دواین هەواڵ

بنیاتنانی ژێرخانی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق: لە پشتبەستن بە هاوردەکردنەوە بۆ ئاسایشی وزە

‌بەهرۆز جەعفەر

1 رۆژ پێش ئێستا

بنیاتنانی ژێرخانی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق: لە پشتبەستن بە هاوردەکردنەوە بۆ ئاسایشی وزە

ناساندن
عێراق بەدەست کەمی نەوتی خاوەوە نا-ناڵێنێت؛ بەدەست لاوازی سیستەمی پاڵاوتنی قووڵەوە، یەکنەخستنی پترۆکیمیاییاتەکان، دۆخی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و نا-کارامەیی لە تێکەڵکردنی سووتەمەنییەوە دەناڵێنێت. کەرتی وزەی عێراق ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی ئاڵۆز دەبێتەوە: سەرەڕای خاوەندارێتی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراو لە جیهاندا و پێگەی دوەم لە ئۆپیکدا، بەڵام وڵاتەکە لەگەڵ کەمیییەکی توند و بەردەوامی قەیرانی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکان و گاز و پێکهاتە کیمیاییەکاندا دەجەنگێت.

 

ئەم قەیرانە لەلایەک بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز و نەبوونی دیدگای ڕۆشن درووستبوە، لەلایەکیش بەهۆی گرژییە سەربازییە ناوچەییەکان کە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، وەک ئەوەی لە ٢٠٢٦ دا بەهۆی  پەککەوتنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو ئەم قەیرانە توندتر بووە.

 

نەبوونی ژێرخانێکی پتەو و خۆڕاگری پیشەسازییە نەوتییەکان لە دۆخی ئاساییدا بووەتە هۆی دابەزینی هەناردەکردنی نەوت و، ڕۆیشتنی پارەی عێراق بۆ دەرەوە، لە دۆخی جەنگیشدا چوونکە پشت بەدەرەوەی خۆی دەبەستێت، بوەتە هۆی ئەوەی هاوردەکردنی پێویست بۆ دابینکردنی خواستی ناوخۆ بکەوێتە مەترسییەوە.

بیرخستنەوەیەک بۆ دیدگایەکی ڕۆشنتر و ستراتیجێکی گشتگیرتر 

لە تەموزی ٢٠٢٦ دا، لە میانەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق "عەلی زەیدی" و شاندی هاوەڵی بۆ واشنگتۆن سێ ڕاسپاردەی گەورە بۆ چارەسەریی کێشە هەڵوەسراوەکانی وزە لە عێراقدا پێشکەشی لایەنی عێراقی کراوە: 
یەکەمیان، زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمەیان بۆ زیادکردنی داهات لەناوخۆ و ڕێگریی کردنە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانییدا. 
دوەمیان، ڕاگرتنی بەهەدەردانی گاز، بەپێی ڕاپۆرتەکانی سندووقی دراوی جیهانی و نەتەوەیەکگرتوەکان عێراق ساڵانە پلەی سێهەم یان چوارەمی هەیە لە پیسکردنی ژینگە، دەبێت ئەم سووتانی گازە و بە فیڕۆدانی ڕابگرێت و، لەبری ئەوە کۆمپانیا ئەمریکییەکان هاوکاری بن لە بەرهەمهێنانی کارەبادا.  
سێهەمیان، هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوت، تاوەکو چیتر بەتەنها پشتبەستن بە گەرووی هورمز کۆتایی بێت. بەگشتی ڕاکێشانی لوولەی نەوت لە بەسرەوە بۆ عەقەبە، لە کەرکوکەوە بۆ بانیاس، پێناسەکردنەوەی هێڵی کەرکوک- جەیهان، تەنانەت هەناردەکردن لە ڕێگەی "یەنبوع" ەوە بە خاکی سعودییەدا، ئەمانە بەتەنها هێڵەکانی وزەو ئابوریی هەمەچەشن ناکەن، بەڵکو ڕووگەی سیاسیی و دیبلۆماسی و کرانەوەی زیاتری بازاڕ و دیالۆگی زیاتر لە ئاستی جیا-جیادا دە‌هێننە ڕۆژەڤەوە. 

بەئامانجگرتنی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە، ڕاستەوخۆ دەستبردنە بۆ برینە شێرپەنجاوییەکانی عێراق، سەرەتایەکی گونجاوە بۆ چوونە سەر سکەی چارەسەرییەکی ڕیشەیی.

 

بەڵام عێراق و ئەمریکا خاڵی چوارەمیان بیرچوە کە سەرچاوەی بەهەدەردانی دارایی و هۆکاری ڕاستەقینەی پەکخستنی تواناکانی دەوڵەتەکەیە، ئەویش پێشخستنی پیشەسازیی پیترۆ-کیمیاوییات و فرە-چەشنکردنە لە خودی بەرهەمە نەوتییەکان دا، ئێمە کلیک لەسەر ئەمەیان دەکەین.  

قەیرانی ژێرخان و پێکهاتە نەوتییەکان

عێراق نەوتی خاوی هەیەو، هەناردەی دەکات، بەڵام ساڵانە سەروو ٤ ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی پێکهاتە نەوتی و کیمیاوییەکانی کە لەڕێگەی نەوتی خاوەوە بەرهەم دێن خەرجکردوە! لەڕووی زانستییەوە لە پرۆسەکەدا سەرەتا نەوتی خاوت هەیە، لەڕێگەی پاڵاوتنەوە، پێکهاتە نەوتییەکان بەرهەم دێت، بەرئەنجامی ئەمە "پیترۆکیمیاویات" مان دەبێت، لەمەیشەوە دەگەین بە بەرهەمە پیشەسازییەکان، بەمە دەوترێت ژێرخانی نەوت، وە بەمجۆرە دەستەبەرکردن و بەرز-ڕاگرتنی پیشەسازییە هایدرۆکاربۆنییەکان دەتوانێت تواناکانی دەوڵەت لە دەیان بواردا بەرز دەکاتەوە. 

ئەگەرچی لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٥ دا، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کە هاوردەکردنی نەوتی سپی (کیرۆسین)، بەنزین و دیزڵ (گاز) ڕادەگرن لە دەرەوەو، توانای دابینکردن لەناوخۆدا گەیشتوە بەئاستی پێویست، کەچی  هێشتا لە ئابی ٢٠٢٦ دا کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئەبوزەبی (ADNOC) بەنزین بۆ عێراق دابین دەکات، عێراق لیتری بە (١٥٠٠) دینار دەکڕێت و بە نرخی (٤٥٠) دینار دەیدات بە هاووڵاتیان، هەروەک چۆن هەمان کۆمپانیای ئیماراتی لە (٢٠٢٤) ەوە نەوتەکانی عێراق خۆی لە بەندەرەکانی نیزیک بە نرخی داشکێندراوی سۆمۆ دەکڕێت و، دواتر دەیکاتە بەنزین و بە عێراق خۆی دەفرۆشێتەوە! 
ئەگەرچی لە بنچینەدا پێویستە فرەچەشنکردنەکە لەبازنە گەورەکەی "وزە"دا ڕووبدات، بەڵام  با وای دابنەین وزە هەر بەتەنها بریتییە لە فیوسیل فیوڵەکان/ سووتەمەنییە بەردینییەکانە (نەوتی خاو، گازی سرووشتی و خەڵوز؛ ئەوانەی ڕێژەی کاربۆن تیایاندا بەرزە): لەڕێگەی نەوتی خاوەوە ئەم بەرهەمە سەرەکییانە بەرجەستە دەبن: دیزڵ، نەفتا، بەنزین، کیرۆسین، جێت فیوڵ، قیر، ڕۆنە چەورکەرەکان (زيوت التشحيم) بۆ چەورکردنی ئامێرەکان و چەورکەرە سەرەتاییەکانی تر. لەڕاستییدا عێراق و هەرێمی کوردستان تەنها لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی قیر (Bitumen) دا بەرەو پێشچوون کە بەتەواوی ژینگە پیس دەکات، ئەوەش سێ جۆری سەرەکی هەیە (جانبۆباگ، قیری گەرم، بەرمیل یان قیری پەنجا-شەست). تەنانەت بۆ نەوتی سپی (کیرۆسین) عێراق پشت بەدەرەوە دەبەستێت و هاوردەی کردوە!

گریمان لە ئەمڕۆوە پاڵێوگەکانی کەربەلا، عەمارە، زی قار، شوعەیبە، بێجی، دۆرە، کار، لاناز و سەدان پاڵێوگەی بچووکی دیکە کە هەن، دەتوانن بەنزینی پێویست دابین بکەن، بەڵام هێشتا عێراق بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکانی دی پێویستی بە ماددەی چاککەر هەیە کە لە دەرەوە هاوردەی بکات، ئەوەش بۆ تێکەڵکردنی ئۆکتانە کە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی و ڕێژەی ئۆکتان، ماددەی کیمیاوی باشکەر دەکرێتە ناو نەفتاوە تا دەبێتە بەنزینی ئۆتۆمبێل. وەک چۆن بۆ درووستکردنی ماست پێویستە هەوێن (هامێن) بۆ شیرەکە هەبێت، کاتێک "هەوێن" ەکە دەست نەکەوێت، ماستەکە گران دەبێت.

 

کاتێک کۆمەڵگەی پیترۆکیمیاوییەکانی ئێران خاپوور کرا، کە ئەم "هەوێن"ەی دابین دەکرد بۆ ناوچەکە، نرخی بەنزین لە عێراق و ئێرانیش دەستی بە بەرزبوونەوە کرد.

ئەو واقیعە قبووڵ دەکەین، کە لە عێراق وەزارەتی نەوت هەیە نەک وەزارەتی کاروباری وزە. فرەچەشنکردن نابێت تەنها لە ئابورییەکەدا ڕووبدات، بەڵکو دەبێت لەناو سێکتەرە جیاوازەکانی کە سەرچاوەی داهاتن ڕووبدات، بۆ نموونە لەناو کەرتی کشتوکاڵ خۆیدا دەبێت ڕووبدات؛ تەماتەو خەیار تەنها بۆ زەڵاتە نین، دەکرێت بە تێکەڵکردنی خەیارو کبریت و هەندێک ماددەی دیکە دەیان کارگەی سابوون و کرێمی دەموچاو و جوانکاریی بونیاد بنرێت و هەناردە بکرێت. فرەچەشنکردن لەسەرچاوەکانی وزەشدا دەبێت (نەوت، گاز، خەڵوز، سۆلار، وزەی با، پەیینی کیماویی، بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی ڕیسایکڵینی پاشماوەکانەوە، لەڕێگەی کەهرۆ-ئاویی و ڕێگەکانی دیکەوە..)، ئنجا لەناو نەوت و گازدا دەیان پێکهاتەو جۆر و پرۆسەی تێکەڵکردنی دیکە هەیە، دەبێت ڕووبدات، بۆئەوەی دەوڵەت لەناوخۆدا ماددە گرانبەهاکانی دیکە بەرهەم بهێنێت کە لەئەنجامی کارلێکە کیمیاییەکانەوە بەدی دێن. 

بەپێی ڕاگەیەندراوی سۆمۆ، عێراق لە (٢٠٢٥) دا زیاتر لە دوو ملیۆن و ١٠٠ هەزار تۆن بەرهەمە نەوتییەکانی لە دەرەوە هاوردەکردوە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٢٣ تۆنی گازۆلین  بوە، بڕەکانی دیکەش بەگشتی دیزڵ بوە.  سۆمۆ لە ئابی ٢٠٢٦ بە (٢٨) دۆلار خوار بازاڕ (-٢٨) نەوتی خاو دەفرۆشێت،  بەنزین و پێکهاتە چاککەرەکانی دیکەش بە نرخی گرانتر دەکڕێتەوەو هاوردەی دەکات! لە ٢٠٢٢ دا ئەمە پێنج  ملیار و ٢٩٩ ملیۆن و ٨١٧ هەزار دۆلار لەسەر عێراق کەوتوە، لە ٢٠٢٣ دا بە پێی (UN Comtrade) لەڕێگەی بنکەدراوەی WITS ی بانکی جیهانییەوە، داتاکان دەریدەخەن کە تەنها هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییە ناخامەکان چوار ملیارو ٣٣٢ ملیۆن دۆلار لەسەر عێراق کەوتوە. ئیتر بەمجۆرە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ ەوە هێناویەتی.

وزە هەر سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی ناگۆڕێت، بەڵکو خۆی لەخۆیدا لەڕووی پێکهاتەییەوە بریتییە لە زنجیرەیەکی گۆڕانکاریی خێراو زۆرو زەبەند، دەستەڵاتدارانی عێراق پێش ئەوەی بیر لە هەناردەکردنی خێرای نەوتەکەیان بۆ دەریای ناوەڕاست، کەنداوی عەرەبی، و دەریای سوور بکەنەوە، دەبێت لەخۆیان بپرسن چۆن گازی سرووشتی دەگۆڕێت بۆ پەیینی کیمیاویی (Fertilizer) و زەوییە لەکارکەوتوەکان زیندوو دەکاتەوە و ئاسایشی خۆراک بەهێز دەکات، چۆن ئامۆنیاو یۆریا بەرهەم بهێنین لەم رێگەیەوە؟ با ئەوە بپرسین چۆن نافتا دەگۆڕێت بۆ بەنزین؟  بێگومان  ژمارەی ئۆکتانی نەفتا زۆر کەمە (زۆرجار لە نێوان ٤٠ بۆ ٦٠)، واتە خراپە بۆ بزوێنەری ئۆتۆمبیل، کەواتە دەبێت پێکهاتەی هایدرۆکاربۆنی پاک و خاوێنی تێکەڵ بکرێت، کە وەک وتمان عێراق ئەمەشی نییەو هاوردەی دەکات، بۆیە تووشی قەیرانی کەمی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بوەتەوە. بۆ نموونە، ئیتانۆل، کە سووتەمەنی بایۆلۆجییە کە بە ڕێژەیەکی تایبەت زیاد دەکرێت (وەک E10) بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتان و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی. ئۆکتانی کیمیایی زیادکەری دیکە وەکو  پێکهاتەکانی وەک مێتانۆل یان MTBE (هەرچەندە ئەم دووەمیان کەمتر بەکاردەهێنرێت بەهۆی هۆکاری ژینگەییەوە).

غازی خۆی دەسووتێنێت و غازی دەرەوە دەکڕێت! 

کێشەی عێراق کەمی وزە نییە؛ پێچەوانەکەی ئەوەیە: عێراق نەوت و غازی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی کارا سەرچاوەکانی ناگۆڕێت بۆ وزەی بەکارهێنراو. وڵاتەکە غازی خۆی بەهەدەر دەدات و غاز لەدەرەوەی وڵات هاوردە دەکات. نەوت هەناردە دەکات و پارەکەی دەدات بەو کارەبایەی دەیکڕێت، هێشتا بەدەست کەمی کارەباوە دەناڵێنێت.  بەمشێوەیە وڵاتەکە بەهای ئابووری غاز و نەوتەکەی لەدەست دەدات. ئەمە هۆشدارییەکی سەرپێی نییە کە ساڵانە بانکی نێودەوڵەتی، IEA، IMF، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، و S&P Global و ئێمەومانان هۆشداریی دەدەین بەم عێراقە کە بە بەهای بازاڕ ساڵانە ئەو غازەی عێراق بە هەدەری دەدات زیانەکەی لەنێوان ٥ بۆ ٨ ملیار دۆلاردایە، لەپاڵ ئەوەشەوە ساڵانە بە بەهای چوار ملیار دۆلار گازی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران کڕیوە. 

ئینجاو هێشتاش؛ دەرئەنجامەکان تا دێت خراپتر بوە، لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٦ دا وەزیری کارەبا بە ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕاگەیاندوە کە بەرهەمی تۆڕەکانی کارەبای عێراق لە نزیکەی لە نزیکەی ٢٧ هەزار مێگاواتەوە دابەزیوە بۆ ٢٢ هەزار مێگاوات، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە ٦٠ هەزار مێگاوات هەیە، ئەمەش واتا ٣٨ هەزار مێگاوات کارەبا کورتهێنان هەیە لە عێراقدا (واتە ٣٧٪ ی کارەبا لە ناوخۆدا بەرهەم دێت).

بارگرانی لە سەر بودجەی عێراق

گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکان هەموو کاتێک کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی هەیە.  لەنێوان  ٢٨ ی شوبات بۆ ئابی ٢٠٢٦ عێراق بەهۆی جەنگ و داخرانی هورمزەوە ٧٥٪ ی هەناردەکردنی نەوتەکەی لە دەست دا. عێراق ٨٠٪ی نەوتە بەرهەمهێندراوەکەی هەناردە دەکات و ٢٠٪ی لەناوخۆدا بەکاردەبات. ڕێژەی پشتبەستنی ئابوریی عێراق بە نەوت نیزیکەی (٩٥٪) ە، قورساییەکی گەورەو بێمانا لەسەر کەرتی گشتییەکەیەتی، چوار ملیۆن و ٤٥٠ هەزار فەرمانبەری هەیە، بە سەدان هەزار کەسی دیکەش لەژێر ناوی جیاجیادا مووچە لە حکومەت وەردەگرن، بە دەیان هەزار کەس دوو مووچەو سەرووتریان هەبوە، بە جۆرێک لەناو سەرۆکایەتییەکان و دامەزراوە پلە یەکەکانی عێراقدا هەزارەها کەس هەن مووچە وەردەگرن بە بێ ئەوەی هیچ دەوام یان هیچ ئەرکێک جێبەجێ بکەن و، بە لیستی جیاجیا دامەزراون، فەرمانبەر هەیە لە زانکۆکانی عێراق بڕوانامەی بەدەستهێناوە بێ دەوامکردن و لەوڵاتەکەشدا ناژی! کۆی گشتی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومی مانگانە هەشت ترلیۆن دیناری عێراقییە (یەکسانە بە پێنج ملیار دۆلار).

 ئەگەر تەماشای بکەیت، داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە ٢٠٢٣ دا لە نێوان (٨٧.٦ – ٩٧.٥ ملیار دۆلاردا بوە)، لە ٢٠٢٤ داهاتەکەی بە نیزیکەی ٩٤ ملیار دۆلار بوە، لە ٢٠٢٥ دا داهاتی نەوت ٦٩.٤١ ملیار بوە. لە ٢٠٢٦ دا ئەم بڕە لە کوێ بهێنێت!؟ چارەسەرە بنچیینەییەکە ستراتیجییەتێکی گشتگیرو هەمەلایەنەیە بۆ سەرپێخستنی ژێرخانی پیترۆکیمیاوییاتەکان لەعێراقدا، بەمجۆرە لە نەوتی خاوەوە حکومەت هەنگاو دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزەو خۆڕاگریی ئابوریی.

کۆتایی 
دەوڵەتداریی و حوکمڕانی هونەرە، زانستە، کارامەییە. ستراتیجییەتی خێرا بۆ هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەس نییە، بەڵکو خاڵە جەوهەرییەکە ئەمەیە؛ عێراق بەدەست کەمی نەوتی خاوەوە نا-ناڵێنێت؛ بەدەست لاوازی سیستەمی پاڵاوتنی قووڵەوە، یەک نەخستنی پترۆکیمیاویاتەکان و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و نا-کارامەیی لە تێکەڵکردنی سووتەمەنییەوە دەناڵێنێت. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە هەماهەنگیی نێوان لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی عێراق، حکومەت، ناوەندەکانی توێژینەوە دەکرێت. پاکسازیی و پیاچوونەوەیەکی گشتیی بەڕێژەی ڕاستەقینەی فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت کە بەتەواوی زانراوەو لە ئەرکدان لەگەڵ ئەوانەی هەر بەتەنها بەناو ئامادەییان هەیە لە لیستەکانی مووچەدا، بێ ئەوەی لە ئەرکێکدا بن. بە پێچەوانەوە، نەبوونی سیستەمێک بۆ پاکسازیی و، نەبوونی ژێرخانێکی تۆکمەو فرەچەشنکراو بۆ وزە، بەردەوامیی نا-سەقامگیرییە ناوچەییەکان دەبنە هۆی دەرەتانێکی گەورەی ئابوریی، ئەمنی، کۆمەڵایەتی بۆ عێراق. 
https://www.mirs.co/KU/details.aspx?jimare=342
• بەهرۆز جەعفەر/ پسپۆڕی ئاسایشی وزەو جیۆپۆڵەتیک، دکتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP