باڵندەکان لە وەرزەکاندا کۆچی بۆ ئەو شوێنانە بکردابا کە کەشوهەواکەی مامناوەند و گونجاوە.
نمونەشمان هەلومەرجی ئیستای کوردستان و هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتە ئەم بیست ساڵەی دوایی کە زۆرترین شەپۆلەکانی کۆچکردن لە نیشتیمان و زێدی باوباپیرانەوە بەرەو دەرەوەی نیشتیمان، گەڕان بەدوای نیشتیمانێکدا رێز لە ئینسانیەتیان دەگرێ، گەڕان بەدوای ماف و ئازادی و ژیانێکی شایستە بە ئادەمیزاد و، گەڕان بەدوای ئارامی و ئاسایش و پارێزراویدا لە جێگەیەک کە ئادەمیزاد هەڵگری بەها باڵاکانە و چەقی هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتە لە خزمەتگوزاری پێدانی هەموو ماف و شایستە ئینسانیەکان و گێڕانەوەی کەرامەتی ئینسانیان، بە دەستکەوتنی ژیانێکی شایستە بە ئینسان..
لەو کاتەوە کە تەواوی میللەتێک لە دەسەڵاتێک بێهیوا دەبێت کە لە نیشتیمانی باوباپیرانیدا بەو ئەرکانەی لەسەر شانیەتی بەرانبەر بە "هاونیشتیمانیان" جێبەجێێ بکات، روو لە مەنفاکان دەکات، روو لەو جێگەیە دەکات کە تیایدا بە یەکسانی دادپەروەرانە ببێتە هاونیشتیمانی، لێرەدا گوتەیەکی ئیمیل سیۆران، فەیلەسوفی رۆمانی 1911-1995م دێتەوە یاد کە دەڵێ: "ئادەمیزاد لە وڵاتێک نیشتەجێ نابێت، بەڵکوو لە "زمان"دا نیشتەجێیە، ئەوە نیشتیمانە، هیچی تر نا." بەواتای ئەوەی تۆ هاونیشتیمانی ئەو جێگەیەیت کە زمانەکەی قسەدەکەیت.. بەمەرجێ لەو جێگەیە رێز لە ئینسانیەتت بگیرێت، ئیتر هیچ گرنگ نیە لێی لەدایک بووبیت یان نا، رەگ و ریشەت لێی هەیە یان نا.
ئیستا پرسیار ئەوەیە: بۆچی لە خۆرهەڵات، چەمکی "نیشتیمان" هەمیشە لەسەروو چەمکی "ئادەمیزاد"بوونەوەیە؟ بۆچی ئەو ئادەمیزادانەی کە لەسەر خاکێک نیشتەجێن خەبات بەناوی "مرۆڤبوون"ەوە ناکەن؟ بۆچی هەمیشە بەناوی "نیشتیمان"ەوە دەیکەن؟ بۆچی ئامادەن لە پێناو بستێک خاکدا ژیانیان بکەنە قوربانی کەچی ئەو "ئادەمیزادانە"ی کە حوکمڕانی ئەوانی تر لەسەر ئەو خاکە دەکەن ئامادە نین هەژارەکان تێر بکەن، بۆچی دوای ئازادکردنی خاکیش ئامادە نین خەبات بۆ ئادەمیزادەکان بکەن؟ خۆ ئەگەر مەسەلە سەروەری خاک بێت، ئەوە ئادەمیزادەکانن بە بوونیان لەسەر ئەو خاکە ئەو سەروەریە دەبەخشنە ئەو خاکە. کەواتە سەروەری خاک لە سەروەری ئادەمیزادەوە سەرچاوەی گرتوە لەسەر خاکەکەی..
لێرەدا هەردوو چەمکی "نیشتیمان" و "میللەت" خوێندنەوەیەکی تر هەڵدەگرێ، بە پێوەرە ئینسانیە سەردەمیەکان، ئادەمیزاد وەکوو بەهایەکی باڵا.. نەک ئەو خوێندنەوە کۆنەی کە پێش راپەڕین چەمکی "ئینسانبوون"ی بە خاکەوە بەستبۆوە، ئەو هێزە سیاسیانەی کە دەسەڵاتیان گرتە دەست، "نیشتیمان"یان وەکوو چەمکێکی باڵا بەسەر خەڵکدا زاڵ کرد..
ئەمڕۆ "نیشتیمان" بە مانای "خاک" نایەت، بەڵکوو یەکسانە بە سیستەم و مۆدێلی حوکمڕانی، یەکسانە بەوەی چەندم ماف دەدەیتێ ئەوەندە ئەرکەکانی خۆم جێبەجێ دەکەم..
لە کۆتاییدا دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەفلاتون فەیلەسوفی یۆنانی 427- 347 پ.ز. کە دەڵێ:
"کۆتایی بە کێشەکانی وڵاتان یان کێشەکانی مرۆڤایەتی نایەت، مەگەر فەیلەسوفەکان ببنە پاشا لەم جیهانەدا، یان ئەوانەی ئێمە بە پاشا و حاکمدار ناویان دەبەین ببنە فەیلەسوف".

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP