دواین هەواڵ

پەكەكە چۆن دەستبەرداری دەوڵەتی كوردی بوو؟

‌کارزان گلی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

دوران كاڵكان، سەركردەی باڵای پەكەكە دەڵێت: ”ئێمە بیرۆكەی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی رەتدەكەینەوە، كورد پێویستی بە دەوڵەت نییە“

جەمیل بایك، سەرۆكی كەجەپە دەڵێت: ”دەوڵەتی كوردی، دروشمێكی ستراتیژی بوو“

خەتیب دیجلە، كە لە سوێندخواردنی ١٩٩١ی خولی ١٩ی پەرلەمانی توركیا، بەهۆی ئەوەی لەناو پەرلەمانی توركیا بە كوردی قسەی كرد و ١٠ ساڵ زیندانی كرا دەڵێت: ”ئێمە بیرۆكەی دروستبوونی دەوڵەتی كوردیمان خستە زبڵدانی مێژووەوە“

نورسەل ئایدۆغان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی لە ٢٠١٣ دەڵێت: ”گەورەترین بەربەست لەبەردەم دەوڵەتی كوردی ئۆجەلانە، ئۆجەلان بوو رێگەی لە ئیسرائیل گرت، دەوڵەت بۆ كورد دروست بكرێت.“ مەبەستی ئەوەبوو، دەبێت بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بكرێت، چونكە جوداخواز نییە و ئاشتی دەوێت.

تولای حاتیمئۆغڵولەری، هاوسەرۆكی دەم پارتی دەڵێت: ”دەبێت یاسای ئێنتیگراسیۆنی دیموكراتی دەربكرێت.“ مەبەستی لە یەكگرتنەوەی هێزەكانە، واتە گەریلا بە یاسا لێبوردنی گشتی بۆ دەربچێت.

دیار دەرسیم، لەبەردەم هەزاران كەس گوتی: ”ئێمە پێویستمان یە دەوڵەت نییە، ئەوانەی لەم ناوچەیە دەوڵەتیان هەیە چی سوودێكیان لێ بینیوە؟ ئەوەتا سووریا و لوبنان ببینن حاڵیان چۆنە.“

پرسیارەكە ئەوەیە:

مادام بڕواتان بە دەوڵەتی كوردی و فیدڕاڵی بۆ كورد نییە، ئەو هەموو گەنجە كوردەكان بۆ بەكوشتدا؟

بۆچی بوونە هۆی ئەوەی هەزاران لادێی كوردان بڕوخێت و لەگەڵ زەوی ببێتە یەك؟

بۆچی جەرگی دایك و باوكانی كوردتان سووتاند بۆ؟

لەگەڵ ئاشتیم و هەرگیز لەگەڵ شەڕ نیم، بەڵام دەكرێت ئەو هەموو قوربانییە بدەیت و بەدەست بەتاڵی لێی بێیتە درەوە؟

خوا شایەدە، بەر لەوەی ئەم وتارە بنووسم، خەریكی خوێندنەوەی كتێبێك بووم بەناوی (ئازادی سەردەكەوێت)، كە شۆن مایكل وێلسن نووسیویەتی و باس لە فیكری ئۆجەلان دەكات.

ئاخر ئۆجەلان بەر لەوەی زیندانی بكرێت، زۆر بەڕوونی داوای دەوڵەتی كوردی دەكات، ١٠٠٪ نائومێدە بەگۆڕینی سیستەمی سیاسی لە توركیا و دەڵێت، ئەم دەوڵەتە هەرگیز بەم عەقڵییەتەی نابێتە وڵاتێكی دیموكراتی، نازانم چۆن بە شەو و رۆژێك، دەستبەرداری دەوڵەتی كوردی و فیدڕاڵی و تەنانەت حوكمی زاتیش بوو و بڕوای بە دیموكراتیبوونی دەوڵەتی توركی هێنا؟

لە كتێبی (ئازای سەردەكەوێت)، بەڕێز ئۆجەلان كەمێك لە داواكاییەكانی هاتووەتە خوارەوە و دەڵێت (كۆنفیدڕاڵیزی دیموكراتی) باشترین سیستەمە بۆ كورد لە توركیا، كە لە داهاتوو چەمی كۆنفیدڕاڵیزمی دیموكراتیتان بۆ شی دەكەمەوە، بەڵام بەڕاستی سەیرم پێدێت پەكەكە و رابەرەكەی چۆن لە خەباتكردن بۆ دەوڵەتی كوردییەوە، ئاستی داواكارییەكانیان دێننە خوارەوە بۆ ئازادی ئۆجەلان و لێبوردنی گشتی بۆ پەكەكە و دیموكراتیبوونی دەوڵەتی تورك، ئەمە ئەوپەڕی بێئومێدكردنی كوردە.

ئەگەر بۆچوونەكەم هەڵەیە، تكایە یەكێك راستم بكاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP