دواین هەواڵ

کێ دەتوانێ نێوانی پارتی و یەکێتی چاک بکات

‌دییە عەلی

1 کاتژمێر پێش ئێستا


 
ڕۆژی ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ پەرلەمانی کوردستان لەدوای دووساڵ لە دەنگدانی هاونیشتیمان کاراکرایەوە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەن و پەرلەمانتارێکەوە بەبێ یەکێتی و ئەوەبوو یەکێتی وەک کاردانەوەیەکی توند لەزاری بافڵ تاڵەبانییەوە رایگەیاند, کەداننانێین بەکاراکردنەوەی پەرلەمان و لێکەوتەکانییشی قبوڵ ناکەن، وەک هەڕەشەش بە ئاشکرا هەڕەشەی دوو ئیدارەیکرد.
 
لەساڵی ١٩٩٢ەوە کەبۆیەکەمجار و دوای کشانەوەی دامودەزگاکانی بەعس و بەڕێوەچوونی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەتا ئەمڕۆ هەمیشە پارتی براوەی یەکەم بووە و هەمووجارێکیش بەوپەڕی لەخۆبوردوییەوە هەماهەنگی یەکێتی بووە و زیاد لەپێگە و سەنگی کورسیەکانی پۆستی پێدراوە لەحکومەتدا، بەڵام هەمیشە یەکێتی هەر نیگەران بووە و هیچکات نەیویستووە هەڵبژاردن بەبنەمای سەرەکی بزانێ و بەردەوام داوای کردووە کە ٥٠ بە ٥٠ کورسییەکان دابەش بکات لەنێوان خۆیاندا، ئەمەش بەواتای ئەوەی هیچ شەڕعیەتێک بۆ دەنگی هاونیشتیمانیان دانەنێت .
 
ئەگەر ییرتان بێ، تەنانەت بەهۆی یەکێتییەوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان زیاتر لە دووساڵ لەوادەی خۆی دواکەوت، پارتی هەر موراعاتی یەکێتی کرد، دوای هەڵبژاردنیش دووساڵ بەربەستی بۆ کاراکردنەوەی پەڕلەمان و پێکهێنانی حکومەت دروستکرد، بەبیانووی جۆراوجۆرە و پارتی هەر موراعاتیکرد، بەڵام یەکێتی هیچکات پێزانینی نەبوو بۆ ئەو هەمووە لەخۆبوردوییەی پارتی و لەهەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا یەکێتی توانی دەستی پارتی بشکێنێتەوەو شانازیشی پێوە بکات، بەڵام کاتێک لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دوای ئەوەی دەیان کۆبونەوە و چەندان دەستپێشخەری لەلایەن پارتی و خودی بارزانیەوە ئاراستەی یەکێتی کرا، بەڵام یەکێتی بەشانازییەوە باسی لەوە دەکرد کەئەوان ڕێگرن لە پێکهێنانی حکومەت و تەنانەت لەدوای هاوپەیمانێتیشیان لەگەڵ نەوەی نوێ زوو زوو ئەوەیان بەگوێی پارتیدا دەدا، کە ئەوان دەتوانن حکومەت پێکبهێنن، هەتا کار بەوە گەیشت هەست بە پیلانگێڕییەک دەکرا دژی قەوارەی هەرێم لەڕێگای دادگای فیدراڵی و بە چاوساغی ئۆپۆزسیۆن دەستلەپشدانی هەندێ لایەنی ناوخۆیی و ئیقلیمی بۆیە پارتی لەوەزیاتر نەیدەتوانی بەدیار کەوتنی قەوارەی هەرێمەوە دابنیشێ و ببینێ ئەو کوردستانەی بەخوێنی سەدان هەزار شەهید و قوربانیدانی گەلێک هاتووەتە بەرهەم لە پیلانگێڕییەکدا ببێتە قۆچی قوربانی.
 
ئێستاش کەیەکێتی دیموکراسی قبوڵ نییە و هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ پێش ١٩٩٢ دەکات، تاکە کەسێک کەدەتوانێ ڕۆڵ و کاریگەری گەورەی هەبێ لەسەر دۆخی کوردستان و ئارامکردنەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان تەنیا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، چونکە نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی هەبێ لەنێوانگیری ئێران و ئەمریکا و ئەحمەد شەرع و عەلی زەیدی بۆچی ناتوانێت نێوانگیری پارتی و یەکێتی بکات، بۆیە خەمخۆرانی کوردستان لەم کات و ساتە هەستیارەدا چاویان لەسەر ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانییە کەبتوانێت جارێکی تر هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە قوڵە دەربهێنێ و بیگەیەنێتە کەناری ئارامی بەوەش کە پارتی و یەکێتی نزیک بکاتەوە لەیەک و واش بکات هەرچی زووترە پەرلەمانتارانی یەکێتی بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و دواتر هەنگاوەکانی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت بنێن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP