دواین هەواڵ

دوای هەڵبژاردن چی ڕوودەدات؟

‌كوردستان ئەحمەد

22/09/2021


ئێستاش هەر ئەگەرێك هەیە، كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەكرێت، بەهۆی ئەو مەترسیانەی كە لەبەردەم هێزە عێراقییەكاندایە و هەروەها دۆخەكە لە ئاستێكی زۆر ناسكدایە و دەكرێت هەموو شتێك لە نیوەشەوێكدا هەڵاودێر ببێت.

بەنیسبەت ناوخۆی عێراقەوە هەڵبژاردنەكە هیچ ناگۆڕێت، بەڵام بە نیسبەت دەرەوەی عێراق زۆر پرس دوای هەڵبژاردنە پێشخراوەكە دەگۆڕێت، چونكە چارەنوسی عێراق لە تەرازوی ئەمریكا و ئێراندا دوای ئەم هەڵبژاردنە تاڕدەیەك یەكلای دەبێتەوە.

هەموو هێزەكان كەوتونەتەوە خۆیان بۆ ئەوەی قەبارەی خۆیان بزانن و لە پەڕلەمان خۆیان جێگیر بكەن، چونكە دوورنییە حكومەتی نوێی عێراق كاتێكی زۆری بوێت بۆ یەكلای كردنەوە، بەڵام گرنگتر لەو حكومەتەی كە پێكدەهێنرێت لە عێراقدا بێگومان پرسی دۆخی ئەمنی گرنگترە.

كۆتاییەكانی مانگی ١١ هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا هێندەی پەنجەكانی دەستییان لێدێت، دورنییە  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێرشی ئاسمانیش ڕابگرن، بەوەش تەرەتێنی داعش و چەند گروپێكی توندی حەشدی شەعبی لەناوچەكە بێشومار زیاد دەكات.

ئێستا پارەكانی عێراق بەشی ئەوەدەكەن، ئەمریكییەكان ڕازیبكەن فڕۆكەكانیان لە بۆردومان ڕانەگرن، بەڵام هاوكێشەی ئاڵۆزی عێراق دوای هێزە شەڕكەرەكان و دوای هەڵبژاردنەكان هێندە ئاڵۆز دەبێت شیكاریەكەی دوو گریمانەیە، یان كازمی دەفتەری تێبینییەكان هەڵدەگرێت و دەچێتە واشنتن گوێ قوڵاغی پێنتاگۆن و سی ئای دەبێت، یان دەفتەرەكەی هەڵدەگرێت و لە تاران بە قەڵەمی سەوز نەخشەی نوێی شارەكان دەكێشێت.

حكومەتە نوێكەی عێراق

حكومەتە نوێكەی عێراق ، ئەگەر كازمی تەشكیلی بكات، لە باوەشی پێنتاگۆنەوە لەدایك دەبێت، گەر سەدرییەكانیش تەشكیلی بكەن بێگومان لە تاران مەتۆلكە دەكرێت، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەكەدا كاتێكی زۆری دەوێت تابتوانێت وەك هاوكێشەیەكی یەكلاكەرەوە خۆی بنوێنێت.

ڕەنگە بەپێچەوانەشەوەبێت و واشنتن بیەوێت حكومەتەكە زوو یەكلای ببێتەوە و ئێرانیش هەمان شتی بوێت چونكە هەردووكیان بەدوای چارەنوسی خۆیان دەگەڕێن لە دەمی حكومەتی نوێوە.

لە ڕاستیدا لە هەركات و هەر بارێكدا حكومەتە نوێكە لەدایك ببێت ناتوانێت فرە جەمسەری عێراق و ئاژاوە گەورەكانی نێو وڵات و هێزە بیانییەكان و مەترسییەكانی داعش و دەستی دەرەكی لەخۆی بكاتەوە، چونكە لە نیەتی كەسدا نییە عێراق ئارامبێت و ناوچەكەش زەروریەتێكی وەهای هەیە كە عێراق جارێ لاوازبێت.

حكومەتە نوێكە لە قازانجی گەلانی عێراقدایە پاڵپشتی واشنتن بەدەستبهێنێت نەوەك تاران، بەڵام دەبێت بەلایەنی كەمەوە دەمكوتی ئێرانیش بكات بۆ ئەوەی بەغداد نەكەوێتە بەر رەحمەتی موشەك و درۆنی ئێرانی.

كوردو حكومەتی نوێی عێراق

پەرتەوازەترین لایەن لەعێراقدا لەم هەڵبژاردنەدا كوردەكانن، كە هەزاران كاندیدیان ئامادەكردووە و هێشتاش بەتەواوەتی تێنەگەیشتوون كە دەنگدانەكە چۆنە و لەكوێوە گۆڵیان لێدەكرێت، و چۆن یاریەكە بە قازانجی ئەوان نابێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەر سەرەتا لەسەر زاری سەرۆك بارزانییەوە نەیشاردەوە كە گلەیی و رەخنەیان زۆرە و بەڵام ناچاربوون قبوڵی هەلبژاردنەكە بكەن، بەڵام پلانی خۆیان بۆی هەیە و دەشیانەوێت بە براوەی یەكەمی گەمەی هەڵبژاردنی عێراق بمێننەوە، بەڵام تێبینییەكانیان گرنگبوون و دەبوو سازش لەسەر هیشچ شتێك نەكرایە.

لەلایەكی دیكەوە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە دەهۆڵێكی كۆنی بەڕێز تاڵەبانییەوە بەدەوری كەركوكدا دەسوڕێتەوە و لە سلێمانیش شەستیەكەی پێكۆنترۆڵ ناكرێت، لەم حاڵەتەدا هیچ  كاتێك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەوەندە بە پەرتەوازەی نەچوەتە هەڵبژاردنەوە و دوریشنییە باجەكەی بدات، ئەوە بە ڕەچاوكردنی تێبینییەكەی بەڕێز مەلا بەختیار كە دەیگوت یەكێتی گەر كورسییەكیش ببات هەر یەكێتییە.

بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێی و ئێسلامیەكانیش كە تا ئێستا نەیانتوانییوە ببنە هێزی كاریگەر لە عێراقدا لەم هەڵبژاردنەدا زەرەری گەورە لە یەكێتی دەدەن، ئەوەش دەیسەلمێنێت نێوماڵی كوردی لە ساتێكی زۆر شپرزەدایە.

بەكۆی گشتی هاوكێشەكە تێبینییەكانی پارتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەلای  لایەنە عێراقییەكان جێگەی سەرنجە و بەشێك لە هاوكێشەكە پارتی یەكلای دەكاتەوە، ئەوەش وادەكات سەرنجەكان لەسەر ئەو حزبەبێت.

دوای هەڵبژاردن چی ڕوودەدات؟

دوای هەڵبژاردن سەرجەم هێزە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانیش ڕوودەكەنە هەولێر و هەم پشتیوانی هەولێریان دەوێت هەمیش دەیانەوێت هەولێر بەشێك بێت لە هاوكێشەی نەجات و دروستبوونەوەی عێراقی نوێ، وابزانم ئامادەكاریش بۆ ئەو پرسە كراوە.

كورد پێكهێنەری سەرەكی حكومەتە نوێكە دەبێت، ئەمریكاو فەڕەنسا و بەڕیتانیاش بەگرنگییەوە دەڕواننە هەڵوێستی ئەمجارەی پارتی، چونكە گۆڕانكاریی گەورە لە ڕێیە بۆیە پاریس بە پێكانی خۆی دیتە هەولێر و لەندەن بە شانازییەوە پێشوزی لە هەولێر دەكات.

یەك دەنگی یەك هێزی یەك ڕەنگی هەرێم لە عێراقدا گرنگیەكی گەورەی هەیە، هەموو چاوەكانیش لەسەر سەرۆك بارزانین وەك كەسی یەكەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەبێت هەموان باش لەو ڕاستییە تێبگەن ، پێویستە بەدێوەیەكی نوێ مامەڵە لەگەڵ كایەی سیاسی و ئابووری نوێی عێراق بكەن.

كورد گۆشتی زیادەی لاملی عێراق نییە، بەڵكو گۆشت گەردەملی عێراقە و بەبێ كورد هیچ هاوكێشەیەك ڕون نابێتەوە، دەبێت یەك دەست بچێتە بەغداد كە زامنی ڕاستەقینەی مافەكانی هەرێمی كوردستان بێت.

گەر شیعەو سونە پێكەوە نەتوانن هاوكێشەكان یەكلای بكەنەوە، بە براگەورەی یان بە بەهێزی كورد، دورنییە سێ هەرێمی گەورە لە عێراق دروستبێت، و هەموو جیهانیش پشتیوانی ئەو سێ هەرێمە بكەن كە بەڕیتانیا و ئەمریكاو فەرەنساش بۆ ئەو مەبەستە دەستیان بە لێواری قەڵاوە گرتووە تا جارێكی تر عێراق دانەڕووخێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP