وای دانێ هەرچی کێشەیە، خەتای ریفراندۆمە! خۆ لە تورکیا و سوریا و ئێران کورد ریفراندۆمی نەکرد، مەگەر حاڵی کامیان لە کوردی عیراق باشترە؟!
کێشەکە لەشوێنێکی دیکەیە! بزووتنەوەی کوردیی، سەرەتا ویستی لەڕێگای پێناسەی ویڵسن بۆ مافی چارەی خۆنووسین و دواتر لەڕێگای پێناسەکەی لێنین بچێتە سەر نەخشەی دونیا! سەرکەوتوو نەبوو! دواتر ویستی لەڕێگای بانگەشە بۆ دیموکراسی ئەوەبکات، سەرکەوتوو نەبوو! مەگەر مورسی و ئەربەکان بە دیموکراسی نەهاتن و لەسەرکار لادران و دونیاش دوو ووشەی نەبوو؟!
لەدوای ڕاپەڕینەوە، کورد دوو هەوڵی هەبوو، یەکیان لەڕێگەی ئەوەی ببێتە بەشێک لە نەخشەی جیهانیی ووزە و دەرهێنانی نەوت، ئەویدیکە لەڕێگەی کارێک کە کورد ناویلێنا: “شەڕکردن دژی تاریکی بە نوێنەرایەتی جیهان” لەوەشدا کورد گەورەترین دۆڕاوبوو! هەر یەک لەم هەوڵانەش لایەنگری دۆڕاو و براوەی خۆی هەیە.
ریفراندۆمیش هەوڵێک بوو، ئەوەی سەرکەوتووە یان نا، ڕەنگە بۆیەکێک گفتوگۆیەکی تەواو بەسەرچووبێت و بۆ یەکێکی دیکە، هێشتا کاتەکەی مابێت. بەڵام وەک هەموو ئەوانی دیکە ئەزموونێکە. لەو ئەزموونە، سەرکۆنەکردنی قوربانی لەبری جەلاد، هەم نەزانییە و هەم قین لە دڵبوون.
ئەدی کێشەکە لەکوێیە؟! راستییەکەی گەورەترین دوژمنی درووستبوونی دەوڵەتێک بەناوی کوردستان، جوگرافیاکەیەتی ئینجا نوخبەی کورد.
ئەو گەلانەی کێشەیان لەگەڵ چەندین دەوڵەت هەیە و دەورە دراون، وەک چۆن کورد دەورە دراوە، گرنگە لانی کەم وڵاتێکت لەگەڵبێت لەوانەی دەورەیان داویت. کورد نەوەک کەسیانی لەگەڵ نییە، هەموو دژین! ئەوەی لەدوای ریفراندۆم دژی کورد وەستایەوە هێزی عیراق نەبوو، ئەو هێزە بوو ئێران و تورکیا بە عیراقیاندا. ئەگەر ئیران و تورکیە خۆیان پرسێکیان بەناوی کورد نەبوایە، دەکرا چیرۆکەکە زۆر جیاوازبێت.
نوخبەی کورد، دیوی دووهەمی چیرۆکەکەیە. لە هەموو دونیا دەوڵەت بۆ نوخبەیە. دەوڵەت بۆ خەڵکی سادە نییە. نوخبەی کورد نەگەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر دەوڵەتێک بەناوی کوردستان درووستبێت لەقازانجییەتی. پێچەوانەی ئەزموونی زۆر میللەتی دیکە، ئەوەی زۆرترین دژایەتی دەکات، وەک سکۆتلاند خەڵکی خانەنشین نییە! لە کوردستان دەوڵەمەند و سیاسیی و هونەرمەند و نووسەرەکانن. بەکورتی: نوخبەی کورد دژییەتی! ڕەنگە لەسەرێکەوە تێگەیشتن لەمە ئاسانبێت: ئەوان لەنێوان بازاڕێکی چل ملیۆنی و بازاڕێکی پێنج ملیۆنی بێگومان بازاڕە چل ملیۆنییەکە هەڵدەبژێرن.
ڕزگاربوون لەم گرێکوێرەیە، پێویستی بە خەباتێکە دوو لایەنە. لەلایەک ئەوانەی خوازیاری جیابوونەوەن دەبێت بەشێکبن لە بزووتنەوەی دیموکراتیکی ئەو دەوڵەتانەی تیایدان، تاوەکو جیابوونەوە ئەو تابووە نەبێت کە ئیستا هەیە و پرسی جیابوونەوە وەک پرسێکی دیموکراتیانە ببیندرێت. لەلایەکی دیکە، دەبێت ئەو خەڵکەی خوارەوەی کۆمەڵگە کە خوازیاری جیابوونەوەن و نوخبە نین، ببنە نوخبە.
بۆ ئەمە، ئەو خەڵکە دەبێت سکیان تێربێت و مێشکیان تێربێت. دەبێت ئەو خەڵکەی خوارەوە بگەیەندرێنە ئاستێک، جێگە بەو نوخبەیەی ئیستا لێژکەن و خۆیان کوردستان بەرەو جیابوونەوە ببەن .
بۆمن پرۆژەی جیابوونەوەی کوردستانی عیراق، لەگەڵ ریفراندۆم دەستیپێنەکردووە. لەگەڵ دامەزران و پێش دەوڵەتی عیراق هەبووە و ریفراندۆم قۆناغیەکیەتی. دەرەنجامی ریفراندۆم هەرچی بێت، سەرکەوتووبێت یان نا، پرۆژەی جیابوونەوەی کوردستانی عیراق هەر ماوە.