دواین هەواڵ

هه‌میشه‌ باجی قورس له‌ پێناو سه‌روه‌ری قه‌واره‌ی كوردستان‌

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

6 کاتژمێر پێش ئێستا

له‌ مێژووی خه‌باتی چه‌كداری و سیاسی ڕزگاریخوازی كوردوكوردستاندا ، هیچ حزب و لایه‌نێك وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان باج وقوربانی قورسی له‌ پێناو ته‌بایی و پارێزگاریكردن له‌ مافه‌ره‌واكانی گه‌له‌كه‌ی و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌ی نه‌داوه‌ . پارتی له‌ پێناو به‌دیهێنانی خه‌ون و ئاواته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كانی كوردستاندا ، زۆرترین شه‌هید و قوربانیدانی به‌خشیووه‌ به‌ كوردستان ، یه‌كێك له‌و ئامانجه‌ پیرۆزانه‌ دامه‌زراندن و پارێزگاریكردن بووه‌ له‌ قه‌واره‌ی كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رجه‌سته‌ بووه‌ و جێگه‌ ئومێد و شانازی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌ 

پارتی و ڕه‌چاوگرتنی به‌رژوه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان 
له‌ ماوه‌ی 34 ساڵ حكوومڕانی گه‌لی كورد و له‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا و به‌تایبه‌تی له‌ دوای شه‌ڕی نه‌گریسی نێوخۆیی ، سه‌رۆك بارزانی ، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ و ڕابه‌رێكی مێژووی كورد نه‌ك سه‌رۆكی حزبێك ،پارێزه‌ری خاك و مافه‌ره‌واكانی گه‌لی كورد بووه‌ ، له‌ پێناو پارێزگاریكردن له‌ قه‌واره‌ و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ مێژووییه‌كان زۆرترین باج و نه‌رمونیانی به‌رامبه‌ر گشت هێزولایه‌نه‌كان نواندووه‌ . هه‌میشه‌ ئامانجی سه‌رۆك مسعود بارزانی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌ هه‌ر جۆرێك بوو بێت ، لێكترازان و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت و حكوومه‌ت و كوردستانێكی به‌هێزتر و ته‌با دروست بكرێت و كوردستان یه‌ك ده‌نگ و یه‌كپارچه‌ بێت ، خه‌ڵكی كوردستان باجی ململانێیه‌كان نه‌ده‌نه‌وه‌ و دوژمنان و نه‌یارانیش سوودمه‌ند نه‌بن 

پارتی له‌ خۆڕاگی و ڕه‌چاوگرتنی دۆخه‌كه‌ له‌ پێناو یه‌كهه‌ڵوێستیدا 
هه‌موو ئه‌و سازشكردن و نه‌رمی نواندنی پارتی به‌ ڕابه‌رایه‌تی سه‌رۆك مسعود بارزانی ، به‌تایبه‌تی له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی رابردوو وبه‌تایبه‌تی له‌كاتی پێكهێنانی حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كانی كوردستان ، له‌ پێناو پارێزگاریكردن له‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ته‌بایی و یه‌كده‌نگی نێوماڵی كوردستان و ڕێگریكردن له‌ په‌ككه‌وتنی دامه‌زراوه‌كان،زۆر نه‌رمی نواند و پشوودرێژی نواند و باجی زۆر گه‌وره‌یدا ، به‌ڵام كاتێك كار گه‌یشته‌ سه‌ر مه‌ترسی سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌ویش له‌ ڕوانگه‌ی پارتی و بارزانییه‌وه‌ هێڵی سووره‌ ، بێده‌نگی شكاند . سه‌رۆك بارزانی پێیوایه‌ پارێزگاریكردن له‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رووی هه‌موو به‌رژوه‌ندییه‌كی دیكه‌ی حزبییه‌وه‌یه‌ ، بۆیه‌ زۆر جار بێده‌نگیی هه‌ڵبژاردووه‌ تاكو نێوماڵی كوردستان تێك نه‌چێت . به‌ڵام له‌ كۆتاییدا هه‌موو ئه‌و نادادپه‌وه‌رییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارتی و ده‌نگ و ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان بوو ، پێوست بوو ڕابگیرێت و په‌رله‌مانی كوردستان كارا بكرێته‌وه‌ 

كاركردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئاسایی و یاسایی و ده‌ستوورییه‌ 
به‌دڵنییاییه‌وه‌ و به‌هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر هه‌نگاوانه‌ یاسایی و ده‌ستووری  وكارگێرییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ، هیچ كێشه‌یه‌كی یاسایی نییه‌ و به‌ پێی پێڕه‌ویش زۆر ئاساییه، هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ دوای دوو ساڵ له‌ په‌ككه‌وتنی په‌رله‌مانی كوردستان بینرا بۆ كاراكردنه‌وه‌ی و به‌ پێی یاسا پێوستی به ئاماده‌بوونی ‌ 50+1 په‌نجا كۆ یه‌كه‌ له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستانه. له‌ رابردوو كۆتاكان 11 كورسیان هه‌بوو ، یه‌كێتیه‌كه‌ی باڤڵ تاڵه‌بانی و نه‌وه‌ی نویی شاسوارۆك ، له‌ دادگای فیدڕاڵی سكاڵای تۆمار كرد و چاوه‌روانی ئه‌وه‌ بوو دادگای به‌غدا دژی كوردستان هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت ، بۆیه‌ ئه‌و كاته‌ كه‌مكرایه‌ بۆ پێنج كورسی ، بۆیه‌ به‌شداریكردنی 52 ‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌تایبه‌تی كه‌ سێی له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ كورسی كۆتا بوون،ئه‌گه‌ر وه‌ك رابردوو كۆتاكان 11 كورسییان هه‌بووایه‌،كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌سته‌م ده‌بوو ،چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌بوو 56 په‌رله‌مانتار ئاماده‌ بن ، له‌وه‌شدا ئه‌و سكاڵایه‌ی كه‌ یه‌كێتیی وكڵكه‌كانی له‌باره‌ی كورسی كۆتاكان له‌دادگای فیدراڵی كردیان ، به‌ زیانی خۆیان شكایه‌وه‌ 

كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان وگه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆ و سه‌نگی قه‌واره‌ی كوردستان 
ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه‌ و سه‌روه‌ری و شكۆیه‌ بۆ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ ، ئێستا په‌رله‌مان كارا كراوته‌وه‌ ، بۆیه‌ هیچ ڕێگه‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م یه‌كێتیی و كڵكه‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێی نه‌ماوه‌ ،جگه‌ له‌ به‌شداریكردن له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ، چونكه‌ باشترین سه‌كۆیه‌ تا له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ و یاساكانی په‌رله‌مانه‌وه‌ داواكانیان بگه‌ێنن ، بۆیه‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی دیكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ نێو په‌رله‌مان كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان یه‌كلا بكرێته‌وه‌ ، ڕیسوایی و خیانه‌ته‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌ل و ئیراده‌ی ده‌نگده‌ران و مێژوو و چونكه‌ په‌رله‌مان ناوه‌ندی بڕیاردانه‌ و ئێستاش سه‌رده‌می دیموكراسییه‌ 
ئەوەی راست و رەواية ئه‌وه‌ی راست و ره‌وایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌كان وده‌ستكه‌وته‌كان موڵكی هیچ حزب و لایه‌نێك نییه‌ ، ئه‌وه‌ش بنه‌مایه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌ ، هه‌ربۆیه‌ ، هه‌ڵگرتنی ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی و پارێزگاریكردن لێیان و خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستان تاكه‌ بژارده‌یه‌ بۆ داهاتووی كوردستان تا له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان بپارێزرێت ؛ ئه‌وه‌ش پرسێكی گرنگ و ستراتیژییه‌كی نه‌گۆڕی پارتی و بارزانییه‌ وهه‌میشه‌ له‌سه‌ر ڕژده‌ و ئاماده‌ نییه‌ له‌پێناوی هیچ به‌رژوه‌ندییه‌كی لاوه‌كیدا ،ده‌ستبه‌رداری ببێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP