دەستوور وەک دایکی یاساکان لە عێراقدا، گرەنتیکاری سەرەکیی پاراستنی شێوازی حوکمڕانیی دەوڵەتە. گەر بگەڕێینەوە بۆ دەقەکانی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، دەبینین دانەری دەستوور ماددەی یەکەمی تەرخانکردووە بۆ دیاریکردنی ناسنامە و شێوازی فەرمانڕوایی، کاتێک دەڵێت: (كۆمارى عێراق دەوڵەتێكى فیدراڵیى سەربەخۆیە و سەروەری تەواوی هەیە، سیستەمی حوكم تێیدا كۆماری پەرلەمانی دیموكراسییە)، لەم سۆنگەیەوە، هەرێمی کوردستان وەک تاکە هەرێمی فیدراڵی لەکەنار ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا ڕێکنەخراون، پایەی سەرەکی و زیندووی پاراستنی ئەم سیستەمە فیدراڵییەیە لە عێراقدا.
🔹پێگەی هەرێم لە هاوکێشەی فیدراڵیزمدا
هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری، بە حوکم و شەرعیەتی ماددەی (١١٧/یەکەم)ی دەستوور دانی پێدانراوە، کە دەڵێت: (ئەم دەستوورە لە کاتی کەوتنەبواری جێبەجێکردنییەوە، هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە ئێستاییەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی دەناسێنێت)، ئەمە تەنها ناسینەوەی قەوارەیەکی دەستووری نییە، بەڵکو پاراستنی خودی ناسنامەی فیدراڵیزمە لە عێراقدا. هاوکات، پەیڕەکردنی ئەم مۆدێلە لە پێکهێنانی هەرێمەکاندا، دەرفەتێکە و دەکرێت بۆ پارێزگاکانی تریش بگوازرێتەوە؛ هەر بۆیە دانەری دەستوور لە ماددەی (١١٩)دا، ڕێکارەکانی فراوانکردنی سیستەمی فیدراڵیی چەسپاندووە و دەڵێت
"هەر پارێزگایەک یان زیاتر، مافی پێکهێنانی هەرێمێکی هەیە لەسەر بنەمای داواکارییەک بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەری، کە بە یەکێک لەم دوو ڕێگایە پێشکەش دەکرێت:
یەکەم: داواکارییەک لەلایەن سێیەکی (١/٣) ئەندامانی هەر ئەنجومەنێک لە ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی کە دەیانەوێت هەرێمەکە پێکبهێنن.
دووەم: داواکارییەک لەلایەن دەیەکی (١/١٠) دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک لەو پارێزگایانەی کە دەیانەوێت هەرێمەکە پێکبهێنن.
🔹شەرعیەتی یاسایی بەرپەرچی "هاشوهوش" دەداتەوە
لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرانە، سەرجەم ئەو قسەوباسانەی لەبارەی لەقکردنی چارەنووسی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێن، جگە لە هاشوهوشێک کە لە نەزانی و جەهلی یاساییەوە سەرچاوەی گرتووە، هیچی تر نین. چونکە ئەوانەی دەستووری عێراقیان خوێندبێتەوە و شارەزاییەکی کەمیشیان لە لۆژیکی یاسای دەستووریدا هەبێت، باش دەزانن کە هەرێمی کوردستان خاوەنی شەرعیەتێکی دەستووریی ڕەقە.
هەر گۆڕانکارییەک لەم پێگەیەدا بێتە ئاراوە، وەک هەنگاوی یەکەم پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور هەیە؛ لێرەشدا بەربەستە گەورەکە دەردەکەوێت، چونکە دەستووری عێراق بە جۆرێک دیزاین کراوە کە دەستوورێکی (ڕەق)ـە و میکانیزمی هەموارکردنی بە هیچ شێوەیەک سادە و ئاسان نییە.
🔹ڤیتۆی دەستووری بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم
ماددەکانی (١٢٦) و (١٤٢)ی دەستوور تەرخانکراون بۆ خستنەڕووی ڕێگاکانی هەموارکردن، بە تایبەتی ماددەی (١٢٦) کۆمەڵێک کۆتوبەند و مەرجی توندی داناوە کە هەموارکردنەکە شێوە مەحاڵ دەکات ئەگەر ئیرادەی گەلی کوردستانی لەگەڵدا نەبێت.
لە بڕگەی (چوارەم)ی ماددەی (١٢٦)دا بە ڕوونی هاتووە:
(ڕێگەپێدراو نییە هیچ هەموارکردنێک لە ماددەکانی دەستووردا بکرێت کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمەکان، کاتێک ئەو دەسەڵاتانە ناکەونە چوارچێوەی تایبەتكارییە تایبەتەكان بە دەسەڵاتی فیدراڵییەوە، مەگەر بە ڕەزامەندیی دەسەڵاتی یاسادانان لەو هەرێمە پێوەندیدارەدا و ڕەزامەندیی زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە ڕێگەی ڕاپرسییەکی گشتییەوە.
ئەم بڕگەیە لە ڕاستیدا مافی ڤیتۆی دەستووری و جەماوەری داوەتە هەرێمی کوردستان. بۆیە تا ئەو کاتەی پەرلەمانی کوردستان و گەلی کوردستان ڕەزامەند نەبن، پێگەی دەستووریی هەرێم وەک قەڵایەکی داڕێژراو لە چوارچێوەی فیدراڵیزمی عێراقدا پارێزراو دەمێنێتەوە و هیچ لایەنێک ناتوانێت بە بڕیاری تاکلایەنە دەستکاری بکات، وە ئەو بانگەشانەی لەو بارەشەوە دەكرێن تەنها لە چوارچێوەی هاش و هوشی ئیعلامی دەمێننەوە