دواین هەواڵ

سەیری کەرکوک بکە!

‌بەهرۆز جەعفەر

1 رۆژ پێش ئێستا

- پارێزگار کورد نییە. 
- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا کورد نییە.
- بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس کورد نییە.
- سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی باکور کورد نییە (تازە حەلبووسی ئەوەشی وەرگرت).
- سەرۆکی زانکۆی کەرکوک، کورد نییە.
- سەرۆکی دادگا کورد نییە.
- ئیتر بەگشتی لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ەوە؛ سەروو ١٠٠ پۆستی ئیداری و ئەمنی لە کورد وەرگیراونەتەوە.
- ژمارەی فەرمانبەرە پلە باڵاکان لەناو فەرمانگەکاندا کەمترە لە ٢١٪.
- کۆمپانیای نەوتی باکور سەروو ١٤ هەزار فەرمانبەری هەیە، تەنها ٣،٨٪ یان کوردن (واتەلە سەدا چوار کەمتری کوردە- بەنیزیکەیی هەموو بەڕێوەبەری هۆبەکان کورد نین). 
- سەیری بکە، لەماوەی ئەم شەش مانگەی ڕابردوودا ئێمە حەوت پارێزگار و پارێزگای عێراقمان بینی، هەمویان لە کەرکوک باشتر کەوتبونە سەر سکەی خزمەتگوزاریی، بودجەشیان لە کەرکوک کەمتر بوو (بەغدا و بەسرە نەبێت بودجەیان زیاتربوە). گەرچی کەرکوک سەردەمێک پێنج جۆر بودجەو داهاتی هەبوو!
- هەموو یان زۆربەی ئەم قوربانیدانە بە کەرکوک و جوگرافیا و مێژووی شارەکە بۆ ئەوە بوو کوردێک ببێتە پارێزگار! گوایە ئەو هەر لەمنداڵییەوە حەزی لێ بوە (ئیشەکە بە گاڵتەی منداڵان تێگەیشتبوون!).
- ئینجا ئەوە هەزاران دۆنم زەوی جوتیارانی کورد لێگەڕێن، کە لە دەست کورد دەرچوە، شەوانەو ڕۆژانە شەڕ بە خاوەن زەوییە کوردەکان دەفرۆشن، سووپا ئیشی ئەوەیە سنورەکانی عێراق بپارێزێ، کەچی دێت لەناو کەرکوک پەلاماری کوردو جوتیاران دەدات. 
- ئەو نوخبە کوردییە (پیسخۆرە) لە دوای ٢٠٠٣ ەوە کوردیان بە جۆرێک نائومێد کردوە، بە جۆرێک بێزار کردوە لە ڕۆژی دەنگداندا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە لە خەڵک دەپاڕێنەوە، لە بانگەشەدا بە دەیان ملیار دینار دەبەخشنەوە هێشتا نیوەی کوردەکە هەستی نابزوێ بچێ دەنگ بدات !

-سەیری بکە، تازە ئەم نوخبە کوردییە (پیسخۆرە) پەن (پەنگ)ێکی گەورەتریان داوە؛ پاڵێوگەیەک بەوهۆیەوە لە نێوان کەرکوک و قەرەهەنجیر لەلایەن بەغداوە بە زەبری هێز داخراوەو، نیزیکەی (٣٠٠) خێزانی کورد کە ١٧ ساڵە سەرچاوەی بژێویان ئەوێیە، نانبڕاوکراون! سەیری کە؛ لە دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە خەمڵاندنەکان وەهان، کە ٣٠ سی هەزار خێزانی کورد شارەکەیان بەجێهێشتوە، ئنجا لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا چەندین گەڕەکی عەرەبیی لەشارەکەدا وەک بەدر و سەدر و..تادوایی زیادبوون. 

کەچی هێشتا (لەبان ئەوەیشەوە) هەزاران خەڵکی کورد لەو کەرکوکە هەن، خەریکی پاڵەوان درووستکردنن، خەریکی ئەوەن ئەو خاکفرۆش و پیسخۆرانە دەکەن بە قارەمان و سونبولی نەتەوەیی کورد لە کەرکوک! ئەگەر کەرکوک هی جوولەکە بوایە ئەوانە جورئەتیان نەدەکرد لە دووریشەوە ناوی بهێنن، نەک پۆستی تیاوەرگرن و فشەوفاڵ بکەن (هەریەکەیان چەند مایک بەدەستێکیشی کڕیوەو ڕایگرتوە تا بەشان و باڵیدا هەڵبات--عەنتیکەی ها!). 
کوردەکە؛ لەماوەی ئەو دوو ساڵەی پۆستی پارێزگاریان لابوە نیزیکەی ٢٠٠ ملیار دیناریان لە پارەی پرۆژەکان حەپەلووشداوە؛ ئیتر کورد وتەنی گوێز بەژمارە مایەکەی دیارە؛ دیارە کەرکوک چی بەسەرهات و، دیاریشە کێ و کێ و کێ و کێ لەو شارەدا و لەسەر ئەو شارە سەدان ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتوەو، بردویانە. [ وەڵا کاکە من بە حەیاتی کەرکوکم جێنەهێشتوە؛ هەتیو تۆ ڕۆژی وا هەبووە ملیارێک کەوتوی لەسەر کەرکوک بۆ کێی جێ دەهێڵیت!؟].

سەیری کەرکوک بکە حەیاتم؛ نەک سەیری کاک فوڵان و کێ خان و،، تادوایی. تۆ سەیری جوولەکە دوای ١٩١٧ کێ و کێیان ناردەوە بۆ خاکی دایک، لەسەر ئاستی هەرە پسپۆڕ و مرۆڤە بەتواناو ئازاو لەخۆبردوەکان ڕۆیشتنەوە ( أرض الميعاد): ئێمەش لەسەر ئاستی چی و چی و کێ و کێ ڕۆیشتینەوەو، چی و چی و چیان کرد لەو شارەدا !؟ بۆیە، تۆ سەیری کەرکوک بکە (حەیاتم) نەک سەیری کاراکتەری موزەیەف و بەرپرسی فووتێکراو؛ ئیتر ئەو خەڵکەش لەو عێراقە  "عەلی وەردی" وتەنی دەستێکتان هەیە بۆ ئەوەی خەڵک لەپێش چاوی خۆیان بکەن بە تەیارەو پیرۆزی بکەن. با لێرەدا بوێسم و ئیتر نەنووسم [ مەعلوم نییە خەڵکەکە؛ نەیەژن گشتی خەتای منە، ئەو وەزعە!]. وەڵڵا؛ بەڕاستی ئەمە عێراقە؛ گورگیان لە شوانەکە خۆشتر دەوێ. 
پفف؛ من بیرمە ئەویان بە گۆترە کرد بە "مفەوەز!" کەچی لە پڕ بوو بە پەرلەمانتار و لە لیژنەی نەوتیش! ئێ بێگومان دۆخەکە وای لێدێت، ئێ بێگومان لەدەستی دەدەین!  

با ناوی خۆشم بنووسم
بەهرۆز جەعفەر

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP