دواین هەواڵ

ئیسلام و نەژاد و زمان: چۆن عەرەب و عەرەبی پیرۆز کران؟

‌ڕابوون مەعروف

23 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسلام و نەژاد و زمان: چۆن عەرەب و عەرەبی پیرۆز کران؟

رابون مەعروف

تێبینی: ئەم نوسینە، کە تەنها بۆ ئێرە نوسراوە، کورتەی گێڕانەوەی پیرۆز کردنی نەژادی عەرەب و زمانی عەرەبیە لە لایەن زانایانی پێشینی موسڵمان، هەڵبەت بە دژ و پێچەوانەی قورئانی پیرۆز. وەك چالاکێکی سیاسیی و نەتەوەیی، بە ئەرکی ئەخلاقی و تەنانەت ئاینی خۆمی دەزانم، کە پارێزگاریی لە سەروەریی و شکۆمەندیی ئینسانی کورد بکەم؛ ئینسانی کورد، ئیسلامی بێت یان علمانی، موسڵمان بێت یان بێدین، سەوز بێت یان زەرد، لە حیزبی حوکمڕان بێت یان لە ئۆپۆزیسیۆن. بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە دژی ئەو دید و بۆچونانە بوەستمەوە کە هەستی خۆ-بەکەمزانیی لای ئینسانی کورد دروست دەکەن. هەڵبەت، لە ناو هەزاران زانا و مەلا و مامۆستای ئاینی و دامەزراوەی فەرمی پەیوەندیداری حکومی، کە بەبەرچاویانەوە سوکایەتی بە کورد و زمانەکەیی و شوناسەکەی دەکرێت؛ هەروەها ئەوانەی دژی بیدعەی پیرۆز کردنی عەرەب و زمانی عەرەبی دەوەستنەوە و بەرگری لە کوردبون، وەك ئایەتێکی ئیلاهی دەکەن، تەکفیر دەکرێن، ئەوان قسە ناکەن. بۆیە من وەك ناچاریی بەم نوسینە کورتە، بەشداریی لە پاراستنی شکۆ و کەرامەتی کورد دەکەم و پەردە لەسەر ئەو بیدعانە لادەبەم کە بە پێچەوانەی وەحی و قورئانی پیرۆزەوە، نەژادی عەرەب و زمانی عەرەبی پیرۆز دەکەن. هەڵبەت، دەکرێت دەیان کتێب و وتار لەسەر ئەو بابەتە بنوسرێن و ئەو نوسینە کورتە، تەنها سەرخەتێکی زۆر کورت و ئاماژەیەکی کورتە بۆ چەند ناوێك، کە رۆلێان هەبوە لە پیرۆز کردنی عەرەب و زمانی عەرەبی. 
***

قورئانی پیرۆز لە ١٠ ئایەت ئاماژە بۆ ئەعراب (عەرەب) دەکات. لە ٧ ئایەتیان، باسی یەکێك یان بەشێك لە ئەعراب و (.. مِنَ الْأَعْرَابِ) لە ١ ئایەتیش (.. فِي الْأَعْرَابِ) دەکات. تەنها لە ٢ ئایەت وەك کۆ و گشت ئاماژەیان بۆ دەکات، بەڵام لە هەردوك شوێنەکە بە سلبی باسیان دەکات. لە ئایەتە بەناوبانگەکەی سورەتی تەوبە ئایەتی ٩٧ قورئانی پیرۆز وێنەی راستەقینەی ئەعراب دەکێشێت و وەك لوتکەی کوفر و نیفاق باسیان دەکات: الْأَعْرَابُ أَشَدُّ كُفْرًا وَنِفَاقًا.. (التوبة ٩٧)

بێگومان قورئانی پیرۆز بە ئاشکرا و بێ پەردە، فەزلی هیچ نەتەوە و نەژادێك ناخات بەسەر نەتەوە و نەژادێکیتردا، لەبەر خودی نەژادەکە (یان لەبەر نێریی و مێیەتی)، بە پێچەوانەوە، لە گۆشەنیگای قورئانی پیرۆزەوە، باشترین ئەقوام و خێڵ و خەڵکان ئەوانەن کە تەقی و چاکەکار و خۆپارێزن لە خراپە و شەڕانگێزیی: يَـٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَـٰكُم مِّن ذَكَرٍۢ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَـٰكُمْ شُعُوبًۭا وَقَبَآئِلَ لِتَعَارَفُوٓا۟ ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ ٱللَّهِ أَتْقَىٰكُمْ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌۭ (الحجرات ١٣).

بەهێزترین و راسترین حەدیس و گوفتی پەیامبەر (د. خ) سەبارەت بە دیدی ئاینەکە بۆ نەژاد و قەومە جیاوازەکان (هەرچەندە قورئان ئەو بابەتەی بڕاندۆتەوە) قسە بە ناوبانگەکەیەتی کە لە وتەی ماڵئاوایی (خطبة الوداع) چەند مانگێکی کەم پێش کۆچی دوایی، پێشکەشیکردوە، کە لە وێدا هەمان پەیامەکەی قورئانی پیرۆز دوبارە دەکاتەوە، کە هیچ جیاوازییەك لە نێوان عەرەب و ناعەرەب، رەشپێست و سپی/سورپێست نیە و فەزڵ بۆ خۆپارێز و چاکەکارانە: يَا أَيُّهَا النَّاسُ، إِنَّ رَبَّكُمْ وَاحِدٌ، وَإِنَّ أَبَاكُمْ وَاحِدٌ، أَلَا لَا فَضْلَ لِعَرَبِيٍّ عَلَى أَعْجَمِيٍّ، وَلَا لِأَعْجَمِيٍّ عَلَى عَرَبِيٍّ، وَلَا لِأَحْمَرَ عَلَى أَسْوَدَ، وَلَا لِأَسْوَدَ عَلَى أَحْمَرَ، إِلَّا بِالتَّقْوَى (مسند الإمام أحمد)

بەڵام ئەعرابەکانی پاشین، کە لە روی سیاسیی و حوکمڕانیەوە خۆیان بەسەر جوگرافیایەکی فراوان و دەیان ئەقوام و نەژاد و خێڵ و خەڵکدا سەپاندبو، کە نەیانتوانی دەستکاری قورئان بکەن و کۆمەڵێك ئایەتی بۆ زیاد بکەن کە بە شان و باڵی ئەعرابدا هەڵبدات، یان هەندێك ئایەتی بۆ زیاد بکەن کە قورئان بە نزمی باسی کورد یان فارس یان ئەوانیتر بکات، هەنگا و بە هەنگاو، هەم لە روی سیاسیی و ئیداریی و حوکمڕانییەوە، هەم لە روی نەژادیی و ئاینی و زمانەوانییەوە، ئاینەکەیان خستە خزمەتی نەژادی ئەعرابەوە. 

هەر خێرا خەلیفە و دەسەڵاتدارەکان، لە پاش ئەو فەترەی ناسراوە بە خەلافەتی راشدین و ئیتر لە موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیانەوە (٦٠٢ز - ٦٨٠ز)، هەنگاو بە هەنگاو، لە بواری سیاسیی و فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردن، دەستکرا بە سەپاندنی فەزڵی عەرەب و نوخبەی خێڵە عەرەبەکان بەسەر موسڵمانە غەیرە عەرەبەکان. دواتر عەبدول مەلیکی کوڕی مەروان (٦٤٦ز - ٧٠٥ز)، زیاتر رۆییشت و زمانی عەرەبی کرد بە زمانی فەرمی و ئیداریی تەواوی خەلافەت و ئیمپراتۆریەتەکە، کە پێشتر لە هەندێك ناوچە، فارسی و لە هەندێك ناوچە و هەرێمیتر، یۆنانی و زمانیتر بون (تأريخ الطبري).

بەو جۆرە هەنگاو بە هەنگاو زەمینە رەخسێنرا بۆ پیرۆز کردنی نەژادی عەرەب و زمانی عەرەبی و بە نزم و کەم و ناچیز نیشاندانی ناعەرەب و زمانەکانیتر. ئنجا پیاوان و زانایانی ئاینی، هاتنە پێش بۆ ساز کردنی ئارگومێنت و دروستکردنی بنەمای ئاینیی، بۆ پیرۆزکردنی عەرەب و زمانی عەرەبی و فەزل کردنیان بەسەر نەژاد و زمانەکانییردا.

هەڵوێستی ئیمامی مالیکی (٧١١ز - ٧٩٥ز) و مەزهەبەکەی لە پیرۆز کردنی زمانی عەرەبی و کردنی بە سێنتراڵ، تەنانەت لە دوعاکردن و پاڕانەوەش لە خودا،  زۆر توند و پەڕگیرە. لە مەزهەبی مالکیدا دەبێت وتاری جومعە تەنها بە عەرەبی بێت، ئەگەر تەنانەت یەك کەسی ئامادەبوان و نوێژخوێنان عەرەب نەبن و عەرەبی نەزانن، هەر دەبێت خوتبەکە بە عەرەبی بێت. خۆ ئەگەر ئیمامێك یان کەسێك بەردەست نەبو، کە بتوانێت خوتبە بە عەرەبی بدات، ئەوا نابێت نوێژی جومعە بکەن و با لەبری جومعە نوێژی نیوەڕۆ بکەن. ئەوەندە بەسە بۆ کەسێك کە لە تەعریبی باکوری ئەفریقیا (کە لەسەر مەزهەبی مالیکین) و لە رەگ و ریشە دەرهێنانی نەژادی ئەمازیغ و زمان و کولتورەکەیان تێبگات.

ئیمامی شافیعی (٧٦٧ز - ٨٢٠ز) کە یەکێك لە سەر مەزهەبە سەرەکیەکانیتری سونەیە، گوایە لە پیرۆزکردنی عەرەبی لە مالیکی نەرمتر و میانڕەوترە، بەوە بە ناوبانگە کە موبالەغە و زیادەڕەوی زۆری کردوە لە پیرۆزکردنی زمانی عەرەبی. ئەو پێداگیری دەکات کە لەسەر هەمو موسڵمانێكە، هێندەی ئەوەی کە بۆ فەریزە دینیەکانی و خوێندنەوەی قورئان پێویستە، خۆی فێری زمانی عەرەبی بکات: “فعلى كل مسلم أن يتعلم من لسان العرب ما بلغه جهده، حتى يشهد به أن لا إله إلا الله، وأن محمدًا عبده ورسوله ﷺ، ويتلو به كتاب الله، وينطق بالذكر فيما افترض عليه من التكبير، وأُمر به من التسبيح، والتشهد، وغير ذلك." جێگەی خۆیەتی لێرە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە زۆرینەی رەها و هەرە زۆری کورد پەیڕەوی مەزهەبی شافیعی دەکەن. لێرەوە ئاسانە لەوە بگەین، کە پیرۆز کردنیی عەرەب و زمانی عەرەبی و بەکەم سەیرکردنی کورد و زمانی کوردیی و کولتورە شکۆدارەکەی، لای خودی کورد و بەشێك لە مەلا کوردەکان، لە کوێوە هاتوە. 

ئیبن تەیمیە (١٢٦٣ز - ١٣٢٨ز) لە پیرۆز کردنی عەرەب و زمانی عەرەبی ئەوەندە دەڕوا، کە بە ئاشکرا و بێ پەردە دژی قورئانی پیرۆز دەوەستێتەوە. لە کاتێکدا قورئانی پیرۆز، جگە لە ئایەتە بەناوبانگەکەی سەبارەت بە کوفر و نیفاقی ئەعراب، بە ئاشکرا بە یەکسان و هاوتا سەیری هەمو نەژاد و ئەقوامەکان دەکات و تەنها فەزڵ بۆ هەر کەس و گروپێکی کۆمەڵایەتی تەقوا و چاکەکارییە، بەڵام ئیبن تەیمیە ئەو ئایەت و بەیانە رۆشنەی قورئانی پیرۆز پشتگوێ دەخات و لای ئیبن تەیمیە، نەخێر! عەرەب لە هەمو نەژاد و ئەقوامێکیتر چاکترن. ئیبن تەیمیە دەنوسێ: رەگەزی عەرەب چاکترە لە رەگەزی ناعەرەب - عیبرانیی و سریانیی و رۆمیی و فارس و ئەوانیتر - قوڕەیشیش چاکترینی عەرەبە و بەنی هاشمیش چاکترینی قوڕەیشە: “أن جنس العرب أفضل من جنس العجم: عبرانيهم وسريانيهم، روميهم وفرسيهم، وغيرهم، وأن قريشاً أفضل العرب، وأن بني هاشم أفضل قريش.. (ابن تيمية، اقتضاء الصراط المستقيم لمخالفة أصحاب الجحيم، "تفاضل الأجناس والأنساب". ئیبن تەیمیە هەمان بۆچون لە “مجموع الفتاوى ٢٧/٤٧٢ دوبارە دەکاتەوە و دەنوسێ: "إن بني هاشم أفضل قريش، وقريشاً أفضل العرب، والعرب أفضل بني آدم" هەروەها لە (منهاج السنة النبوية ٤/٦٠٠) پێداگیری دەکات کە دەبێت خۆشەویستی و نزیکیمان لە رەگەز و ئەقوام لە پێشەوەی هەموان بۆ بەنی هاشم و قوڕەیش و ئینجا تێکڕای عەرەب بيت. ئیبن تەیمیە، ئەوندە بڕوای بە فەزلی عەرەب هەیە، هەر بەڕاستی وەك ئەوە وایە ئەو ئایەتە بەناوبانگەی قورئانی پیرۆزی بیرچوبێتەوە کە لە دیدی خوا و وەحی و قورئان هیچ نەژاد و ئەقوامێك فەزلی بەسەر ئەوانیتر نیە و بنەما لای قورئانی پیرۆز تەنها تەقوا و چاکەکارییە: ".. إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ.. " لەو بڕوا قوڵەوە، ئیبن تەیمیە لە کتێبەکەی بەشێکی تەواو تەرخان دەکات بۆ سەلماندنی فەزلی رەگەز و نەسەب، ئەوەش بە ئاشکرا و بێ پەردە، وەستانە بە دژی ئایەتی قورئانی پیرۆز.

جا بۆ ئەوەی کەس پاکانە بۆ ئیبن تەیمیە نەکات و ئەو هەمو پیاهەڵدان و مەتح و سەنا و فەزڵکردنە بۆ تەقوا و چاکەکاری لای عەرەب بگێڕێتەوە، نا نا! لای ئیبن تەیمیە ئەو پیرۆزییە و فەزلەی عەرەب تەنانەت لەبەر دین و ئەوەش نیە کە محمد پەیامبەر (د. خ) عەرەبە، بەڵکو هەر عەرەب خۆی لە خۆیدا و لە جەوهەردا “في أنفسهم" پیرۆزە! ئیبن تەیمیە دەنوسێ: فەزلی عەرەب و قوڕەیش و بەنی هاشم، لەبەر ئەوە نیە کە پەیامبەر ‘د.خ’ لەوانە، هەرچەندە ئەوەش فەزلە، بەڵکو ئەوان لە نەفس و جەوهەری خۆیاندا ئەفزەلن: “وليس فضل العرب، ثم قريش، ثم بني هاشم، لمجرد كون النبي صلى الله عليه وسلم منهم — وإن كان هذا من الفضل — بل هم في أنفسهم أفضل” (ابن تيمية، اقتضاء الصراط المستقيم لمخالفة أصحاب الجحيم) جا ئیبن تەیمیە عادەتێکی هەیە، هەمو بۆچون و ئیجتیهادەکانی ئەگەر بە ئاشکرا دژ و پێچەوانەی قورئانی پیرۆزیش بێت، دەنوسێت کە ئەوە بۆچونی ئەهلی سونە و جەماعە و جمهوری زانایانە. بەو جۆرە لە دەربڕینە بەناوبانگەکەی قورئانی پیرۆزەوە (الْأَعْرَابُ أَشَدُّ كُفْرًا وَنِفَاقًا) ئیبن تەیمیە عەرەبی کرد بە “العرب أفضل بني آدم”. ئایا دژایەتی لەوە ئاشکراتر و رۆشنتری قورئانی پیرۆز هەیە؟! 

ئیمامی سیوتی (١٤٤٥ز - ١٥٠٥ز) کە ئیمامێکی گەورە و ناسراوی ئەهلی سونە و جەماعەیە دەوترێ نوسەری نزیکەی ٥٠٠ کتاب و رسالەیە، ئەوەندە دەڕوا لە مەتح و پیاهەڵدان و فەزلکردنی عەرەب و زمانی عەرەبی بەسەر باقی قەوم و نەژاد و خەڵکیتر و زمانەکانیاندا، تەنانەت کتێبی تایبەتی هەم بۆ فەزلی زمانی عەرەبی و هەم بۆ فەزلی نەژادی عەرەب نوسیوە. سەبارەت بە زمانی عەرەبی ئیمام سیوتی دەنوسێ: “اعلم أن اللغة العربية أفضل اللغات وأوسعها/ بزانە، زمانی عەرەبی ئەفزەل و فراوانترینی زمانەکانە” (السيوطي، المزهر في علوم اللغة وأنواعها، النوع الأول: في فضل اللغة العربية) هەروەها تەئیدیی ئەو بۆچونەی زانایانی وەك شافیعی و ئیبن تەیمیە دەکات و پێیوایە کە “معرفة العربية من الدين/ زانینی زمانی عەرەبی لە دینەوەیە” (السيوطي، المزهر في علوم اللغة وأنواعه). هەروەها ئیمام سیوتی تەنها بە پیرۆزکردنی زمانی عەرەبی ناوەستێ و دەگات بە پیرۆز کردنی نەژادی عەرەب و بۆ ئەو مەبەستە کتابێکی تایبەت دەنوسێ بە ناوی (بلوغ الأرب في فخر العرب). ئیمام سیوتی ئەو کتێبەی بۆ ئەوە نوسیوە، کە لە کوچە و کۆڵانی مێژو چی مەتح و سەنای عەرەب کراوە، هەڵبەت بە ریوایاتی درۆ و بوختانیشەوە بۆ پەیامبەر (د. خ) کۆ بکاتەوە، بەڵکو بیسەلمێنێت کە عەرەب فەزلیان هەیە بەسەر هەمو نەژاد و ئەقوامەکانیترەوە. لە پێشەکی کتێبەکەی دەنوسێ: “هذا كتاب جمعت فيه ما ورد في فضل العرب/ ئەم کتابە ئەوانەی “وتە و قسە” کۆکردۆتەوە کە لە سەر فەزلی عەرەب هاتون”. دوا جار سیوتی دەگات بە یەك ئەنجامگیری کە هەر لە بنەڕەتدا مەبەستی کتێبەکەیە و بۆ ئەو ئامانجە کتيبەکەی نوسیوە. ئەو دەڵێ: “العرب أفضل الأمم/ عەرەب چاکترینی نەتەوەکانە” (السيوطي، بلوغ الأرب في فخر العرب). هەڵبەت سیوتی وا دەردەکەوێ کە زیاتر وتە و بۆچون و قسەی پێشینانی کۆکردۆتەوە، سەبارەت بە فەزل و پێگەی عەرەب و زمانی عەرەبی، بەڵام هەڵبەت بۆ ئەو مەبەست و ئامانجە، ئیمامی سیوتی هیچی لە قورئانی پیرۆز دەستنەکەوتوە، چونکە وەك لە سەرەتاوە باسمان کرد، هەڵوێستی قورئان و وەحی هەم سەبارەت بە ئەعراب/ عەرەب و هەم گێڕانەوەی فەزل تەنها بۆ تەقوا و چاکەکاران، رۆشن و ئاشکرایە.
*****
*زۆر جار کەسانێك هەر بە زۆر و بۆ پییرۆز  کردنی زمانی عەرەبی و نەژادی عەرەب، باسی ئەوە دەکەن گوایە چونکە وەحی/ قورئانی پیرۆز بە عەرەبی دابەزیوە. بەڵام دابەزینی قورئانی پیرۆز وەك کتابی وەحی، نە عەرەب پیرۆز دەکات و نە زمانی عەرەبی. قورئانی پیرۆز خۆی بەیانی دەکا کە، خوای باڵادەست هیچ قەوم و خەڵکێکی بیرنەچوە و هەمو قەوم و نەژادێك، بە زمانی خۆیان پێغەمبەر و پەیام و کتابیان بۆ دابەزیوە. ئەوەش واتە هەمو زمانێك زمانی وەحیە و عەرەبی تەنها بژاردە نیە بۆ وەحی و تەنها زمان نیە کتابی وەحی پێ دابەزیبێت: وَمَا أَرْسَلْنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُمْ ۖ فَيُضِلُّ اللَّهُ مَن يَشَاءُ وَيَهْدِي مَن يَشَاءُ ۚ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (ابراهيم ٤) هەروەها: وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُواْ اللّهَ وَاجْتَنِبُواْ الطَّاغُوتَ .. (النحل ٣٦) 

#نەتەوە_نەك_خێڵ

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP