دواین هەواڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان؛ ٨٠ ساڵ خەبات و نوێبوونەوەی بەردەوام

‌محەمەد فەریق

2 رۆژ پێش ئێستا

تێپەڕبوونی هەشت دەیەی تەواو بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنیا یادکردنەوەی مێژووی پارتییەک نییە، بەڵکوو گێڕانەوەی بەشێکی گرنگ و چارەنووسسازی مێژووی هاوچەرخی گەلی کوردستانە. پارتییەک کە لەسەر دەستی ڕابەری نەتەوەیی، مستەفا بارزانیی نەمر، لەناو ئازار و خەمە قووڵەکانی گەلێکی ستەمدیدەدا لەدایک بوو، توانی ببێتە کەشتیی ڕزگاری و نوێنەری بەئەمەکی داواکارییە ڕەواکانی گەلەکەی.

لە درێژایی ئەم ٨٠ ساڵەدا، پارتی سەلماندوویەتی کە ڕێبازەکەی لەسەر بنەمای خۆڕاگری، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و خزمەتکردنی بێپچڕانی ئامانجە ڕەواکانی کوردستان داڕێژراوە. ئەم پارتە لە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان، کۆڕەو، ڕاپەڕین و قۆناغی بونیادنانەوەی هەرێمی کوردستاندا، هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی سەنگەری پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکاندا بووە.

ڕەهەندە سەرەکییەکانی درێژەپێدانی ئەم خەباتە:

هاوسەنگی لە نێوان ئەزموون و گەنجێتیدا: پارتی وەک دەگمەنترین پارتی ناوچەکە ئەژمار بکرێت، توانیویەتی لە لووتکەی ئەزموونی مێژووییدا، فکری سیاسی و ستراتیژی خۆی بە گەنجی و کارامەیی بهێڵێتەوە و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بپشکووێتەوە.

ڕابەرایەتیکردنی قۆناغە سەختەکان: لە قورسترین وێستگە مێژووییەکاندا، توانیویەتی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و بڕیاری ئازایانە و مێژوویی بدات.

خزمەتکردن و بونیادنان: بەردەوامبوونی وەک هێزی پێشەنگ لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهاندا.

ئەمڕۆ و دوای ٨٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تەمەنیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان نەبووەتە پارتییەکی باو و خاوەن مێژوویەکی بەسەرچوو، بەڵکوو لە لووتکەی هێز، فراوانبوون و کاریگەریی سیاسییدایە. پشتیوانیی جەماوەریی بەربڵاو و ئامادەیی بەردەوامی لە گۆڕەپانی خەباتدا، گەواهی ئەوە دەدەن کە ئەم پارتییە هێشتا وەک داڕێژەری ئایندی سیاسیی کوردستان و بڕبڕەی پشتی دەستکەوتە نەتەوەییەکان دەمێنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP