دواین هەواڵ

هیچ هەنگاوێک نابێت باشوری کوردستان ڕوبەڕوی قوربانی و کارەسات بکاتەوە

‌سەردەشت حەمەساڵح

13 کاتژمێر پێش ئێستا

سنورەکان، کوردستانیان دابەش کردوە، بەڵام ئازارو چارەنوسی کوردیان لە یەکتر دانەبڕیوە. هەر مەترسییەک بۆ بەشێکی کوردستان، نیگەرانییە بۆ بەشەکانی تر. لەبەر ئەوە، پاراستنی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نەتەوەییە. هیچ هەنگاوێک نابێت بە ناوی خەبات بۆ بەشێکی کوردستان کارەسات دروست بکات، دەبێت ئەنجامەکانی بۆ ژیان و ئارامیی بەشێکی تر هەڵبسەنگێنرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، داواکاریی نێچیرڤان بارزانی لە حزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم، داواکارییەکی لۆژیکی و بەرپرسانەیە.

سەرۆکی هەرێم بەرپرسیارە لە پاراستنی خەڵک، دامەزراوەکان و ئارامیی ئەو خاکەی سەرۆکایەتیی دەکات. پێویستە کار بۆ دابینکردنی بەرگری بکات و لە هەمان کاتدا ڕێگری لە هەر هەنگاوێک بکات کە هەرێم بەرەو جەنگێک دەبات کە بڕیاری بەشداریی تێدا نەداوە.

نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی میری لە هەولێر، ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی جەنگەکەدا گرت و جەختی کردەوە کە هەرێم نابێتە بەشێک لەو جەنگە. هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێگە نادرێت هیچ گروپێکی چەکدار لە خاکی هەرێمەوە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکات.

ئەم هەڵوێستە لە بەرپرسیارێتیی پۆستەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. سەرۆکی هەرێم ناتوانێت تەنها هاوسۆزی دەرببڕێت و ئەنجامە ئەمنی و سیاسییەکان پشتگوێ بخات. دەبێت بیر لەو خەڵکی هەرێم و ئەو خێزانانە بکاتەوە کە لە ئەگەری هێرشێکدا قوربانی دەدەن، لەو شارو گوندانەی دەکەونە ژێر هەڕەشەو لەو دامەزراوانەی بە هەوڵ و قوربانیدان بونیاد نراون.

بەپێی وتەکانی بارزانی، لە سەرەتای جەنگەوە هێز بۆ ناوچە سنورییەکان نێردراوەو بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیەنراوە کە ڕێگەیان پێ نادرێت لە خاکی هەرێمەوە هێرش بکەنە سەر ئێران. ئەو باسی لە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی و بەغداش کرد بۆ بەدورگرتنی هەرێم لە جەنگ.

بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش کە لە هەرێم نیشتەجێن، پاراستنی ئەم ئارامییە دەبێت بەشێک لە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و سیاسییان بێت. هەر هەنگاوێکیان، لە جوڵەی سەربازییەوە تا هەڵوێستێک کە دەتوانێت وەک بەشداری لە جەنگ لێک بدرێتەوە، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ورد هەیە. چونکە ئەنجامەکەی لەوانەیە لە سنوری حزبێک تێپەڕێت و ببێتە کارەسات بۆ خەڵکی باشوری کوردستان.

یەک نەتەوەبون ئەم بەرپرسیارێتییە قورستر دەکات. ئەگەر ئازاری ڕۆژهەڵات ئازاری هەموومانە، ئەوا پاراستنی ژیان و دەستکەوتەکانی باشوریش ئەرکی هەموومانە. خەباتێکی بەرپرسانە دەبێت هەردوو ڕاستییەکە لەبەرچاو بگرێت، بەتایبەتی کاتێک هەنگاوێکی یەک لایەن دەتوانێت چارەنوسی خەڵکی بەشێکی تر بخاتە مەترسییەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت بەرپرسیارێتیی هێرشەکان لەسەر ئەنجامدەران لاببرێت. ڕەخنە لە هەڵسوکەوتی حزبەکان بەڵگەی ئەنجامدانی هێرش لە خاکی هەرێمەوە نییە. کەناڵی "ڕوداو" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە تۆمارێکی ئەو جۆرە هێرشانە نییە.

حکومەتی هەرێمیش هێرشەکانی ئێرانی بەبێ پاساو ناوبردوەو داوای ڕاگرتنی کردوە. بەڵام ئەو ڕاستییە، پێویستیی خۆپاراستن لە هەنگاوی مەترسیدار لەسەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات لانا‌بات.

بۆیە، داواکاریی بارزانی لە دیداری میریدا دەبێت لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتییەکەی بخوێندرێتەوە. ئەو ئەرکیەتی هەرێم بپارێزێت و بەرگریی بۆ دابین بکات. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش ئەرکیانە بە هەڵسوکەوت و بڕیارەکانیان یارمەتیی پاراستنی هەرێم بدەن. ئەم دوو ئەرکە یەکتر تەواو دەکەن و دەکرێت ببنە بنەمای تێگەیشتن و هەماهەنگییەکی ڕونتر.

یەک نەتەوەبون لە بەرپرسیارێتیی بڕیارەکانماندا دەردەکەوێت. هەنگاوێکی ئێمە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی بەشێکی تری کوردستان بە خوێنی خەڵکەکەی باجەکەی بدات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP