دواین هەواڵ

قەیرانی متمانە و کاریگەریی لەسەر دیپلۆماسیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران

‌رێباز سەلیم

11 کاتژمێر پێش ئێستا

متمانەی دیپلۆماسی وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەردەکەوێت، کە لە کۆمەڵێک بنەمای بەهێزەوە سەرچاوە دەگرێت و ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان دیاری دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، شەرعیەت و پابەندبوون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینن لە دروستکردنی متمانەدا، چونکە کاتێک وڵاتان بەڵێنەکانیان دەپارێزن، دەیسەلمێنن کە پابەندن بە پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. هاوکات، پاراستنی نهێنی و زانیارییە هەستیارەکان و پابەندبوون بە پرۆتۆکۆلە دیپلۆماسییەکان، وەک مەرجێکی پێشوەختە بۆ بنیادنانی ئەو متمانەیە سەیر دەکرێت. لە لایەکی ترەوە، شێوازی گفتوگۆ و ئاڕاستەکردنی کێشەکان بەرەو چارەسەری ئاشتییانە، لایەنەکان ناچار دەکات زیاتر متمانە بە یەکتر بکەن.

لە کۆتاییدا، ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و مامەڵەکردن وەک دوو لایەنی یەکسان، ئەو بنەما سەرەکییەیە کە متمانەی دیپلۆماسی پێ دەچەسپێت و پارێزگاریی لێ دەکرێت، بەبێ ئەم رێزگرتنەش متمانە ناتوانێت بەردەوام بێت.
لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، متمانە سەرچاوەی سەرەکیی سەقامگیرییە، بەڵام لە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەم متمانەیە نەک هەر لاوازە، بەڵکو مێژوویەکی پڕ لە شکستی ڕێککەوتننامەکان و گۆڕانکارییە خێراکانی سیاسەتی ناوخۆیی، وایان کردووە ببێتە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم هەر جۆرە تێگەیشتنێکی هاوبەش.

تاران بەهۆی ئەزموونی تاڵی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، هەر بەڵێنێکی واشنتۆن بە گومانێکی قوڵەوە دەبینێت و لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا بە گومانی بەردەوامەوە لە چالاکییە هەرێمییەکانی ئێران دەڕوانێت و بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانانی دەزانێت.

لە ڕوانگەی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، کێنێت وۆڵتز لە قوتابخانەی ڕیالیزمی نوێدا پێی وایە لە سیستمێکی نێودەوڵەتیی بێسەروبەردا، دەوڵەتەکان بە سروشت گومانیان لە یەکتر هەیە و ناتوانن بە ئاسانی متمانە بە بەڵێنی یەکتر بکەن، چونکە هۆکارێکی دەسەڵاتداری باڵا بۆ سەپاندنی پابەندبوون نییە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆبەرت جێرفیس جەخت لەوە دەکاتەوە کە تێگەیشتنی هەڵە لە نێوان دوو وڵاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی هەنگاوی بەرگریکارانەی یەکێک، لەلایەن ئەوی دیکەوە وەک هەوڵێکی هێرشبەرانە ببینرێت، بۆیە تۆماس شێلینگ پێشنیاری دیپلۆماسیی متمانەبەخش دەکات، کە تێیدا لایەنەکان هەنگاوی بچووکی نا-سەربازی دەنێن بۆ ئەوەی دوژمنایەتییەکان کەم بکەنەوە.

بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی متمانە، دەتوانین ئاماژە بە قەیرانی موشەکیی کوبالە ساڵی ١٩٦٢ بدەین، کە تێیدا سەرەڕای نەبوونی متمانە، ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت لە ڕێگەی کەناڵێکی نهێنی و بەردەوامی گفتوگۆوە توانییان لە دەرئەنجامە کارەساتبارەکان تێبگەن و رێگری لە جەنگ بکەن. هەروەها نموونەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڤێتنام نیشان دەدات کاتێک لایەنەکان بڕیاریان دا مێژوو وەک خۆی بەجێبهێڵن و لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکان ڕێکبکەون، متمانە بە شێوەیەکی پلەبەندی دروست بووەوە.

واقیعی ئەمڕۆی گفتوگۆکان لە سوێد کە شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف و جەی دی ڤانس بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر لەخۆ دەگرێت، نیشانەیەکە بۆ هەوڵدان بەرەو «کەناڵی ئارام». پێویستە جەخت بکرێتەوە کە بەپێی ڕێککەوتنامەی ڤییەنا، دیپلۆماتکاران خاوەن پارێزبەندین و بە بارمتەگرتنیان لە لایەن هەر لایەنێکەوە پێشێلکارییەکی گەورەی یاساییە و کۆتاییهێنانە بە هەر دەروازەیەکی ئاشتی. لە کۆتاییدا، متمانە بە یەک دانیشتن دروست نابێت، بەڵکو پرۆسەیەکە بەستراوەتەوە بە ڕاگرتنی کردەوەکانی مەیدانی، ئاڵوگۆڕی متمانەبەخش و پابەندبوون بە میکانیزمی چاودێری، کە ئەگەر دیپلۆماسی لە ئامرازێکی ململانێوە بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی بەڕێوەبردنی ناکۆکی، ئەوا دەکرێت هیوایەکی کەم بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لە داهاتوودا هەبێت.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا نەبوونی تەوقە لە نێوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکادا، کێشەکانی نێوانیان قولتر دەکات؟
نەبوونی تەوقەیەی ئەمڕۆ لە نێوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکادا بینیمان، ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەوخۆی ئەو ناکۆکییە قوڵانەیە کە دەیان ساڵە لە نێوانیاندا هەیە؛ زیاتر لەوەی هۆکارێک بێت بۆ خراپتربوونی دۆخەکە، زیاتر نیشانەیەک بوو بۆ ئەو گرژییە ڕیشەییانەی پێشتر هەبوون. لە دنیای سیاسەتدا، ڕەفتارێکی وەک تەوقەنەکردن زیاتر بۆ ئەوەیە پەیامێک بگەیەنرێت؛ پەیامێک کە زیاتر بۆ ڕای گشتی و ئەوانەیە لە ناوخۆی وڵاتەکانی خۆیان چاودێرییان دەکەن، تا بە توندی و نەگۆڕی دەربکەون و پێگەی خۆیان لە بەرامبەر ڕەخنەگراندا بپارێزن.

ڕاستییەکەی ئەوەیە، ئەگەرچی بۆ ئێمەی بینەر ئەم دیمەنە ڕەنگە توند یان نەرێنی بێت، بەڵام لە واقیعی دیپلۆماسیدا ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورە دروست ناکات. کێشەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، وەک دۆسیەی ئەتۆمی و ململانێ ناوچەییەکان، هێندە ئاڵۆزن کە بە تەوقەیەک چارەسەر نابن و بە نەبوونی یەک تەوقەش هیچ شتێک ئاڵۆزتر نابێت. مێژوو ئەوەی فێرکردووین کە زۆرجار لە پشت ئەم شانۆگەرییانە و لە پەراوێزی ئەم ناکۆکییە ئاشکرایانەدا، گفتوگۆی نهێنی هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەقینەوەی دۆخەکە و شەڕی ڕاستەوخۆ بکرێت؛ بۆیە ئەمە زیاتر ڕووکەشە و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ناواخنی پەیوەندییە سیاسییەکان نییە
پەیامی کۆتاییم، چیرۆکی نێوان واشنتۆن و تاران، ململانێیەکی تەنها سیاسی نییە، بەڵکو گەمەیەکی چارەنووسسازە لەنێوان ئیرادەی داهاتوو و بارمتەی مێژوو. متمانە لەم هاوکێشەیەدا وەکو گڵۆپێکی کەم ڕووناک لەناو ئەشکەوتێکی تاریک و قووڵی ناکۆکیدا وایە؛ ئەگەر بە دیپلۆماسییەکی زیرەکانە و هەنگاوی کردەیی پارێزگاری لێ نەکرێت، یەکەم شەپۆلی گومانی ناوخۆیی دەیکوژێنێتەوە.

داهاتووی ئاشتی لەم نێوانەدا بەستراوەتەوە بەو ساتە مێژووییەی کە لایەنەکان تێدەگەن؛ ململانێی بێکۆتا و وێرانکەر، تەنها بە بژاردەی "بەرڕێوەبردنی ناکۆکییەکان" نەک "سڕینەوەی یەکتر"، دەگۆڕێت. بە کورتی، دیپلۆماسی لەم قۆناغەدا تەنها ئامرازێک نییە بۆ گفتوگۆ، بەڵکو دواین قەڵغانی بەرگرییە بۆ ئەوەی ناوچەکە لە بەردەم هەڵکشانێکی بێگەڕانەوە بۆ جەنگ، پارێزراو بێت؛ چونکە مێژوو سەلماندوویەتی، ئەوەی لەسەر مێزی دانوستانەکان دەدۆڕێت، زۆر کەمترە لەوەی لە مەیدانی جەنگدا دەسوتێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP