ئەوروپا و ئەمەریکا تا ئەم ساتە، گیرۆدەی دیاریدەی خراپ بەکارهێنانی ئازادی دەربڕینن.
ئازادی رادەربڕین، کە یەکێکە لەو بەها باڵا و بنەڕەتیانەی خۆرئاوای مۆدێرنی لەسەر بنیاتنراوە، زۆر جار خراپ بەکاردەهێنرێت و کەسانێك ئەو بەها مەزنە، دەکەن بە کەناڵ و ئامرازێك بۆ هاندان و بڵاوکردنەوەی توندڕەویی و بوغز و رق و قین، بەرامبەر کەسان یان گروپە کۆمەڵایەتیی و نەژادیی و ئاینیە جیا جیاکان.
کاتێك لە ناکاو هەزاران لاوی موسڵمان، لە ئەوروپا و ئەمەریکا، پەیوەندیی دەکەن بە داعشەوە، بۆ تیرۆر و کوشتن و سەربڕینی خەڵکانی بێتاوان، یان لە شەقام و شوێنە گشتیەکان تەقینەوە دەکەن، یان بە لۆریی خەڵکی بێگوناهو بێتاوان دەشێلن،.. ئەوانە هەموی بەرهەمی ئەو ئیمام و مەلایانەن کە رۆژ و شەو، خەریکی بە شەیتانکردنی بیروڕای جیاواز و خەڵکان و نەژاد و شوێنکەوتوانی ئاینەکانیتر و بڵاوکردنەوەی بیر و ڕای تیرۆریستیی و بوغز و قینن. بەڵام هێشتا، کەس هیچ بەو مەلا و بانگخوازانە ناڵێت و بەردەوامن لە بەدکاریی و نەگریسیی.
لە باشوری کوردستان، لەبەردەم هەمان تەحەدیی و مەترسیداین. رۆژانە و بەردەوام، دەیان مەلا و بانگخوازیی ئاینیی، رق و بوغز و تیرۆر، تەخشان و پەخشان دەکەن، بەڵام نەك هەر روبەڕوی لێپێچینەوەی قانونیی ناکرێنەوە، بەڵکو بەهرەمەندن لە هاوکاریی و پشتیوانیی حکومیی و سەرچاوەی جیا جیای دارایی و تەنانەت بەشێکیان لە دەرەوەی کوردستان و دەزگا و دامەزراوەی موخابەراتی دەرەوە، هاوکاریی دەکرێن.
هەڵبەت ئەوەش بۆ لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و وابەستەیی و دڵسۆزیی بۆ کورد و کوردستان. لە خۆوە نیە، هەزاران لاویی کورد، زیاتر هاوسۆزیی دەڤەر و گوندەکانیی ئەفغانستان و یەمەن و سوریا و فەلەستینن، تا گوندە تەعریبکراوەکانیی، کەرکوك و گەرمیان و خۆرئاوای هەولێر.
قسە و گوفتار بەرپرسیارێتییە، چونکە قسە دەنگدانەوەی هەیە و گوفتار کردار دەخاتەوە.
رەوا نیە، مەلا و بانگخواز، هانی تیرۆر و توندڕەویی بدات، بەڵام هیچ کەس و هیچ دامەزراوەیەك، نەیخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی و لێپێچینەوە. بەڵام کە، لاوانێكی بێدەرەتان و داماو لە ژێر کاریگەریی ئەو مەلا و بانگخوازانە، دەخزێن بۆ ناو زەلکاویی توندڕەویی و ئیرهاب و فتوا و هەڕەشە و رق و قینی ئەوان دەکەن بە کردار، دەگیرێن و دەخرێنە ژورە تاریکەکانیی زیندانەوە (بێگومان دەبێت ئەوانە بگیرێن و زیندانیی بکرێن) بەڵام شێخ و مەلا و مامۆستاکانیان لە بڵاوکردنەوەی تیرۆر و بوغز و قین بەردەوام دەبن و قەڵەو دەکرێن! ئایا ئەوە رەوایە؟!
*** ***
*هەرچەندە، لە تەواوی جیهانی ئیسلامیی، بڵاوکردنەوەی توندڕەویی و ئیرهاب و قین و بوغزاندن ئاسایی و ئازادە، بەڵام باشوری کوردستان، بە تایبەتی زۆنی سەوز، کراوەتە مۆڵگەی توندڕەویی و ئیرهاب و قین و بوغزاندن. لە باشور، بۆ نمونە، جوێندان و بوغزاندن و تەنانەت هاندان بۆ جینۆسایدکردنیی، ئێزیدیی و جوەکان و کەمایەتیە ئاینییەکان، رۆژانە و بەردەوام بڵاو دەکرێنەوە و کەس لەسەر ئەوانە توشیی لێپێچینەوە ناکرێتەوە.
*بەشێك لە مەلا و بانگخوازەکان، بە ئاشکرا و بێ پەردە بانگەواز بۆ ئیرهاب دەکەن و رق و قین و بوغزاندن بڵاو دەکەنەوە، بەڵام زۆرینەی مەلاکان کەسانی بەڕێزن و تەنانەت سومعەی ئەوانیش بەهۆی توندڕەوەکانەوە، لەکەدار بوە، کە حەق وایە ئەوان خۆیان لەسەر ئەو دیاریدەیە بێنە دەنگ و رێگە لە بڵاو کردنەوەی تیرۆر و توندڕەویی بگرن.
*کەسانێك، بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و قازانجی شەخسیی، دژی بە بانکیکردنیی موچە (هەژماریی من) وەستانەوە. ئێستا، ئەوان، خۆیان، موچەکانیان بە هەژماریی من وەردەگرن و هەزاران کارمەند و فەرمانبەریان دەستخەڕۆ کرد. ئایا ئەوە، خراپ بەکارهێنانیی دەرفەتیی قسەکردن نییە؟ ئایا حەق کامەیە: کارمەند و فەرمانبەرانیی بێدەرەتان باجیی دەستخەڕۆکردن بدەن یان ئەوانەی فێڵیان لێکردن و دەستخەڕۆیان کردن؟!