دواین هەواڵ

جیهان لەژێر ڕەحمەتی ئۆپێک پلەسدایە

‌رۆندک فارس

29/11/2021

ئەو گوتەزایەی سەرەوە، تازەترین هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە کە لە بەرانبەر جۆ بایدندا دەریبڕیوە. لە ساتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا، هەروەها بڕیاری بەکاربردنی 50 ملیۆن بەرمیلی نەوتی ستراتیژی، بووە هۆی بڵاوکردنەوەی لێکەوتە و شرۆڤەی جودا لەبارەی بڕیارەکەی بایدن و چەندان ناوەندی توێژینەوەی جیهانیی، دوای ئەو بڕیارەی بایدن ئەنجامگیریی تازەیان خستە بازاڕەکانی شرۆڤەسازییەوە، بەڵام هیچیان هێندەی ئەو دێڕەی ترەمپ بۆ تێگەییشتن لە بارودۆخی ئێستا و داهاتووی ئابووری جیهان و ئاسایشی وزەی جیهانی گرنگ و کاریگەر نەبوو.

بۆیە ئەگەر خوازیاری شرۆڤەیەکی وردی مێژووی گۆڕانکارییەکانی ئابووری جیهان و ئاستی ڕکابەریەکان بین، دەبێت لەوە تێبگەین کە مەبەستی ترەمپ لەو پەیامە چییە کە لە ھەنبەر سیاسەتەکانی بایدن و ئەمریکا و هاوکات ئابووری سەردەمی کۆرۆنا گوزارشتی لێکردووە؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە تەنیا شرۆڤەکردنی سیاسەتەکانی بایدن و ڕکابەریی نێوان کۆماری و دیمۆکراتەکان بەس نییە، بەڵکوو تێهەلکێشکردنی ئەنجامی توێژینەوە قووڵ وکاریگەرەکان دەربارەی گۆڕانکارییە مێژووییەکانی پرسی ئاابووری زیاتر بەرچاومان ڕوون دەکەنەوە، بە تایبەتی کە لەم هەفتەیەدا دوو ڕووداوی گرنگ لە ئارادان، یەکێکیان دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئێران و کۆمەڵەی 5+١ـە لەبارەی پرسی ئەتۆمی و دووەمیان لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی پەتا تازەکەی بەشێک لە وڵاتاندا، ئۆپێک پلەس، بە سەرپەرشتیی ڕووسیا و سعودیە، لە کۆتا مانگی ساڵی٢٠٢١ـدا، بڕیار لەسەر بازاڕ و نرخی نەوت دەدات.

بەکاربردنی نەوتی ستراتیژیی ئەمریکی لە لایەن جۆ بایدنەوە بڕیارێکی تازە نەبوو، چونکە سەرکردە جیاوازەکانی ئەمریکا بڕیاری بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژیی نەوتیان داوە، بەڵام ئەمجارە جوداتر لە سەرکردەکانی تری ئەمریکا جۆ بایدن داوای لە هەریەکە لە (چین، هیندستان، کۆریای باشوور و ژاپۆن) کرد، بۆ ئەوەی نەوتی یەدەگی ستراتیژیی وڵاتەکانیان بەکارببەن، لە پێناو وەستانەوە دژی بڕیاری زیاد نەکردنی نەوت لە لایەن ڕووسیا و سعوودیە و کار بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت بکەن.

ئەو هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا لە لایەن بەشێک لە شرۆڤەکارانەوە بە دروستکردنی هاوپەیمانیی تازە دژی ئۆپێک پلەس نێوزەدکرا، بەڵام جیاوازتر لە دیدگا و دەرئەنجامی شرۆڤەکاران، ترەمپ گوتی: " بایدن دەیەوێت هاوشێوەی جێمی کارتەر، بە پێڕەوکردنی سیاسەتی وزەی سەوز، ئاسایشی وزەی ئەمریکا هاوشێوەی سەردەمی حەفتاییەکان، بخاتە ژێر ڕەحمەتی ئۆپێک پلەسەوە. " ئەم گوزارشتەی ترەمپ بۆ بایدن، لەدوای چەند مانگێک لە وتەکانی بایدن و پێنتاگۆنەوە دێت، کە گوتیان: " چین هەڕەشەی دوورمەودا و ڕووسیا مەترسیی کورتمەودای ئەمریکا.

ئەگەر بەراوردی سیاسەتی وزەی جۆ بایدن و جێمی کارتەر، وەک دوو سەرۆکی ئەمریکا لە حزبی کۆمارییەکان بکەین، بەو دەرئەنجامانە دەگەین کە کۆدی نهێنیی ڕکابەریی نێوان هەردوو بەرەی سیاسەتی دیمۆکرات و کۆمارییەکان، ئێران و نەوت و سامانی ئێرانە، چونکە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دوای ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبوو، زانایان گوتیان ئێمە گەییشتووین بە (ترۆپکی نەوت)! سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەدا پەنای بردەبەر پێڕەوکردنی بەرهەمهێنانی وزە نوێبووەوەکان، بەوپێیەی ئەمریکا دەتوانێت لە ڕێگەی فرەچەشنکردنی وزەوە دەسەڵاتەکانی خۆی بەسەر ئابووریی جیهانەوو فراونتر بکات،

بەڵام وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و میسر بە تایبەتی، دژی سیاسەتی پاڵپشتیکردنی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، قەیرانی هەناردەکردنی نەوت و ئۆپێکیان بەرپارکرد، جگە لەوەی ئەمریکا ناچار بوو ڕوو لە وەبەرهێنان لە بواری گازی سروشتی بکات و پەنای بۆ درێژکردنەوەی بۆرییەکانی گاز بۆ بازاڕەکانی وزە برد، بەمەیش ئەمریکا ڕووبەڕووی سەختترین قەیرانی هەڵكشانی ڕێژەی هەڵئاوسان بوویەوە و گەشەی ئابوورییەکەی دواکەوت، لە هەمانکاتدا ڕووسیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی نەوتەوە وەک چەکێک، ھەوڵیدا تەڵزگ بخاتە بەردەم سیاسەتی چەکی ئەتۆمیی، بەم شێوەیەیش ئاستەنگ بۆ دیمۆکراتەکان دروستبوو لەبارەی بەدەستهێنانی ئیدارەی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە،

تا دواجار لە سەرەتای هەشتاکاندا، ڕۆناڵد ڕێگان وەک بەربژێری کۆمارییەکان توانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سیاسەتی نەوتی دیمۆکراتەکان بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژارنەکانی ئەمریکادا بەکاربھێنێت، هەروەها سیاسەتی وزەی ڕێگان تا ئاستێکیش ئارامی بۆ بازاڕەکانی نەوت گەڕاندەوە، بەڵام دەستبەکاربوونی ڕێگان لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و جەنگی پرۆ-ئەمریکا و ڕووسیا بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە سەردەمی جۆ بایدنیشدا، ئەمریکا دیسانەوە دەست بۆ سیاسەتی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوەکان دەبات و بایەخ بە پرۆژەی (بوونیاتنانی جیهانێکی تازە و باشتر) دەدات، ھەروەھا پارەدارکردنی پرۆژەکانی نەوت و گازی کەمکردووەتەوە و هەوڵدەدات بە بیانووی پاراستنی کەشوهەواوە، کار بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و گاز تا 2050 کەمبکاتەوە، بەڵام ئەوە ماوەی شەش مانگە نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوتەوە و لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنایش خراپترین کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئەمریکا دروستکردووە و هەڵئاوسان لە بەرزترین ئاستدایە و هەلی کاریش کەمبووەتەوە،

تەنانەت ئەو سیاسەتەی دیمۆکراتەکان، بایدنی ناچارکرد پەنا بباتەبەر بەکاربردنی نەوتی ستراتیژی، بۆ ئەوەی نرخەکانی نەوت کەمبکاتەوە، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیی، نرخەکانی نەوت دابەزێنن، ئەوا هێشتایش ئابووریی ئەمریکا و جیهان لەژێر ڕەحمەتی ئۆپێک پلەسدایە، سەرباری ئەوەی کە ئێران کۆدی نهێنیی پرسەکەیە و چەندان بەڵگە و بنەمایش بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە بەردەستن.:

- دوای بڕیاری بەکاربردنی نەوتی ستراتیژی لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئاسیاوە، ئامانجی ئەمریکا خۆی لە فشار دروستکردندا دەبینییەوە بۆسەر ئەو وڵاتانەی کە نەوتی ئێران دەکڕن و لە هەمانکاتدا ناردنی پەیام بوو بۆ ئێران، هەر دوای ئەو هەنگاوەی ئەمریکا، ئێران لەو دوو ڕۆژەی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە بە بڕی ١٦٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە نەوت و گازدا دەکات و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرز دەکاتەوە.

- نەوت ڕێژەی ٪٨٠‌‌‌ـی ئابووریی وزەی جیهان پێکدەهێنێت، هەروەها بواری گواستنەوە بە هەموو جۆرەکانیەوە، بە ڕێژەی ٪٩٥ پشت بە نەوت دەبەستێت، کەواتە نەوت چەکی دووسەرەی بووژانەوە و داڕمانی ئابووریی جیهانە و تا چەند دەیەیەکی داهاتوویش وا دەمێنێتەوە، چونکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی دانیشتووان و جووڵەکانیان لە زیادبووندایە.

- ئەگەر تەنیا سێکتەری گواستنەوە بە نموونە وەربگرین، ئەوا تێدەگەین بۆچی جیهان پێویستی بە نەوتە. توێژینەوەکان سەلماندوویانە، ئەگەر لە ئێستادا سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی جیهان بگۆڕدرێن بۆ ئوتومبیلی کارەبای، ئەوا ڕێژەی دەرچوونی گازەکانی دژی ژینگە، بە ڕێژەی ٪٢٠ زیاتر دەبن لە سی ساڵی دهاتوودا، هەروەها ئەگەر بڕیاروایە ڕێژەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٣٠ بە ڕێژەی ٪٦٠ زیاد بکات، ئەوا ڕێژەی کەمبوونەوەی گازەکانی دژی ژینگە تەنیا بە ڕێژەی ٪١٤ کەمدەکەن.

- ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتان سیاسەتی سفر کاربۆنی پێڕەو دەکەن و هەوڵدەدەن لە ڕێگەی وزەی هەتاو و وزەی با و وزەی هایدرۆجینەوە، ڕێژەی پشتبەستن بە وزەی نەوت کەمبکەنەوە، ئەمەیش جگە لەوەی گازی سروشتی بنەمای سەرەکیی ئەو پیشەسازییە، لێ تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی ئەو پیشەسازییە تێچوویەکی زۆری دەوێت. بە جۆرێک ئەگەر ئەمریکا تاساڵی ٢٠٥٠ ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی کاربۆنی بە ڕێژەی ٪٩٥ کەمبکاتەوە، ئەوا سەرجەمی تێچووەکانی ئەو پیشەسازییە بە ڕێژەی ٪١١.٩ لەسەر داهاتی هەر تاکێكی ئەمریکا زیاد دەبێت، واتە هەر تاکێکی ئەمریکیی پێویستە ساڵانە ١١٣٠٠ دۆلار لە خەرجییەکانی زیاد بکات، لەم کاتەی ئێستادا ئیدارەی بایدن دەیەوێت بڕی ٢٤ دۆلاری ساڵانە وەک باج لە هەر تاکێکی ئەمریکایی وەربگرێت، بۆ ئەوەی باج بخاتە سەر هاووڵاتییان تا نەوت بەکارنەبەن و وزەی نوێبووەوە بەکارببەن، ئەمەیش بایدنی لەگەڵ شەپۆلی ناڕەزایەتیی دەنگدەران ڕووبەڕووکردووەتەوە، ئەی ئەگەر بەهای ئەو باجە ٥٠٠ هێندەی ئێستا زیاد بکات، ئەوکاتە چی دەگوزەرێت؟

- لە سەردەمی ترەمپدا، ئەمریکا بەرەو سیاسەتی سەربەخۆیی هەنگاوی نا، ئەوە بوو لە ڕێککەوتننامەی پاریسیش چووەدەرەوە و زۆرترین پاڵشتی بۆ ئەو پرۆژانە تەرخانکرد کە ئاسایشی وزەی ئەمریکایان دابیندەکرد، بەڵام سیاسەتی بیرکردنەوەی کەسێنیی ترەمپ تەنانەت دەستی بۆ ئەو یاسایانەی ڕێگانیشی دەبرد کە لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بوونە هۆی باڵادەستیی ئەمریکییەکان و هاوکێشەکانی ئاڵۆزکردن.

- سەدەی تازە سەدەی جەنگی گازە، بەڵام ئەم جەنگە بۆ پشتکردن لە نەوت نییە، بەڵکوو ڕێگایەکە بۆ دروستکردن و کردنەوەی دەرگا داخراوەکان، بۆ نموونە لە لە ساڵانی ١٩٢٧ـەوە، ئەمریکا و بەریتانیا و ئەورووپییەکان کار بۆ دووبارە کردنەوەی هێڵی حەیفا – کەرکووک دەکەن، بەڵام ئەو ململانێیانە ڕێگایان بۆ کردنەوەی ئەو پرۆژە مەزنە خۆشنەکردووە و ئێستا بە بیانووی گۆڕانی کەشوهەواوو، پرۆژەی ئاو بەرانبەر کارەبا، لە نێوان ئیسرائیل و ئوردن و ئیمارات بە سەرپەرشتیی ئەمریکا واژۆکراوە، لێ لەوەیشدا ئەمریکا لەژێر ڕەحمەتی ڕووسیادایە، چونکە تەرتووس لەژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە و بەو بەندەرە ڕێگاکانی چوار دەریایی کۆنترۆڵکردووە، جگە لەوەی ئۆپێک پلەسیشی بە هاوبەشیی سعودیە کۆنترۆڵکردووە، بۆیە ڕێی تێدەچێت کە لە ڕووداوەکانی داهاتوودا، شێوەی هەماهەنگیی ڕووسیا و ئەمریکاییەکان بە شێوازێکی تر بێتە ناو گۆڕەپانی ململانێیەکان و ڕەحمەتی خۆی بۆ ئابووری جیهان و ئەمریکا وچین فراوانتر بکات.

هەرچەندە پەتایە تازەکە، بووە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەی تەکنیکی ئۆپێک پلەس تا کۆتای هەفتە، بەڵام ئەو هەڵوێستەی ڕووسیا و ئەندامانی تر، وەک دەرفەتێک وایە بۆ ئەنجامی گفتوگۆییەکانی ئەمریکا و ئێران و هاوکات بڕیارەکانی ئۆپێک پلەسیش

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP