دواین هەواڵ

سنووری لێبووردەیی لەکوێدا تەواو دەبێت

‌ڤینۆس فایەق

10/04/2022

«بۆ پیشاندانی لێبووردەیی، دوژمن باشترین مامۆستایە» 
دالایلاما

تەنانەت مەسیحیش کە دەڵێ: «کەسێک کە بە رومەتی راستتیدا کێشا رومەتی چەپتی بدەرێ، ئەگەر جلەکانتی برد قۆپچەکانیشی بدەرێ»، مەبەستی ئەوە نەبووە بێ سنوور لێبووردە بیت، مەبەستی ئەوە بووە «لەگەڵ ئەو کەسەدا لێبووردە بە کە لە فەلسەفە و حیکمەی لێبووردەیی تێدەگات، بەڵام سەفیهەکان کە تێناگەن، جلەکانت بفرۆشە بۆ ئەوەی شمشێری پێ بکڕیت». 

ئەم بابەتەم ئەو کاتە بیر کەوتەوە کە لە میانەی وتوێژێکدا لەگەڵ هاوڕێیەکدا، تێگەیشتم ئەو باوەڕی وایە کاتێک ئادەمیزاد لەگەڵ کەسێکدا کە هەڵەی بەرانبەرت کردوە لێبووردە بوویت، واتای وایە تۆ لەو باڵاتری. لە کاتێکدا حیکمەی لێبووردەیی وا ناڵێ، بەڵکوو لێبووردەیی پێویستی بە بڕێکی زۆر لە تواضع و بەخشندەیی هەیە تۆ کە لێبووردە دەبیت بۆ ئەوەیە لاپەڕەیەکی تازە هەڵدەیتەوە و بەردەوامی بە پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە بدەیت. هیچ کات لێبووردەیی ناتکات بە ئادەمیزادێکی باڵاتر و بێ هەڵە، چونکە لە ئەسڵا باشی تۆ لە هەڵەی ئەواندا دەرناکەوێت. 

بە دیوەکەی تریدا لێبووردەییش وەکو هەموو هەڵوێستێکی تری ئینسانی دەبێت سنووری هەبێت، بە پێی قووڵی ئەو ئازارەی لە ئەنجامی هەڵەی ئەوانی ترەوە پێت دەگات. هەتا سەر لێبووردەیی ئادەمیزاد پەکدەخات. هەتا سەر لێبووردەیی، چەمکی لێبووردەیی لە رۆح و فەلسەفەکەی بەتاڵ دەکاتەوە. 

ئادەمیزاد کە لە دایک دەبێت بە فیترە توانای چاکە و خۆشەویستیی هەیە، خەسلەتە نەرێنیەکان لە دەوروبەر و پەروەردەوە وەردەگرێت. جا بۆ ئەوەی بەرگەی قەساوەتی ژیان بگرێ دەبێت لە قۆناغی کامڵبووندا فێری بڕێک لە رق دەبێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بڕێکی گەورەتر لە خۆشەویستی و جوانیی ناخی بکات. کە ئەمەم گوت هاوڕێکەم وا خۆی پیشان دا کە تووشی شۆک بووە، لە کاتێکدا لە هەمان وتووێژدا ناوی کەسانێکی برد کە ئەو رقی لێیانە، بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو نەیدەزانی بۆچی رقی لێیانە؟ رێک وەکو ئەو خواردنەی کە هێشتا تامت نەکردوە بێزی لێدەکەیتەوە!

ئاخر خۆشەویستی بڕ و بیانووی پێویست نییە، بەڵام رق و کین دەبێت بیانووی هەبێت. چونکە سروشتی ئادەمیزاد وایە بە بڕی جیاواز چاکە و خراپە لە ناخیدا هەیە، بەڵام ئەوە ئەقڵیەتی چاکە یان خراپەکە پیشان دەدات. 

جا ئەگەر لێبووردەیی ئەو توانا هۆشیاریە بێت بۆ سەلماندنی هەبوونی خۆشەویستی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان، ئەوە سنوور دانان بۆ لێبووردەیی هەمان ئەو توانا هوشیارییەیە بۆ باش ناسینی کەسەکانە، و پێدانی وانەیەکی بەنرخە لە ئینسانیەتدا و تێگەیاندنیان چۆن خراپەکردن لەگەڵ ئەوانی تردا دەبێت سنووری هەبێت، ئاواش لێبووردەیی سنووری هەیە. 

چونکە لێبووردەیی بێ سنوور لای ئەوانیت تر زۆرجار بە گەمژەیی و ساویلکەیی لێکدەدرێتەوە، بۆیە دەبێت بزانیت کەی لێبووردە بیت و کەی لێنەبووریت و سوور بیت لەسەر هەڵوێستت. چونکە هەموو هەڵەکان گەمژانە و ساویلکانە ناکرێن، بەڵکو تاکتیک و پێداگریە لەسەر ئازار گەیاندن، بۆیە دەبێت نالێبووردەیی وەڵام بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP