لە عێراق، دەسەڵاتداران ڕۆشتنی سەربازە ئەمریکییەکان بە سەرکەوتن ناودەبەن، بەڵام خەڵک سەرکەوتن بەوە دەپێون کە بە موچەکەیان چەند نان دەکڕن و شەوانە چەند بە ئارامی دەخەون. لە نێوان ئاهەنگی سەروەری و نیگەرانیی بژێویدا، ڕاستییەکی تاڵ دەردەکەوێت، سەربازەکان ڕۆشتن، بەڵام ئەو لاوازییانەی عێراق کە پێویستیان بە پشتگیریی دەرەکی کرد، نەک هەر دەمێنن، بەڵکو زۆرتر دەبن.
هێشتا تۆزی پێی دوا سەرباز دانەنیشتۆتەوە، کەمبەهابونی دینار نیگەرانییەکی تازەی خستۆتە ناو ماڵەکان. ڕۆشتنی هێزەکان و هەڵکشانی دۆلار، هەرچەند یەکێکیان بەڵگەی هۆکاربونی ئەوی تر نییە، لە یەک ساتدا عێراقیان لە بەردەم دوو تاقیکردنەوە داناوە، ئەوانیش پاراستنی ئاسایش و پاراستنی بژێوین. تۆفانی ڕەش لەوێوە دەست پێدەکات کە دەسەڵات ئاهەنگی ڕزگاربون دەگێڕێت، بەڵام خەڵک لەمەودوا باجی دەدەن.
حکومەتی عێراق نرخی فەرمیی سەد دۆلاری لە ١٣٢ هەزارەوە بۆ ١٥٢ هەزار دینار بەرز کردەوە. ئەم بڕیارە لە ژێر فشاری کەمبونەوەی داهاتی نەوت و تێکچونی ڕێگاکانی هەناردەدا هاتوە. ئامانجی داراییەکەی ڕونە، حکومەت لە بەرامبەر هەر دۆلارێکی داهاتدا، دیناری زیاتر دەست دەکەوێت تا خەرجییە ناوخۆییەکانی پێ دابین بکات. بەڵام ئەوەی لە حسابەکانی دەوڵەتدا دەردەکەوێت، لە گیرفانی هاوڵاتیدا بە پێچەوانەوە هەستی پێ دەکرێت.
لێرەدا جەوهەری بڕیارەکە ئاشکرا دەبێت، حکومەت بە کەمبەهاکردنی پارە، بەشێک لە قەیرانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ سەر شانی خەڵک. موچەخۆر هەر هەمان ژمارەی دینار وەردەگرێت، بەڵام ئەو ژمارەیە لە دوای بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار هەمان ژیان بۆ خێزانەکەی دابین ناکات. دەوڵەت موچەکەی بە ئاشکرا نابڕێت، بەڵام بەهای موچەکە کەم دەکاتەوە.
گۆڕینی نرخ لە ١٣٢٠ەوە بۆ ١٥٢٠ دینار، بە مانای کەمبوونەوەی نزیکەی ١٣٫٢٪ی بەهای دینارە بەرامبەر دۆلار. بەڵام زیانی خێزان تەنها بەو ڕێژەیە ناپێورێت. نرخی بازاڕ، هەڵکشانی کاڵاو جۆری خەرجییەکان دیاری دەکەن، هەر ماڵێک چەند زیان دەبینێت. خێزانی هەژار، کە زۆربەی داهاتی بۆ خۆراک و کرێ و دەرمان دەڕوات، دەرفەتی زۆری بۆ خۆگونجاندن نییە. ئەوەی لە خشتەی حکومەتدا گۆڕانکاریی نرخە، لە ماڵی ئەودا کەمکردنەوەی پێداویستییەکانە.
کێشەکەش لە دیناردا کۆتایی نایەت. عێراق لە کاتێکدا دەچێتە قۆناغی دوای ئەرکی سەربازیی ئەمریکا کە هێشتا چەک لە یەک فەرماندا کۆ نەکراوەتەوەو دامەزراوەکان توانای یەکسانی سەپاندنی یاسایان نییە. بەردەوامیی هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگریی واشنتۆن و بەغدا، ئەم بەرپرسیارییە لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق لانابات.
سەروەری تەنها بە ڕۆشتنی هێزی بیانی بەدەست نایەت. دەوڵەتێک کە نەتوانێت بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە دەستی خۆیدا بگرێت، هەرچەند هیچ سەربازێکی بیانی لە خاکەکەیدا نەبێت، هێشتا خاوەنی سەروەریی تەواو نییە. کاتێک گروپێکی چەکدار دەتوانێت بە بڕیاری خۆی هێرش بکات و وڵات بخاتە بەردەم وەڵامێکی دەرەکی، ئەوە هاوڵاتییە کە باجی بڕیارێک دەدات کە نە دەنگی بۆ داوەو نە حکومەتەکەی کۆنترۆڵی کردوە.
مەترسیی گەورە لەو ساتەدا دەست پێدەکات کە قەیرانی بژێوی دەگاتە قەیرانی دەسەڵات. گرانی، متمانەی خەڵک بە حکومەت لاواز دەکات. ناتوانایی حکومەت لە چارەسەرکردن، ناڕەزایی فراوان دەکات. بوونی چەک لە دەرەوەی یاساش، دەرگای بەکارهێنانی ئەو ناڕەزاییە بۆ ململانێی هێزەکان دەکاتەوە. ئەوەی لە بازاڕ بە کەمبەهابونی دینار دەست پێدەکات، ڕەنگە لە شەقام بە کەمبەهابونی دەسەڵاتی حکومەت بەردەوام بێت.
داعش لە کەلەبەری دەوڵەتدا دەرفەت دەدۆزێتەوە. گەڕانەوەیەکی فراوانی ئەو ڕێکخراوە چارەنوسێکی حەتمی نییە، بەڵام لاوازیی ئاسایش، ناکۆکیی سیاسی و دابڕانی خەڵک لە دامەزراوەکان، مەترسییەکانی زیاتر دەکەن. مەترسی تەنها ئەوە نییە داعش هێرش بکات، بەڵکو ئەوەشە دەوڵەت هێندە بە قەیرانەکانی خۆیەوە سەرقاڵ بێت، توانای پێشگیری لە هێرشەکەی لاواز ببێت.
گروپە چەکدارەکانیش ناتوانن بە چەک ئەو کەلەبەرە پڕ بکەنەوە. توانای ناچارکردنی حکومەت، هەمان توانای بەڕێوەبردنی وڵات نییە. ئەو هێزەی دەتوانێت ڕێگایەک دابخات، لەوەوە توانای پاراستنی دراو بەدەست ناهێنێت. ئەوەی دەتوانێت هەڕەشە لە نەیارەکانی بکات، بەوە ناتوانێت موچەو کارو دەرمان دابین بکات. دەسەڵاتی چەک، کاتێک لە بەرپرسیاریی ژیانی خەڵک دابڕاوە، دەبێتە بارێکی تر بەسەر وڵاتەوە.
بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم قەیرانە دوو ڕوی هەیە. کەمبەهابونی دینار سنوری سیاسی ناناسێت و فشارە داراییەکانی بەغداش دەگەنە موچەو بودجەی هەرێم. لە هەمان کاتدا، گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکان و لاوازبونی توانای ڕێگریکردن لە هێرش، مەترسیی ئەمنی زیاد دەکات. بەمەش هەرێم دەکرێت باجی بڕیارێک بدات کە خۆی دەسەڵاتی گۆڕینیانی نەبوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، داڕمان چارەنوسی نوسراوی عێراق نییە. ڕۆشتنی هێزە ئەمریکییەکان دەکرێت ببێتە دەرفەتی بونیادنانی دەوڵەتێکی بەرپرسیار، ئەگەر بەغدا بڕیار بدات چەک بخاتە ژێر یەک فەرمان، یاسا بەسەر هەموواندا بسەپێنێت و ئابوری لە وابەستەییە قورسەکەی بە نەوت ڕزگار بکات. بەڵام دەرفەتێک کە بڕیاری سیاسی و دامەزراوەی بەهێزی لە پشت نەبێت، دەکرێت بگۆڕێت بۆ بۆشاییەک کە هێزەکانی تر بۆ پڕکردنەوەی بکەونە کێبڕکێ.
ئەگەر بەغدا لەم تاقیکردنەوەیەدا شکست بهێنێت، داواکردنی پشتگیریی فراوانتری ئەمریکا جارێکی تر دەبێتە ئەگەرێکی جدی. بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە واشنتۆن بە هەمان شێوەو بە هەمان مەرجەکان وەڵام بداتەوە. وڵاتێک کە لە ناو قەیراندا داوای ڕزگارکردن دەکات، توانای دانوستانی کەمترە لە وڵاتێک کە پێش قەیران هاوبەشییەکانی بەڕێوە دەبات. باجی لاوازی، تەنها ئەو زیانە نییە کە ئەمڕۆ دەدرێت، ئەو مەرجانەشە کە سبەی ناچار دەبیت قبوڵیان بکەیت.
تۆفانی ڕەش، ئەگەر هەڵبکات، تەنها لە دەرگای ماڵی هەژاران نادات. قەیرانێک کە متمانەی خەڵک دەڕوخێنێت و دەسەڵاتی دەوڵەت لاواز دەکات، لە پشت دیواری کۆشکەکان ناوەستێت.
عێراقی دوای ئەمریکا بەوە ناپێورێت کە کێ لە خاکەکەی ڕۆشت، بەوە دەپێورێت کە کێ بڕیاری بەسەردا دەدات. ئەگەر دەوڵەت چەک کۆنترۆڵ نەکات و نانی خەڵک نەپارێزێت، ئاهەنگی سەروەری دەبێتە پێشەکییەکی کورت بۆ قەیرانێکی درێژ.