دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا بەڕێز "عەلی زەیدی" سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ (٢٧) ناوەندی توێژینەوە (خانەکانی بیری) عێراق کۆبۆیەوە. ئێمەش "ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی" وەک ئەوەی مۆڵەتی فەرمیمان لە بەغداو هەرێم هەیە و بە سێ زمان و سێ بەش هەوڵەکانی خۆمان دەوەشێنین، ئاگادارکراین..
بەهۆی درەنگی و دووری و کەمی کاتەوە نەچووین. گردکردنەوەی سەرکردەکانی ڕەئی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە خاڵێکی بەهێزی ئەوەو متمانەی حکومەتەکەی لەناو تەپوتۆزی گەندەڵی و ژەنگهەڵهێنانی دامەزراوە- عێراقییەکاندا بەرزتر دەکاتەوە؛ بەرزتری دەکاتەوە چوونکە کاری ڕاستەقینەی ئەم ناوەندانە بەرهەمهێنانی ئاگایی زیاتر، شیکارکردنی داتاکان، دیاریکردنی مەترسییەکان و بژاردەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیەتی.
ڕاستیتان دەوێ؟! هەرێمی کوردستان ئەوەندەی بە دوای خۆبادان و کۆنفڕانس و دیداری بێماناو بێبەرهەم کەوتوە؛ ئەوەندە بە دوای تامکردنی زانستێکی ڕاستەقینەو بەشێکبوون لەم دونیایە نەکەوتوە، لێرە بەردەوام پێمان وتراوە؛ کێ توێژینەوە دەخوێنێتەوە! بۆ کێ سەری خۆتان دێشێنن! بەخوا هەزار پەیپەرو لێکۆڵینەوەی تریش بڵاوبکەنەوە هەر فوڵان و فیسار قسەیان دەیخوا!! ئێمە مادام ئامانجەکەمان ڕاست و ڕەوایە دەستی لێهەڵناگرین و گوێ بەو ناو-بۆشانە نادەین کە گاڵتە بە "مەعریفە" و بەرهەمهێنانی هەر مەعریفەیەک دەکەن. بەبێ بوونی ڕوانگەیەکی زانستی هاوچەرخ، دامودەزگا، هەماهەنگیی لەگەڵ خۆمان، دەستکەوتنی داتاو شیکارییکردنی، چێککردنی ڕاستییەکان بە میتۆدی خۆی، چۆن دەتواندرێت ژێرخانێکی بەهێز بینا بکەیت و دووبارە کەسێتی تاکی کورد بونیاد بنێیتەوە!؟ ئەرکە سەرەکییەکە ئەوەیە..
بەپێچەوانەوە، ئەمە شتێکی هێندە قوورس نییە ئێمە هەرکاتێک بچین بۆ لای هەر سەرکردەیەکی عێراقی یان بیانی، بەتایبەت لەرێگەی پارتنەرەکانمان و هاوڕێکانمان لە "سەنتەری بەیان بۆ دیراسات و پلاندانان" لەبەغداد ئاگاداری ئەو هەوڵانەین. هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٦ ەوە نەوت و گاز بەرهەم دەهێنێت، هێشتا ناوەندێکی بیرکەرەوەی قووڵی بەم بوارەی نییە!؟ هێشتا تەنها یەک لێکۆڵینەوە یەک زانیاریی نییە کە ئایا چۆن کۆمپانیا بیانییەکان مامەڵە لەگەڵ کێڵگەو بیرەکانی ئێمە دەکەن!؟
لەماوەی دە ساڵی پێشوودا، زیاتر لە (٥٠ ) پەنجا جار درۆمان لەگەڵکراوە و پرپۆزەڵ و نووسراومان پێ نوسراوە لەو هەرێمی کوردستانەدا، هەر بۆئەوەی درۆمان لەگەڵ بکەن و بێزارمان بکەن.. لەڕاستییدا ئەوانە کرێگرتەی ناحەزانی کورد بن یان هەر خۆیان لە ڕووی دەروونییەوە نا-ساخڵەم بن، ئەنجامی ئەو مامەڵەو غرووری و لە خۆبایی بونە بێمانایەیان هەر هەمان ئەو ئەنجامەیە کە دژی دامودەزگابوون، دژی زانست و هەڵسانەوەی کوردستانە.
لەو ساڵانەی ڕابردوودا، بە سەدام ملیۆن دۆلار دراوەتە ڵێکۆڵەرو لۆبیست و میدیاکاری بیانی؛ تەنها لەبەرئەوەی برادەرانی ئێمە خۆیان و تواناکانی ناوخۆی کوردستانیان پێ کەم و بچووکە.
شتێک کە هێشتا بەباشی لێی نەگەیشتووم، بۆچی ئێمە دەستمان دەگاتە بەهێزترین ناوەندە میدیاییەکانی جیهان، لەلایەن کاریگەرترین بڵاوکەرەوەکانی ئەم گەردوونە تێزەکانمان لە ٧٠٠٠ دامەزراوەو سەروو ١٠٠ دەوڵەتدا بەردەست دەخرێت، شەوانەو ڕۆژانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، لێکۆڵەرە بەئاگاکانی دونیا چات دکەین، ئیمەیڵ دەگۆڕینەوە، بانگهێشتمان دەکەن، کارێکی پەیوەندیدار هەبێت داوای میتینگ (زوومینگ) دەکەن..و..زۆری دیکەش، بەڵام لەو هەرێمی کوردستانە زۆربەی بەرپرسانی حیزب و، سکرتێری-سکرتێری- سکرتێرەکانیشیان، پەرلەمانتار و تەنانەت تازە-پیاکەوتوویەکی ناو کایەی میدیاش هێندە خۆ-بەزلزانن و خۆ-بە-پڕ زانن مرۆڤ خۆشی نازانێت بەرانبەر چ دیمەنێک وەستاوە! سەیری بکە، ئێستا ئەوەندەی ئاگادار بم لە تورکیاو ئێران و سوریاو بەغداو ڕووسیا بەش و ناوەندی نوی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر کورد دەکەنەوە، بەڵام کورد خۆی لەناوخۆدا ئەمە ناکات!
ئەگەر کورد لە هەرێمی کوردستان بیەوێ ببێتە بەشێک لەخۆی نەک ئەوانی دی، پێویستی بەوەیە؛ "دامودەزگای بەهێز و هەمەچەشنی هەبێت، وە لە قووڵایی ئەم سەردەمە تێبگات"، ئەگەر بشیەوێ هەر سێ و-چوار پێنج کەسێک سەر بەیەکدا بکەن و خەریکی گرووپکردنی بێمانای حیزبی و دەنگە-دەنگی میدیایی بن، ئەوە با بەردەوام بێت، ئێمەش بەردەوام دەبین.