دواین هەواڵ

هونەری پرسیارکردن

‌ڤینۆس فایەق

03/06/2022

یەکێک لە وەزیفە هەرە گرنگەکانی پرسیار دروستکردن شیکردنەوەی ئەو بابەتەیە کە سەرەداوەکەیمان لایە و خوێندنەوەی لە چەندین رووی جیاوازەوە بۆ بکەین. جا کە دیمانەیەک بە «خۆت بناسێنە» دەستپێدەکات، ئیتر لەوە سارد دەبمەوە وەڵامی پرسیارەکانی تر بدەمەوە، ئاخر پرسیارکردنی رۆژنامەوانی هونەرە، نەک ئەرک لە کۆڵکردنەوە، مەبەست لێی دەبێت پێشکەشکردنێکی جیاوازی بابەتێک بێت شایستەی ئەوە بێت رووبەرێکی لە رۆژنامەیەکدا پێ پڕبکرێتەوە. 

خۆ ئامادەکردن: 

هەرچەندە ئێستا دیمانە بۆ بڵاوکراوەکان لە رێگەی ئیمەیل و نامەی کورتەوە دەکرێت و کەس تاقەتی بەتاڵکردنی تۆمارەکانی نییە مەگەر دیمانە سیاسی و حزبیەکان یان کەسایەتییە بەتەمەنەکان، ئەمە وایکردووە زۆرجار پرسیارەکان یەک کڵێشەیان هەبێت و بەبێ خۆئامادەکردن کۆپی و پەیست دەکرێن و بۆ چەندین کەسی تر دەنێردرێن. 

پرسیارکردن، واتا بیرکردنەوە، گومانکردن، گەڕان بەدوای زانیاریدا. گرنگیی خۆ ئامادەکردنیش لەو وەڵامانەدا دەبینرێتەوە کە پرسیارەکانیان بۆ دەهۆنرێتەوە.

مەبەست لە دیمانەکە:

جۆری پرسیارەکان دەریدەخەن رۆژنامەنووسەکە پێش هەموو کەس دەخوازێت چی لەو دیمانەیە دەستبکەوێت، جیاواز بێت و پێشکەشی وەرگری بکات. خۆ ئەگەر هەموو دیمانەکان لەیەکتر بچن، نەکرێن باشترە. کە بابەتێکی دیاریکراو، پرسێکی گرنگ یان رووداوێک نەبوو دیمانە نەکرێت باشترە. «دیمانەی ناساندن» باوی نەماوە، ئیشی رۆژنامەنووس نییە کەسێک بە وەرگر بناسێنێت، بەڵکو ئیشی ئەو ئەوەیە پرسێک بکاتە بابەتی دیمانەرۆژنامەوانییەکە.

دیمانە بە پێی میوان: 

تێکەڵكردنێک لە نێوان شێوازی  دیمانەیەک لەگەڵ ئەدیبێک، هونەرمەندێک و تەنانەت سیاسیەکیش هەیە، کە ئەمە پەیوەندیی بە تایبەتمەندیی رۆژنامەوانەوە هەیە. هەر هەمووی بە یەک پاترۆن دادەڕێژرێت و تایبەتمەندیی تیادا بەدیناکرێت. هەڵبەت ئەمانە لە گشتدا لە زۆربەی بوارەکانی رۆژنامەوانیدا، نووسراو و بینراو و بیستراو بەرچاو دەکەون. 

جیاکردنەوەی بوارەکان واتا جیاکردنەوەی تایبەتمەندییە رۆژنامەوانییەکان، وەک: رۆژنامەنووسی وەرزشی، هونەری، سیاسی، ئەدەبی، زانستی، پەروەردەیی..تاد. و رۆژنامەنووسی پیشەیە، رۆژنامەنووسیی هونەری بە نموونە پسپۆڕییە. 

جۆری پرسیارەکان:

تۆ لەبەردەم کەسایەتییەکدای پێویستیی بەوەیە بەو شێوەیە بیدوێنیت کە زیاترین زانیاریی نەبیستراو لە وەڵامەکانی وەرگریت و پێشکەشی وەرگری بکەیت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی وەرگری ئەمڕۆ لە وەرگری دوێنێ گەلێک زیرەکترە. یەکێک لە هەرە بێتامترین پرسیارەکان ئەوانەن داخراون وتەنها بە «بەڵێ» و «نەخێر» وەڵامدەدرێنەوە. 

بێلایەنی لە پرسیارکردندا:

زۆر گرنگە هەستێک بە میوان و وەرگر نەدەیت کە بەشێکی لەو رووداوە یان ئەو پرسەی کە دیمانەکەی لەبارەوە دەکەیت. چونکە زۆرجار رۆژنامەنووس کە بە هەڵچوونەوە پرسیار دەکات کەشی دیمانەکە بە ئاقارێکی تردا دەڕوات. باشتر وایە رۆژنامەنووس  کۆنترۆڵی هەستەکانی و هەروەها رەنگدانەوەی کاریگەریی بابەتەکە لەسەر دەموچاوی بکات. 

کۆتا پرسیار: 

لە هەمووی نابەجێتر، لانیکەم بەلای منەوە، ئەو»دوا وتە»یەیە کەعەرەب گوتەنی «اضعف الایمان»ی کۆتاییهێنانە بە دیمانەیەک کە نازانی چۆن کۆتایی پێبهێنیت. رۆژنامەنووسی زیرەک ئەوەیە لە کۆتاییدا بە پرسیارێکی پێکەنین ئامێز یان پرسیارێک کە جەختە لە پرسێک یان بە پرسیارێکی گرنگی داخراو کۆتایی بە دیمانەکە بهێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP