دواین هەواڵ

ئایا دیسی پێشوازی لە ئەسەد دەكات؟

‌كوردستان ئەحمەد

24/05/2023

دروست دوانزە ساڵە بەشار ئەسەد، لەشەڕێكی گەورەدایە دژی لەگەڵ هەموو جیهاندا، بەجۆرێك ملیۆنان كەس كوژران و بەشار ئەسەد ئامادەنەبوو كورسی سەرۆكایەتیەكەی چۆڵ بكات،هەر لەسەرەتادا دەوترا بەشار ئەسەد دەكەوێت و تەختی پاشایەتی لەدەستدەدات، ئێستا بینیمان كە بەڕاستی ئەمە هەڵەیەكی كوشندە و كاڵفامانەبوو.

كۆبونەوەی لوتكەی عەرەب لە جەددە، یەكێك بوو لە هەرە كۆبوونەوە گەورەكانی جیهان، كە هەموو شتێكی خستە ژێر پرسیارەوە، دیموكراسی و ئازادی و مافی گەلان و مافی مرۆڤ و سیاسەت هەر هەموو بووە پرسیارێكی گەورە ولەراستیداهەموو شتێكی پوچەڵ كردەوە.

لە جەددە چی روویدا؟
بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە، بەشار ئەسەد وەك سەرۆكی سوریا گوتاری پێشكەشكرد، هەموو سەركردەكانی ئومەی عەرەبی چەپڵەیان بۆ لێدا و پێشوازی گەرمیان لێكرد، لە وتارەكەیدا زۆر بەنەرمی و لەسەرخۆ وتی، ئێمە ستایشی گەلانی ناوچە دەكەین كە دەرگایان بەرووماندا كردەوە و داوای هەماهەنگی و هاوكاری بۆ بونیادنانەوەی سوریا دەكەین.

پڕۆتۆكۆڵی پێشوازی و ماڵئاوی ئەسەد هیچ جیاوازیەكی نەبوو لە پڕۆتۆكۆڵی پێشوازی سەرۆكی یەكەن و میسر و عێراق و هەر وڵاتێكی دیكە كە تۆ ناوەكەی دەزانیت، ئێستا جیهان بەتەواوەتی پێشوازی لە بەشار ئەسەد دەكات، هاوكێشەكە بە شیوازێكە هەموو كەسێك دەڵێت رووسیا و ئێران نەیانهێشت ئەسەد بكەوێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەڕاستی ئەمریكا لە هاوكێشەی زیندووكردنەوەی ئەسەددا چی دەكات و چی كرد؟

ئەمریكا و ئەسەد و ١٢ ساڵ شەڕ
لەسەرەتای بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی ناكۆكیەكان لە سوریا، ناوەندەكانی بڕیار لە ئەمریكا كە كۆشكی سپی و پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەن زۆر بە ئاشكرا رایان گەیاند كە ئەسەد هیچ شوێن و داهاتویەكی نییە لە سوریادا و بەو زوانە سوریاش دیموكراتیزە دەكرێت، بەڵام وا ١٢ ساڵە لە سوریا شەڕە هێشتا ئەسەد لە شوێنی خۆیەتی و سەدان سەربازی ئەمریكیش مردن و سوریاش دیموكراتیزە نەكرا.

لەم دوانزەساڵەدا تەنها كورد توانی لە سوریا سەردەربهێنت و بوێری ئەوە بكات داوای شتێك بكات، بەڵام دیارە دوای ١٢ ساڵ لە جەنگ و رووبەرووبونەوە و ١٥ هەزار مردن و ٢٥ هەزار بریندار و بێسەروشوێن و ئەو هەموو ماڵوێرانییە، هەمووی لە سایەی ئایدەلۆژ كۆپی كراو موتوربە كراوەكانی ئۆجەلان بە چەپی لیبراڵ و كۆنزەرڤاتیڤ، دەبێتە قوربانی دور نییە لە ئایندەدا كورد تەنها ببێتە خاوەنی پاسپۆرتی سوری و هیچی دیكە، چونكە هیچ كوردێك لە سوریا خەون بەسەربەخۆی كورد لەسوریا یان فیدراڵی بۆ كورد لە سوریا نابینێت.

لەم رۆژانەدا دوو دانیشتنم لەگەڵ دوو لەهەرە گەورە بەرپرسە باڵاكانی واشنتندا كرد، كەرۆڵێكی زۆر گەورەیان هەبووە لە شەڕی داعش و بەهاری عەرەبی و خۆیان لە كۆشكی سپی و سوریا كاریان كردووە، ئەمریكا خاوەنی سیاسەتێكی روون نییە، سیاسەت بە نیسبەت ئەوان هاوكێشەیەكی مەتاتییە، هیچی دیكەی تێدا نییە، نە پیرۆزیەت هەیە دۆستایەتی و ئەربابی و ئەحبابی.

لە یەكێك لەبەرپرسەكانی ئەمریكا كە ناتوانم ناوەكەی بنوسم پرسیم، ئایا كۆشكی سپی پێشوازی لە بەشار ئەسەد دەكات، یان ئایا كۆشكی سپی میوانداری بۆ ئەسەد دەكات، ئەو زۆر بە روونی و بەئاشكرا و بە سیاسیانە وتی بێگومان من بەدوری نازانم لە كۆشكی سپی ئەسەد پێشوازی لێبكرێت وەك چۆن لە جەددە لێی كرا، مانەوەی ئەسەد هیچ پەیوەندی بە بەهێزی ئێران و مۆسكۆوە نییە بەڵكو پەیوەندی ستراتیژ و بەدیلەوە هەیە كە لەسوریا بەدی ناكرێن.

لەراستیدا ئەمریكا جارێكی دیكە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و هەموو جیهاندا ئەو هەڵەیە دووبارە ناكاتەوە كە لە عێراق و ئەفگانستان كردی، چونكە ئیتر كوڕی خۆیان بۆ كچی كەس بە كوشت نادەن، بەڵام ئەوەش ناكاتە ئەوەی ناوەچەكە چۆڵ بكەن و هێزیان نەمێنێت، بەڵكو بەدیلی ئەمەشیان هەیە، بەسەربازی كردن و رێكخستنەوەی نیو ملیۆن سەربازی كورد بەدیلی هەموو ئەو هێزانەن كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كوژراون و هەن.

تا سەد ساڵی تر ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا جگە لە راوێژكاری سیاسی و سەربازی و هەندێك چەكو تەقەمەنی بۆ پاراستنی ئەندامەكانی هیچی دیكەی نابێت، ئەوە بەدەرلەوەی چەند ئامێرێكی شەڕكەری گەوەریان لە دەریای ناوەڕاست و چەند فڕۆكەیەكیان بۆ حاڵەتی لەناكاو دەبێت، لەوە بەدوا ئەمریكا تەنها راوێژ بە هاوئاوازەكانی دەكات و لەرووی هەواڵگرییەوە كاردەكات.

ماندوو بونی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پەیوەندی بە دوو شتەوە هەیە، یەكەم ئەوەی كە بەراستی ناوچەكە هیچی لێ سەوز نابێت ئەوان سیران پێیە كەچی خەڵك پیازی دەوێت، دووەم، هەر بەراستی قەناعەتی تەواویان بە وتەكەی موهەمەدۆ بوهاری هێناوە كە دەڵێت، دیموكراسی بەكەڵكی رۆژهەڵات نایەت،جا ئەوەی كە ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وجودی سەربازی نامێنێت بۆ كورد و ئێران باشە، ئێرانیەكان ترسیان لە هێزی شەڕكەری ئەمریكی نامێنێت، بە واتایەكی تر ئیتر كۆتری ئاشتی بەشانیانەوە نانیشێتەوە، كوردەكانیش سوپاكەیان رێكدەخرێتەوە و دەتوانن شەڕی چاك بكەن و بەرگری لەخۆیان بكەن.

ئێوە زۆر دڵنیابن لە دوو ساڵی ئایندەدا ئەسەد لە دیسی و كۆشكی ژمارەدەو كۆشكی ئیلێزا و كرملن دەبینن كە بەشێوەیەكی زۆر پڕۆتۆكۆڵی پێشوازی لێدەكرێت و جیهان دەرگا بەڕووی بەشار ئەسەدا دەكاتەوە و هەموو قوربانیەكانیش زۆر بەبێ بەها لەناو دەچێت، ئەسەد ئێستا زۆر خاتر جەمە لە ئەمریكا، چونكە لە جەددە سی ئای ئەی و مۆساد ئەركی پاراستنی ئەمنیەتی لە ئەستۆگرت، كۆشكی سپیش هەر ئەوەنە ئاوێك بە ئاگرەكەدا كراو چاوەكان لەسەر ئەسەد نەمان میوانیەكی باشی بۆرێك دەخات.

كورد و ئەمریكا و ئەسەد
لەم نێوەندەدا پرسێكی زۆر گرنگ هەیە ئەویش ئایندەی كوردە لە سوریا، ئایا چی لێدێت. بەرەو كوێوە هەنگاو دەنێت و كورد لە سوریا چۆن مامەڵە دەكات،بەنیسبەت ئەمریكاوە كورد لە عێراق و سوریا دوو شتی گرنگن یەكەم دەیانەوێت هەولێر بە سەقامگیر و ئارامی بمێنێتەوە ودەستوری و یاسایی بێت بەڵام هەرگیز وەك بەدیلی بەغدا سەیری ناكەن، دووەم ئەوەی كورد لە سوریا ئەگەری هەیە هیچ پەیوەندیەكیان پێكەوە نەمێنێت، ئەگەر ئەسەد بتوانێت سوریا كۆنترۆڵبكاتەوە و ئارامی ئاسایش دروستبكات و هەروەها هەندێك لە داواكارییەكانی وەك دیموكراسی و مافی هاوڵاتی بوون و هەندێك شتی دیكەی ورد بكات، ئەمریكا خانەخوێ نییە و میوانە و میوانیش هەر ١٢ ساڵ خۆشە.

لە چەند ساڵی رابردوودا بیرۆكەیەك هەبوو وەك قەوارەیەكی بەهێز و خاوەن هێز و خاوەن پیشە و پێگە لە سوریا بەس تەنها بۆ كورد نەبوو بۆ گەلانی دیكەی سوریا و ئاینەكانی دیكەش بوو بەڵام پشكی شێری ئەمە بەر كورد دەكەوت، لەوانەیە ئەم پڕۆژەیە بەگریمانەی زۆرەوە جێبەجێ ببێت، بەڵام زۆر دوور نییە دێرەزور و رەقە و داروبەرد لەسەر سینیەك بەدیاری نەبەخشرێتەوە بە ئەسەد.

كۆتایی چیرۆكەكە بەم شێوەیەیە، كوردەكان ئەگەر لە عێراق بەیاسا مامەڵە نەكەن و قەوارەكەیان بەهێز و یاسایی نەبێت توشی مەترسی دەبن، لەسوریاش ئەگەر لەگەڵ ئەسەد رێكنەكەون بێگومان هیچ شتێك نییە بەناوی قەوارەی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی بۆ سوریا

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP