دواین هەواڵ

مەكگۆڕك بۆچی هاتە هەولێر

‌كوردستان ئەحمەد

19/01/2023

جارێكی دیكە،پیاوە بە هێزەكەی ئەمریكا گەڕایەوە ئارامترین پایتەخت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،وەك هەمیشەش میدیاكان و پەیجەكان بەربوونە وێزەی سەردانەكە و شێواندیان بەسەر یەكدا، ئەمە مەترسیەكی گەورەیە لەسەر ئایندەی میدیا لە كوردستاندا كاتێك كەسێك قسە لەسەر پرسێك دەكات كە هیچ زانیاریەكی نییە.
واشنتن وەمكگۆڕكیش لە ڕێگەی تیمێكی زۆر گەورەوە چاودێری هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوەچەكە دەكەن، چاودێریەكەش بۆ قسەكردنە لەسەر وردەكاریی رووداوەكان لە ناوچەكەدا.

بیرمان نەچێت كە لە ساڵی 2003 ئەمریكا وجودێكی زۆر گەورەی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە، یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكان كە لە هەرێمی كوردستانەوە رووی لە ئەمریكا و ئەوروپا كرد، نیشاندانی هەرێمی كوردستان بوو وەك ناوەندێكی ئارام وگرنگ لە عێراق و ناوچەكەدا، كە لە راستیدا لەو كاتەوە تا ئێستا هیچ كام لە پایتەختەكانی دەوروبەری هەولێر هێندەی هەولێر ئارام و گرنگ نین بە نیسبەت ئەمریكاوە

خاڵی جەوهەری كوردستان ئەو ئارامییەیە كە ئێستا ئەمریكا و ئەوروپا هەستی پێدەكەن و بەفەرمی دانیانپێدا ناوە، ئەوەش گرنگیەكی گەورەی هەیە لەسەر كوردستان و ئایندەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەم كێشمە كێشە گەورەیەی ناوچەكەدا.

مەكگۆڕك بۆچی هاتبوو؟

بیرمان نەچێت ئەولەویەتی سەرەكی كاری ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست رووبەرووبونەوەی داعشە وەك هێزێكی مەترسیدار كە تا ئێستاش پێنتاگۆن بە مەترسی گەورەی دەزانێت لە سەر جیهان و ناوچەكە بەتایبەتی عێراق ، بۆیە ئەوو ئەولەویەتە هەتا كۆتای هەر بەردەوام دەبێت .

هەموو ئەو قسانەی كە دەربارەی سەردانەكەی مەكگۆڕك دەیخوێنینەوە و دەیبیستین دورن لە راستیەوە، لە راستیدا تیمەكەی مەكگۆڕك تەنها یەك ئامانجی سەرەكی هەبووە لە نێو نۆتبوكی مەكگۆڕكدا تەنها ئەو خاڵە نوسرابوو كە بەوردی باسی لێوەكراوە.

لەگەڵ دۆستێك لە پێنتاگۆن ئاڵوگۆڕی چەند زانیاریەكمان كرد، ئەو دەڵێت مەكگۆڕك هاتبوو بەكوردستان بڵێت ئێمە ئەمنیەت و ئاسایشی هەرێمی كوردستانمان بۆ گرنگە دەمانەوێت ئەو ئەمنیەتە وەك خۆی بمێنێتەوە، هیچ شتێكیش نەگۆڕێت و دۆخەكە زۆر زۆر ئارامبێت.

مەكگۆڕك نە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نە لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزان هیچ بابەتێكی دیكەی باسنەكردووە جگەلەوەی كە داوای پاراستنی ئەمنیەتی كوردستانی كردووە كە دەبێت ئەو ئەمنیەتە وەك خۆی بمێنێتەوە و دەبێت كوردستان ئاسایشێكی بەهێز و تۆكمەی هەبێت.

ئەو دێرە تەنها دێڕێك بووە كە مەكگۆڕك چ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و چ لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان باسی لێوەكردووە.

پێشنیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێشنیاری سەرۆك بارزانییە و مەكگۆڕكیش بە جەنابیانی وتوە كە ئەمریكا دەیەوێت رێڕەوی دیموكراسی لە عێراق و كوردستاندا وەك خۆی بڕوات و ئەوەش گرنگە كە كوردستان دەیەوێت هەڵبژراردن ئەنجامبدات، پارتی دەیەوێت هەڵبژاردن بكرێت، كێ توانی هەڵبژاردن بباتەوە با ئەو هێزە حوكمی كوردستان بكات، ئەوەش رەزامەندی ئەمریكای لەسەر بووە.

لەگەڵ یەكێتی و پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش تەنها ئەو دێڕە وتراوە كە دەبێت ئاسایش و ئەمنیەتی كوردستان بپارێزرێت و هەم ئەوان و هەمیش هاوڵاتی هەست بە سەلامەتی خۆی بكات.

هەموو ئەو قسانەی كە باس لە گەرانەوەی یەكێتی دەكرێت بۆ نێو حكومەت و باس لە پرسی هەناردەی نەوت و گازی كۆڕمۆڕو  چەند هەڵیت و پەڵیتێكی دیكە هیچی راست نیین.

ئەمریكیەكان و بەڕیتانیەكانیش كۆدەنگیەكیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كودستان هەیە، رەزامەندن لەسەر ئەوەی كە كابینەی نۆیەم كارەكانی خۆی زۆر بەباشی ئەنجامدەدات، هەروەها دەشیانەوێت بەردەوام بێت، لە راستیدا یەكێتی بكشێتەوە و نەكشێتەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینە هەر بەردەوام دەبێت و كارەكانی وەك خۆی دەكات و بەردەوام دەبێت.

لە راستیدا تاماوەیەكی درێژیش هەڵبژاردن ناكرێت، هەموو ئەو قسانەی كە دەكرێن كە مەكگۆرك باسی لە غاز و گاز و ئەو بابەتانە كردووە هەمووی دوورن لە راستیەوە و ئەوان كار لەسەر دۆخی ئەمنی كوردستان دەكەن، دەشیانەوێت كوردستان وەك ناوەندێكی ئارام لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە.

نە بەم نزیكانە هەڵبژاردن دەكرێت، نە بەم نزیكانەش غاز و گازی هەرێمی كوردستان دەگەیەنرێتە دەرەوە، بەڵام هەوڵەكانی حكومەت بۆ فرە سەرچاوەكردنی داهات كارێكی گرنگە و موافەقەی تەواوەتی ئەمریكای وەرگرتووە،تەنانەت ئەوانیش رەزامەندن لەسەر ئەوەی كارەكان زۆر بەباشی دەڕۆن.

پرسیارە گرنگەكە لێرەدایە ئایا بۆچی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەچێت بۆ داڤۆس كاتێك مەكگۆڕك دێتە هەرێمی كوردستان؟چونكە بارزانی كوڕ كارەكانی بەشێوەیەكی شەفاف نیشانی دەرەوە داوە، ئەوەی كە مەترسیەكە دروست دەكات ئەو ئاژاوە لابەلا و پەیج و میدیایانەیە كە بەمەبەست ئاراستە دەكرێن و دەیانەوێت شتانێك نیشانی خەڵكی بدەن كە ئەمریكا ئەوەی دەوێت كە پەیجەكان دەیەوێت، ئەوە لەراستیدا زۆر زۆر دوورە لە راستیەوە.

ئەگەرەكان زۆر لەوەوە نزیكن كە یەكێتی ئەگەر بەو سیاسەتەی ئێستەوە بەردەوام بێت، لە هاوكێشەی سیاسی و هەواڵگری كوردستان بكرێتە دەرەوە، ئەگەر لاهور جەنگی بتوانێت لە دادگا دۆسیەكان بەرێتەوە، ئەوا وەك سەرۆكی یەكێتی بەردەوام دەبێت و دێتەوە ناو خەڵكی كوردستان  پێشوازی لەخەڵكی دەكات و دەیەوێت بێتە ناو كایەی سیاسی.

جوڵەكانی یەكێتیەكەی لاهور پێشوازی كراوە لەلایەن چەندین هێزی گەورەوە، ئەمریكا مانعی نییە مامەڵەی لەگەڵ بكات بەدروستی، ئێرانیش بەهەمان شێوە، لە ناوخۆشدا بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو یەكێتیە نوێیە دەكات،

دۆخەكە بەهەر شێوەیەك بێت، ئەمریكا نایەوێت ئارامیەكە بشێوێت،لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت دۆخی ناوخۆ ئارامبێت، بێگومان ئەوە لە قازانجی هەموو خەڵكدایە.

ئێستە یەكێتی شەڕی دیزە بە دەرخۆنەكردنی دۆسێەكەی هاوكار جاف دەكات، پارتیش نایەوێت ئەو دۆسێیە چاوپۆشی لێبكرێت چونكە ئەگەر چاوپۆشی لێبكات دەبێتە خاڵێكی قورس لەسەر شانی و گومان لەسەر دەسەڵاتە ئەمنیەكەی دروستدەبێت.

یەكێتی لە باوەشكردن بە پاراستنی كۆمەڵێك كەسدا و رەفتاری شێواودا دەبێت ئەو راستیە بزانێت كە پارتی نایەوێت بەو شێوەیە پرسەكان چارەسەر ببن كە ئەوان دەیانەوێت، بەڵام دەبێت یەكێتی خۆی بپارێزێت ئەگەر نا دورنییە یەكێتی بنەماڵە ئاوت بكرێت لە كایەی سیاسی كوردستاندا.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP