دواین هەواڵ

زیندەوەری سیاسی وتیۆرە ئابوورییەکا(ن)ــی لە پۆست مۆدێرندا!!!!

‌رۆندک فارس

18/12/2022

یەکێک لە مێتۆدە هەرە سەرەکییەکان بۆ تێگەیشتن لە تیۆرە ئابوورییەکان" سیستەمە ئابووریەکان"، گەڕانەوەیە بۆ مێژووی دێرینی مرۆڤایەتی و تێگەیشتنە لە وتەی ناودار و زانایانی جیهانی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاست(medieval history)ـە، چونکە ئەوەی ئێستا لە هاوکێشە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان گوزەر دەکات، هەمان فۆڕمی سەدەکانی پێشوون بەڵام و بە ناو و فۆڕمی تازەوە.

ئەرستۆ لە پێناسەیەکی بۆ مرۆڤ، خودی مرۆڤەکە ئانکو تاکی کۆمەڵگە بە "زیندەوەرێکی سیاسی zoon politico" ناوزەند دەکات. هەروەها ، زانای ناوداری جیهانی ئیسلامی، ئیبن خەلدون لە بارەی مڕۆڤەوە دەڵێت: "مرۆڤ پێویستی بە خۆراکە بۆ ئەوەی بژی، بەڵام هێزی خودی مرۆڤەکە بەس نییە بۆ ئەوەی (خۆراکەکە) بەدەستبهێنێت. مرۆڤ ئەگەر بیەوێت خۆراک بۆ خۆیی خانەوادەکەی دەستەبەر بکات ئەوا هەموو مرۆڤێک پێویستی بە تێکەڵکردنی هێزێکی زۆرە لە نێو هاوبوونەوەرەکانیدا".

تێگەیشتن لەم دوو دەڕبڕینەی ناودارانی جیهانی پێشوو گرنگ و کاریگەرن بۆ لێکدانەوەی دۆخی ئێستای ئابووری جیهان. بە تایبەت لێکدانەوە بۆ لێکەوتەکانی پۆست جەنگی ڕووسیا – ئۆکڕانیا و دووبارە ڕیفۆرمکردنەوەی سیستەمی ئابووری.

بە کورتی، لە ئێستادا جەنگی ڕووسیا – ئۆکڕانیا فۆڕمە ئامانجادارەکەی خۆی وەرگرتووە، واتە ئەم جەنگە دەرگای بۆ دروستکردنی دوو جەمسەری سەرەکی ئابووری واڵاکرد. بەڵام ئەم دەرگایەی جیهانی پۆست مۆدێرن زۆر جیاترە بەراورد بە دوو جەمسەرە ئابووریەکەی دوای شۆرشی پیشەسازی( کاپیتالیزم و سۆسیالیزم).

بە واتایەکی ڕوونتر، مرۆڤ یان تاکی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی خۆراکی خۆی دەستەبەر بکات، دەبێت دەستپێک بڕوانێتە هەردوو سیستەمە ئابووریەکەی جیهانی مۆدێرن، ئەوانیش سەرمایەداری دارایی( ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا) و سەرمایەداری پیشەسازی(چین، ڕووسیا، ئێران، هیندستان)ـیە.

جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا تا کەی بەردەوام دەبێت؟

ئەگەر لە ڕووی ئابوورییەوە لەو مێژووەی کە لەسەرەوە باسکرا قووڵ نەبینەوە، ئەوا بە ئەستەم دەتوانین، شرۆڤەی لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بکەین و لێکدانەوە بۆ ئاست و ڕێژەی جێبەجێکردنی هەردوو سیستەمە تازەکانی ئابووری بکەین. چونکە ئەوەی ئێستا لە جیهانی ئابووریدا دەگوزەرێت جەنگی جێبەجێکردنی هەردوو فۆرمە تازەکەیە(سەرمایەداری دارایی، سەرمایەداری پیشەسازی) ، هاوکاتیش چیدی جەنگی ڕووسیا بۆ ئۆکڕانیا تەنیا جەنگی هێڕشی ئاسمانی و وشکانی بۆسەر خاکی ئۆکڕانیا و ئەوورووپا نییە. واتە ئامانجی سەرەکی جەنگی ڕووسیا – ئۆکرانیا، هەنگاو نانە بەرەو گۆڕینی سیستەمی ئابووریی جیهانی. لێ ئەو جەنگە تەنیا هاوکۆڵکەیەک نییە، بەڵکو فاکتەری تریش هەن، کە نموونەی زیندوون بۆ دەرخستنی دەرهاوێشتەکانی ئەو قۆناغە تازەیە، بە نموونە" پەتای کۆرۆنا".

قووڵبوونەوە لە لێکەوتەکانی کۆرۆنا بۆسەر بازاڕە جیهانییەکان، یەکێكی ترە لە مێتۆدە گرنگەکان بۆ شرۆڤەکردنی جیهانی ئابووری لە پۆست جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیادا. کۆڕۆنا و جەنگە تازەکەی جیهان بوونە هۆی گۆڕینی هاوکێشە ئابوورییەکان. بەهای نەوت و دۆلار، تەنانەت زێڕیش، تۆماری مێژوویان لە کێرڤە ئابووریەکان تۆمار کردن و بوونە هۆکارگەلی سەرەکی لە زیادبوونی ڕێژەی قەرز و سووی بانکی.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەرز و سەپاندنی سزا ئابووریەکان بۆ سەر ڕووسیا و ئێران، ئەو وڵاتانەی ناچارکردن کە بیر لە دروستکردن و بوونیادنانی دەزگا و ئینستیووتی تایبەت بە ئابووری بکەنەوە و. بە جۆرێک بتوانن لە ڕێگای ئەم ناوەندانەوە ڕکابەری ناوەندی دراوی جیهانی و بانکی نێودەوڵەتی سەر بە ئەمریکادا بکەن. بەوەش نەوەستان، بەکاربردنی دراوی ڕۆبل و یوان لە مامەڵە بازرگانیەکان هەوڵێکی تر بوو بۆ لاوازکردنی سیاسەتی دیپلۆماسیی دۆلاری ئەمریکی. کەواتە جەنگێک بۆ گۆڕینی سیستەمی ئابووری جیهان هێندە دەخایەنێت!!

لە ماوەی ڕابردوودا ئیمانوێل ماکڕۆن و بەشێک لە سەرکردەکانی تری ئەورووپا ددانیان بەوە نا کە جەنگی ڕووسیا جەنگێکی درێژ خایەنە و ئاوا زوو کۆتایی نایەت!!. هەروەها بایدن سەرۆکی ئەمریکا و وتەبێژەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەڕوونی ئاماژەیان بەوە داوە کە جەنگی ئۆکرانیا تەنها وەک گۆڕەپانێکی واڵاکردنی زۆر فراوانترە و جیهان دابەش دەکات بۆ بۆسەر دوو بەرەی هاوپەیمانی ئابووری دژ بەیەک. !!بە زمانە ئابوورییەکە ئەمە واتایی چی دەگەینێت؟

هەروەها لە ماوەی جەنگی ئۆکڕانیادا سەرۆکی ئەمریکا لە وتارەکانیدا چەندین جار ئاماژەی بە دوو زارەوەی سەرەکی و گرنگ داوە، دیمۆکراسی و ئۆتکراسی" Democracies and Autocracies". پرسیارەکە ئەوەیە مەبەستی سەرۆکی ئەمریکا لەو دوو زارەوەیە لە جەنگی ئۆکرانیادا چی بووە؟

مەبەستی بایدن لە "دیموکراسیەکان" ئۆلیگارشییە داراییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوایە. کە جەنگی ئۆکرانیا بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی پلاندانانی ئابووری لە دەستی حکوومەتە هەڵبژێردراوەکان بۆ وۆڵ ستریت و ناوەندە داراییەکانی دیکە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادان (دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی)، کە دەبێتە هۆی ئەوەی لەو ڕێگەیەوە کۆنترۆڵی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی خۆراک بکەن .

هاوکات مەبەستی سەرۆکی ئەمریکا لە "ئۆتۆکراسی" ئەو وڵاتانەیە کە بەرەنگاری ئەم ئامانجەی ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان دەبنەوە و دەیانەوێت لە پێناو گەشەی ئابووریدا پەرە بە وەبەرهێنانی پیشەسازی بدەن و سیستەمی کاپیتالیستی پیشەسازی پێرەو بکەن، دوور بن لە ڕێسا سەپێنراوەکانی ناوەندی دراوی جیهانی و بەکارهێنانی دۆلار وەک دراوێکی سەرەکی لە مامەڵە بازرگانیەکاندا( ئەوەی ئێستا چین و ڕووسیا لە رێگای پڕۆژەی BRICS +ـەوە دەیکات بۆ مامەڵکردنی بەدراوی یوان و ڕۆبڵ لە ڕێگەی یەکێتیی ئابووریی ئۆڕاسیاوە Eurasian Economic Union (EAEU)).

بۆیە بە لێکدانەوەی وشە نەوتراوەکانی نێو وتاری سەرکردە ڕۆژئاواییەکان دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە دەکرێت جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا دوو دەییە یان زیاتریش بخایەنێت، چونکە هاوسەنگ بوون یان لاسەنگ بوونی هاوکێشەکان بۆ جێبەجێکردنی دوو بەرە ئابووریەکە کاتی دەوێت.

واتە ! ئایا ئابووریی جیهانی دەبێتە ئابوورییەکی یەک جەمسەری (دۆلاریزەکراو) کە سەنتەری ئەو سیستەمە ئەمریکایە. یان جیهانێکی فرە جەمسەری و فرە دراو کە سەنتەری لەسەر دڵی ئۆراسیا بێت و ئابوورییەکی تێکەڵاوی گشتی/تایبەتی" mixed public/private economies."ـی بێت.

دەرکەوتنی سیمای دوو سیستەمە ئابووریەکە لە زۆر لای ترەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت، بەنموونە هەڵوێستەکانی ئەڵمانیا و فشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایە( ئەندامانی ناتۆ)ـە بۆ سەر وڵاتی ئەڵمانیا، بە ئامانجی دوورخستنەوەی سیاسەتی ئابووریی ئەڵمانیا لە (پیشەسازییەوە بۆ دارایی و پشکە دارایی و بانکییەکان)، نموونی دیارن لە قوڵبوونی ڕەگ و ڕێشەی ئەوم دوو سیستەمە.

دژایەتیکردن لە بۆڕیە هێڵیەکانی نۆرد ستێرم "١ و ٢ " لە پێش دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیا لێکەوتەی جێبەجێبوونی فۆڕمە تازەکانی سیاسەتی ئابوورین. لەم دوو دەییەدا ئەمریکا بەردەوام فشار دەخاتە سەر ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی لە جیاتی پشت بەستن بە وزەی ڕووسیا کار بۆ هاوردەکردنی وزەی ئەمریکا بکات. لێ هەموو ئەو فشارانەی ئەمریکا بۆسەر وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەکانی تر، ئابووری جیهانی ڕووبەڕووی ڕێژەیەکی زۆری قەرز و زێدەترکردنی سووی بانکی کردۆتەوە، ئەمەیش هۆکار بووە لە داڕمانی ئابووری چەندان وڵات و مایەپووچبوونی دەستەڵاتی حووکمداریان. تانانەی لاوازکردنی بەهای یۆرۆی ئەورووپیەکان.

کەواتە لە ڕووی تیۆرە ئابوورییەکانەوە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات هاوشێوەی ڕووداوەکانی سەدەی یازدەهەم و سێزدەهەمی مێژووی مرۆڤایەتییە، چونکە لەو سەردەمدا دەستەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵاتان لەدەست پاپایەکان و کەنیسەکاندا بوو، بەجۆرێک سیاسەتی ئیمپراتۆری ڕۆمەکان بۆ بوون بە ناوەندی یەکەمی کریستیانەکان لە جیهاندا کاریان بۆ دوورخستنەوەی ئەرسۆدۆكسەکان کرد و لە دژی ئەڵمانەکان بۆ کۆنترۆڵی ئیتالیا جەنگان. هاوکات بە بیانووی پابەند نەبوونی ئەڵمانەکان بە سیاسەتی وەرگرتنی باج و یاسای مافی خاوەنداریەتی زەوی و زارەکان، ئەڵمانەکانیان لەسەرجەم داهاتە بەدەستهاتووەکان بێ بەشکران. سیاسەتی قەرزی بەرهەمدار و بێ بەرهەم پەرەی سەند ئەم دژایەتیکردنە تا سەددەی شازدەهەم بەردەوامی هەبوو.

ئەوەی ئێستا جیهان تیایدا گوزەر دەکات هەمان سیاسەتە بەڵام بە ناو و فۆڕمی تازەوە. بەجۆرێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت لە رێگەی سیستەمی کەپیتالیستی داراییەوە، وڵاتە ئەوورووپیەکان بە تایبەت ئەڵمانیا ناچار بکات، دەست لە پیشەسازی هەڵگرن و کار بە سیستەمی دۆلار و کەپیتالیستی دارایی ئەمریکا بکەن و بازرگانیکردن لە گەڵ ڕووسیا ڕابگرن دوور بکەونەوە لە سیاسەتی پیشەسازی کە کڕۆکی ئابووری ئەڵمانیایە. ئەم سیاسەتەی ئەمریکا ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی پشکەکانە لە ڕێگەی بانکە بازرگانییەکان و پێدانی قەرزە لەڕێگەی ناوەندی دراوی جیهانی و بانکی نێودەوڵەتی، واتە دەیەوێت قەرزی بێ بەرهەم بدات و بۆی گرنگ نییە ئەو وڵاتەی قەرز داوا دەکات، بەرهەمی دەبێت یان نا!!، گرنگ ئەوەیە لە ڕێگەی سووی بانکیەوە داهات و سامان بۆ ئەمریکییەکان زیاد بکات، بۆ ئەوەی هیچ وڵاتێک لە دەرەوەی ئەمریکا نەتوانێت ببێت بە بەرهەمهێنەری سەرەکی.

بەڵام بەرەی چین و رووسیا و هاوپەیمانەکانیان، دەیانەوێت لە رێگەی سیستەمی کاپیتالستی پیشەسازی کار بۆ دروستکردنی بەرەیەکی تری بەڕێوەبردنی ئابووری جیهان بکەن، ئەویش پێدانی قەرزە بە وڵاتان، بەڵام ئەو قەرزە بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە و بوژانەوەی پێشەسازییەکەیەتی، لە ڕێگەی بەکاربردنی دراوی یوان و ڕۆبل و دوورکەوتنەوە لە دۆلار.

لە تیۆری ئابووریدا ئەمەی چین و ڕووسیا بە قەرزی بەرهەمدار ناودەبرێت. ئەگەر لە ئاینی ئیسلام شرۆڤە بۆ ئەو سسیستەمە ئابووریە بکەین، ئەوا پێدانی قەرز بە وڵاتان و شێوازی دانەوەی قەرزەکان دوورە لە پرۆسەی "ڕیبا"، بۆیە دەبینین چ چین یانیش ڕووسیا لە ڕووی کلتووری سیاسیەوە، سیاسەتێکی جووداتر لەگەڵ وڵاتە موسڵمانەکان( ئێران، سعوودیە و ولاتانی کەنداو) پێرەو دەکەن و گرنگیدانیان بە ئاینی ئیسلام لە نێو پرۆژە دیپلۆماتکارەکانی سیاسەتی دەرەوەیان ڕوون و ئاشکرایە.

بەستنی لووتکە گرنگەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و چین لە وڵاتە ئیسلامییەکان، پەیامێکی روونی یەکلابوونەوەی ئەو وڵاتانەیە بۆ کارکردن و چوونە ناو یەکێک لەو سیستەمانە، لێ لە ڕووی ئابووریەوە ئەم جێبەجێکردنە کاتی زۆری دەوێت، چونکە تاوەکو ئێستا مامەڵەی دراوە بیانییەکان بە دۆلار ڕێژەی ٪٦٠ــی جیهان پێکدەهێنیت و لەو وڵاتانی کەنداو ئەو ڕێژەیە زێدەترە لە ٪٨٠. بۆیە هەر گۆڕانکاریەک لەو هاوکێشەیە پێویستی بە گۆڕینی ڕژێمی دەستەڵات هەیە، پڕسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە، چین دەتوانێت هاوشێوەی ئەمریکا ڕژێمی دەستەڵاتی سعوودیە بگۆڕیت؟؟؟

بەستنی لووتکەی چین – سعوودیە، و لووتکەی وڵاتە ئاساییەکانی سەمەر قەند و هەوڵەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دژی ئەورووپاییەکان، بەسن بۆ لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی ئاستی جێبەجێبوونی هەردوو سیستەمە ئابووریە تازەکان.

ئایا زیندەوەری سیاسی " مرۆڤ" بۆ تێکردنی خواستەکان و دابینکردنی خۆراکی، فۆڕمەکانی ئاین لە جیهانی پۆست مۆدێراندا دووبارە دەکاتەوە بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ دەورووبەرکەیدا؟ ئایا دووبارە ئاین دەبێتەوە کۆڵکەی سەرەکی لە دارشتنەوەی تیۆری ئابووری تازەدا؟ ئەی هەرێمێکی وەک کوردستان ئەو هەموو تەکتیکە جیۆئابووریە لە تەک جوگرافیایەکەی ئەنجام دەدرێن، ڕوو لە کام بەرە دەکات و پێڕەوەی کامیان دەبێت؟ ئایا دەتوانێت لە سیاسەتی ئابووریەکەدا پشت بە هەردوو تیۆرە تازەکەدا ببەستێت؟ ئەگەر ئەم ڕێرەوەی گرتبەر، کڕێی ئابووریەکەی "economic rate"ــی چۆن دەبێت؟
کاتی زۆرمان لەپیشە بۆ بەدواداچوون لە چۆنیەتی یەکلابوونەوەی بەرەکان!!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP