دواین هەواڵ

سایکس _ پیکۆی دووەم !!

‌رۆندک فارس

15/04/2023

- بانگەشەی عێراق بۆ هەناردەکردنی وزەی عێراق لەرێگای هێڵی کەرکوک بانیاس، کارتێکی فشاری عێراقە بەرامبەر بە تورکیا بە تایبەت لەو کاتەی کە تورکیا لە نێو دۆخی هەڵبژارندا گوزەر دەکات .
- بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کارتەی عێراق، دەبێت سەرەداوێكی تەواو دەربارەی جوڵەی وڵاتانی تری ناوچەکە بزانین و داشەکانی یاریە شەترەنجەکە بە وردی بجوڵێنین، چونکە لە لای خوارو و لای چەپی ئەو هێڵەی عێراق دەیەوێت وزەی پێدا هەناردە بکات ئەم جوڵە دیپلۆماسی و ئابووریانە هەن:

یەکەم: هێڵی قەتەر - تورکیا لە باشووری نەخشەی عێراق بوونی هەیە، ئەگەر چی ئێستا کارکردنی لێی وەستاوە.

دووەم: لە ماوەی دوو ساڵی رابڕدوودا پێوەندیەکانی عێراق، سعوودیە و ئوردن، چونە قۆناغێکی تازەوە، بە تایبەت لە پرۆژەی هێڵی عەقەبە. لێ سعوودیە جگە لەو پڕۆژەیە توانی پێوەندیە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریا بەرەو پێش ببات و ئامانجێکی سەرەکی لەو بڕیارە تەواوکردنی هێڵی بازرگانی سعوودیە - سووریاییە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست. لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجە و فراوانبوونی هەژموونی تری لە ناوچەکەدا ، بە نێوەندگیری ڕووسیا ، پێوەندیەکانی سووریا و سعوودیە چونە نێو فۆڕمێکی تری دیپلۆماسیەوە.

سێیەم: بە نێوەندگیری چین، سعوودیە و ئێران ، فۆڕمێکی تازەی ئابووری و دیپلۆماسیان لە نێو نەخشەی تازەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ناوزەند کرد، و سعوودیە تا ئاستێک توانیویەتی بەرەی ڕاستی مەترسیەکان لەسەر پڕۆژەکانی بۆ نەخسە کێشانی لە باکووری نەخشەی وڵاتەکەی زامن بکات.

چوارەم: لەولاشەوە تورکیا بە نێوەندگیری ڕووسیا، لە هەوڵی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێک( رانەگەینراو)ــی پێشوودان بۆ دووبارە ئاسایکردنەوەی پێوەندییەکانی سووریا و تورکیا و ئێرانیش بەشدراە لەو گفتوگۆیانە.

پێنجەم: ڕێککەوتنێکی ستراتیژی فاو - تورکیا و فاو - سووریا بۆ گەیشتن بە بازارەکانی ئەورووپا بوونی هەیە، دەوڵەتی ئیمارات لەو نێوەندەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێرێت و هەرێمی کوردستان یاریکەرێکی سەرەکی ئەو پڕۆژەیە.

شەشەم: ئەگەر هەموو ئەو پڕۆژانەی سەرەوە سەریان گرت و یانیش شکستیان هێنا، ئەی پڕۆژەی هێڵی گازی عەرەبی ( میسر بۆ ئیسرائیل، ولوبنان و سووریا و تورکیا) بۆ ئەورووپا چی بەسەر دێت؟ چۆن ئەو هەموو وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا دەگات بە ئەورووپا؟

حەوتەم: ئەی پڕۆژەی دیپلۆماسی دۆلاری ئەمریکا لە عێراق و پڕۆژەی ئێران- عێراق- سووریا چی؟

تۆ بڵێ دوای کێشانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن سایکس و پیکۆەوە، دووبارە عێراق بەو سیاسەتەی خۆی!! بتوانێت هێندە لێزان بێت و هێڵێکی تر بە ناو لمی بیابانی عێراقدا بکێشێت؟ بە پشتگیری کێ ؟ بە هزر و بیکردنەوەی ئینگلیز؟ فەرەنسا؟ یان ئەمریکا و چین؟ یانیش ئیمپراتۆری ڕووس؟.

ئایا کورد و کوردستانیان لە نێو ئەو یاریەدا!!! و سیاسەتی جیۆستراتیژیان ڕێگە دەدات دووبارە هێڵێکی تر بکێشن ... بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو خواستەی عێراق، پێویستە بزانین کە لە ئێستادا کوردستان :
- پێوەندیەکی باشی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە

- کورد زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ فۆڕمە تازەکەی ئینگلیز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات.

- ڕێککەوتنی ڕووسیا - کوردستان( واتە کوردستان - جەیهان، کوردستان - بانیاس) بوونی هەیە.

- بەهێزی پێوەندیەکانی ئیتاڵیا و فەرەنسا و تەنانەت ئەڵمانیا لەو کاتەی ئێستادا بۆ کوردستان ، دەرخەری وریای کوردە لە جولاندنی داشەکانی یاریەکە.

- پێوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ کەنداو و ئوردن و وڵاتانی تری لای چەپی نەخشەی عێراق لە ئاستێکی باڵادایە.

گرنگە! کاتێک شرۆڤەی بڕیار و جوڵەی عێراق لەگەڵ ناوچەکە دەکەین و مەترسییەکانی سەر کوردستان هەڵدەسەنگێنین،هیچ نەبێت کەمێک مێژووناس و جیۆستراتیژ بین، ئەنجا شرۆڤە بکەین. چونکە سیاسەت و ستراتیژی وزە، هێندە قوڵە، وریا نەبین لە خستنەڕووی ئەگەرەکان تێدەکەوین...

مێژوو خوێندنەوە بەس نیە بۆ زانینی جوڵەی سیاسی، حیکمەتەکە لە تێگەیشتن لە مێژوودایە.....


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP