دواین هەواڵ

خوێندنەوەی بەیاننامەی کۆتایی کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ

‌د.سەردار عەزیز

10 کاتژمێر پێش ئێستا

 

بەیاننامەکە لە شەش خاڵ پێکهاتوە. خاڵەکانی بەپێی پلەبەندییان گرنگی و کێشەداریی پرسەکان دەردەخەن. خاڵی یەکەم جەختکردنەوەیە لە سەر بەندی پێنجی ناتۆ، کە بریتیە لە مەبدەئی، ئەگەر ئەندامەکی ناتۆ هێرشی کرایە سەر، وەک ئەوە وایە هەموو ئەندامان هێرشیان کرابێتە سەر. ئەم خاڵە کە گرنگترین خاڵە، لە چەند ڕویەکەوە لە کێشەدابوو. یەکەم، لە ڕاستیدا نەدەبوو کۆبونەوەی ناتۆ لە تورکیا بکرێت، لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ئیستەبول کرا، بەڵام ئەمجار هێنرایە تورکیا هەتا ترەمپ ڕازی بێت بەشدار بێت لە کۆبونەوەکەدا. مارک ڕوتە کە سیاسییەکی کڵاوچییە، خاوەنی ئەم بیرۆکانەیە، ڕوتە پەیوەندی تایبەتی لە گەڵ هەردوو ئەردۆگان و ترەمپ هەیە. جارێکیا ڕۆژنامەنوسی ناسراوی فایناشاڵ تایمز سایمۆ کوپەر پێی گوتم کە مارک هەموو شتێک دەکات لە پێناوی پۆستدا. ئەمەش بوو کە ڕۆژنامەنوسە دانیمارکییەکە جۆرێک لە سوکایەتی پێکرد.

هاتنی ترەمپ گرنگ بوو بۆ جەختکردنەوە لە یەکبونی ناتۆ، بە تایبەتی سی ئای ئەی زانیاری داوە بە پۆڵۆنیا کە ڕوسیا هەوڵ دەدات کە گێچەڵ بە پۆڵۆنیا بکات هەتا بزانێت کە بەندی پێنجەمی ناتۆ چەندێک تۆکمەیە. 
دیارە بێگومان ئەردۆگان سودمەندی یەکەمە. لە ناو ئەوروپادا ئەردۆگان وەها دەبینرا کە ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت چونکە بەشێک نیە لە دونیابینی ئەوروپا. بەڵام ئێستا هەوڵدەدەن کە هەست و سۆزی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، هەتا هیچ نەبێت دژایەتییان نەکات و هەروەها لە پرسەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای ڕەش، ڕوسیا و ئۆکرانیا هاوکارییان بێت. دیارە لە بەرامبەر ئەمەدا ئەوروپا بە تەواوی بێدەنگە لە هەموو سەرپێچیەکانی ئەردۆگان بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی بە نایاسایی و نادەستوریی. لێرەدا وانەیەک هەیە بۆ هەموان کە چۆن ناسەقامگیریی پێش هەموو شتێک بە زیانی لاوازەکان دەشکێتەوە. 
(ئەوە جاران تورکیا زۆر بایەخی هەبوو لە میدیای کوردیدا، ئێستا هەموو لە باڵی ڕەیسن). 
جەختکردنەوە لە بەندی پێنجەم بێ کێشە نەبوو کاتێک ترەمپ بە سوکایەتی مامەڵە لە گەڵ ئیسپانیا و ئیتالیا و ئەوانیتردا دەکات.

خاڵی دووەم، دەربارەی پارەیە. دەمێکە گلەیی ئەمریکیەکان ئەوەیە کە ئەوروپا ئاسایشی بۆ دابینکراوە بەڵام ئامادەنیە پارەی تیایدا سەرف بکات. ئەم دیدە لە کۆنەوە هەیە، زۆرێک لە ئەمریکا، ئەوروپا وەها دەبینن کە فری ڕایدەرە، یانی بەلاش خۆرە. ئۆباما و بایدنیش داوایان کرد کە ئەروپا بودجەی سەربازییان زیاد بکەن، بەڵام چونکە خەڵکی ئەوروپی هەستیان بە مەترسی نەدەکرد، تەرخانکردنی پارە بۆ چەک و کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریی وەک نەخۆشخانە و قوتابخانە لە لای دەنگدەر سەختە. لەم بارەوە لە خانمۆکەی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیایان پرسی ئایا نەخۆشخانە دادەخات هەتا کارگەی دەبابە بکاتەوە؟
 بەڵام ئەروپا ناچاربوە بە زیادکردنی بودجەی سەربازیی. ئێستا ئەوروپا و کەنەدا  لە بەرەیەکن لە گەڵ ئەمریکادا. ئەمریکا وەها هەوڵدەدات کە ئەوروپی کەنەدییەکان  چەک و تەقەمەنی ئەمریکا بکڕن. بەڵام لە ماوەیەکی مامناوەندا ئەوروپا کارگەی تەقەمەنی خۆی بەرهەم دەهێنێت. 
خاڵی سێیەم، سەبارەت بە داهاتوی ناتۆیە. هەبون و جەختکردنەوە لە سەر کۆمتمێنت و هەوڵدان بۆ پەرەدان بە بەرە جیاواز و نوێکانی بەرگریی. دیارە لێرەدا پرسی گۆرانی خەسڵەتی شەڕ لە ئارادایە کە چیدی شەڕ سەرباز نایکات. ئەمە بۆ کورد خاڵێکی جەرگبڕە، چیدەکەیت کە چیدی هێزی حەفتا و هەشتا بۆ شەڕی ناخۆ نەبێت هیچ سودێکی نیە، چونکە شەڕ چەکدار نایکات؟ دیارە عەقلی سەربازی کوردی هێشتا نەڕسکاوە!! دیارە پرسی ئەوەی چۆن سوپایەک دروست بکەیت کە ڕۆڵی نەگەتیفی هەبێت لە سیاسەتدا، نێگەتیف بەمانای خراپ نا، بەڵکو بەمانا فەلسەفییەکەی، کە یانی چۆن لە هەناو سیاسەتدا نەبێت بەڵام زەمینە ڕەخسێنی پانتایی سیاسیی بێت؟
خاڵی چوارهەم، و پێنجەم و شەشەم، دەربارەی ئۆکرانیا و ئێران و تورکیان. ئەوەی تورکیا و ئۆکرانیا هێندە گرنگ نین. بەڵام خاڵی سەربارەی بە ئێران جێگای سەرنجە.
پێشتر ناتۆ هاوکار نەبوو لە شەڕی ئێران یان ئامادەنەبوو هاوکار بێت، بینیمان چۆن ئیتالیا و وڵاتانی تر ڕێگەیان بە ئەمریکا نەدا بنکەکانیان بەکاربهێنێت. بەڵام ئەم جەختکردنەوەیە، هەرچەندە بە دڵ نیە بەڵام ناچارییە، لە پێناو ڕازیکردنی ترەمپ. ڕەنگە ئەوەش پاڵنەربێت ترمپ دەستی بە هێرشەکان کردوەتەوە. شایانی باسە ترەمپ لە ئەنکەرە بە فڕۆکە کۆنەکەی ئێرفۆس وەن فڕی، بەڵام لە بریتانیا گۆڕی بە فڕۆکە قەتەرییەکە، بە بیانوی ئەوەی کە مەترسی ئێران هەیە. 
دەقی بەیاننامەکە لە کۆمێنتە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP