ئێمە لەکوێی ئەو شەڕانەداین .
هەموو ئەو شەپۆڵە هێرشانەی، لە ڕۆژئاواوە لەسەردەمی ئەسکەندەری مەکدۆنی و پێش و دوای ئەویش بەرەو ڕۆژهەڵات، لە ڕۆژئاواوەش هەموو شەپۆڵە شێوە تورکەکانی، وەک تەتەرومەغۆل و قەرەقۆینلۆ و ئاقۆینلۆ تا سەلجوقی و عوسمانی بۆ ڕۆژئاوا، هەردوولا ڕێڕەویان بە کوردستاندا بووە .
شەپۆڵی غەزەواتەکانی ئیسلامیش بۆ باکور و وڵاتی ڕۆم، دوای سەرهەڵدان و بەهێزبوونی سوپای ڕوسیش لە باکورەوە بۆ باشور، سوپاکانیان هەر بە کوردستاندا تێپەڕیون، کەواتە ئێمە هەر لە ئەزەلەوە لەدەروازەی ئەو دۆزەخەبوویین، کە پێدەچێ سوپای زلهێزەکان بە ناچاریەوە کاولکاریەکانیان لە کوردستانەوە دەستپێکردبێ .
ئێران ئێستا، کە لە قۆناغی شەڕی خۆتڕێندایە و بە هەموو پێوەرێک دۆڕاوە، جگەلەوەی میللەتەکەی هەر بوارێکی بۆ هەڵکەوێ تۆڵە لەو ڕژێمەی دەکاتەوە، کە یا پەتکی لەپێی یاخود لە ملی کردووە . ئێران تەنیا دڵی بەوەخۆشە کە لەگەڵ وێرانبوونی خۆی، بەحساب دەوڵەتانی کەنداو و کوردستانیش بەرێت بۆ دۆزەخ لەگەڵ خۆی .
سەیری ئەو هاوکێشە جەهەنەمیەبکەن کە هەیە، بەهێزترین لقی سێنتکۆم کە فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکایە لە قەتەرە، قەتەر نزیکترین دۆستی ئەردۆگانە، تورکیا ئەندامی ناتۆیە، تڕەمپیش ئەردۆگان بەهاوڕێی نزیکی خۆیدادەنێ، ئەردۆگان پاڵپشتی تەواوی ڕژێمی شەرع دەکات، تۆمباراکیش نزیکترین دۆستی هەردوولایە و نەخشە داڕێژەری بەرنامەی ئەمریکایە لەناوچەکە .
ئێستا ڕژێمی هەرچوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان خۆیان بە ئیسلامی دەزانن، یەکیان کە عیراقە هیوادارە کورد ئەوەی بەدەستی هێناشە لەژێردەستی دەربێنێ، سێیەکەی دیش ئامادەنین، ئۆتۆنۆمیەکی لە بەعس کەمتریش بدەن بە کورد . ناوماڵی کوردیش تەنها دوژمنانی کوردستان پێی دڵخۆشن .
زۆر بەداخەوە، هێشتان ئێمە وەک دوو هەزارساڵ بەر لە ئێستا، هەر لەسەرەڕێی، وەک خۆم ناومناوە دەروازەی دۆزەخین، قوربانی بەرژەوەندی شەڕەسەی دەوڵەتە زلهێزەکانی دونیا و دەوڵەتە ئەحمەقەکانی داگیرکەرانی کوردستانین و سیاسەتی خۆخۆری خۆمان و کلکایەتی دوژمنین، لەڕاستیدا جێگای بەزەیین .
پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ؛ لەماڵێم ڕابیە و لەدەرێم ڕۆمیە، هاوارم بۆ ڕەبیە !