دواین هەواڵ

دیسان یاریکردن بە ناسنامەی کەرکووک

‌فرسەت سەید شوكر

5 کاتژمێر پێش ئێستا

لە مێژووی شاری کەرکووکدا، هەمیشە چەقی ململانێی نێوان کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکان بووە، بە جۆرێک کە بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی لەم شارەدا دائیمەن پێویست بووە کە بە شێوەیەکی ڕێک و تەندروست ڕابگیرێت. 
لەبەر ئەوەی شارەکە پێکهاتەیەکی فرەڕەنگی هەیە پێویستە بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام ئەم هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە و مێژوو و ڕەسانەیەتی و ناسنامەکەی هەر کوردستانیی بووە.
لە (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) شارەکە بێ هیچ هۆکارێک ڕادەستی “حەشدی شەعبی” و گرووپە چەکدارە میلیشیاکانی تری عێراق کرا، ئەو کاتە چەندین بیانووی جۆراوجۆر هێنرایەوە بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە بۆ پاراستنی داهاتووی کەرکووک و پاراستنی مافی یەکگرتوویی نێوان پێکهاتەکان بێت، بەڵام دواتر ئەو ڕووداوە بووە هۆکاری ئەوەی کە خەڵکی کەرکووک زیاتر بچەوسێنرێتەوە و زیاتر ئیهانە و سوکایەتییان پێ بکرێت لە لایەن حەشدی شەعبی و گرووپەکانی دیکە.
دواتریش کە هەڵبژاردنی «ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک» کرا کە مافی کورد بوو کە جیا لە پۆستی پارێزگار، زۆرینەی پۆستەکانی تری شاری کەرکووکی بە دەستەوە بێت، کەچی بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر، بە ڕێککەوتنێک کە لە دەرەوەی یەکڕیزی کوردستان و لە دەرەوەی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان بوو، شاری کەرکووک دیسانەوە درایە دەست عەرەبی هاوردە، بە شێوەیەک کە هەموو پۆستە کاریگەرەکانی کەرکووک هەر لە پۆلیس و قایمقامییەتەکان و تەنانەت بەڕێوەبەری ناحییەکان، ڕادەستی عەرەب کران.

ڕێککەوتنێک دژبە بنەماکانی سازان و هاوبەشی

ئێستاش لە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێردا “پۆستی پارێزگاری کەرکووک” کە مافی کوردە، کە مافی گەلی کوردستانە، دیسانەوە ڕادەستی تورکمان دەکرێت. 
هەڵبەتە پاراستنی یەکڕیزی نێوان پێکهاتەکان هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە بە چاوی ڕێزەوە لێی بڕوانرێت، بەڵام ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە بۆ داماڵین و بردنە دواوەی کورد لە کەرکووک و زەوتکردنی مافەکانیانە، ئەو ڕێککەوتنەشی کە پێشتر کرابوو کە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بدرێتەوە بە کورد، ئەوەش تەنانەت ڕەفز بووەتەوە، واتا ڕێککەوتنەکە بە جۆرێکە کە تەواوی شاری کەرکووک بە هەموو یەکە ئیدارییەکانییەوە ڕادەستی نەیارانی گەلی کوردستان دەکرێت، نەک هەندێک خەڵکی مەعقوول و ڕێک و پێک.

یاریکردن بە پۆستەکان

 ئەم هەنگاوە هەنگاوێکی مەترسیدارە کە بەرامبەر ئەوەی کە پۆستێکی بێدەسەڵاتی وەکو (سەرۆککۆمار کۆمار) کە هیچ سوودێکی تا ئێستا بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە بە درێژایی مێژوو جگە لە سەرئێشە شارێک بکەیتە قوربانی، شارێک کە چەقی ململانێی کورد و هەموو پێکهاتەکانی تری شارەکەیە ناسنامەی کوردستانییە.

گەورەترین کێشەی گەلی کورد کە لە ساڵی ١٩٧٥وە تا ئێستا لەگەڵ عێراق چارەسەر نەبووە لەسەر مەسەلەی کەرکووکە، کەچی ئێستا ئەوە بە ئاسانی «هەڕاج» و یاری و مامەڵەی پێوە دەکرێت. 
ئەم ڕووداوە بێگومان کاریگەری زۆر خراپی لەسەر شاری کەرکووک دەبێت، لەسەر مێژووی شارەکە، لەسەر داهاتووی شارەکە، لەسەر ئاییندەی سیاسی و ئابووری شاری کەرکووک دەبێت، چونکە ئیتر ڕەحم بەوە ناکرێت کە کورد لە شارەکە چۆنە و چۆن ژیانی بردووەتە سەر یاخود داهاتووی چۆن دەبێت.

هەڵوێستی نیشتمانیانەی پارتی دیموکراتی کوردستان

 پارتی دیموکراتی کوردستان بۆیە بایکۆتی ئەو ئەنجومەنەی دەکرد چونکە دەیزانی کە ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی کوردستان نییە، ڕێککەوتنەکە بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانی تێدا نییە، بۆیە دەرەنجامەکانیشی دەرکەوتن کە دیدگا و سەرنج و تێڕوانینی (پارتی) لەبارەی ئەو ئەنجومەنەوە، لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەوە دروست و واقیعی بوو و لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی کورد و لەگەڵ بەرژەوەندی کورد و پێکهاتەکانی شاری کەرکووک نییە، بەڵکو لەسەر بنەمایەکی زاڵمانە، لەسەر بنەمایەک دامەزراوە کە زەوتی مافەکانی خەڵکی دیکە دەکرێت و هیچ سوودێک بە خەڵکی شاری کەرکووک ناگەیەنێت.

لە دوماهیدا؛
بینیشمان لە ماوەی ڕابردوودا کەرکووک هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆی لە ڕووی ناسنامەکەیەوە بۆ خۆی نەدی، بەپێچەوانەوە زیاتر کێشە بۆ کوردەکان لەم شارەدا دروست بوو. 
بۆیە دەتوانین بڵێین هەم سەرنجی “پارتی دیموکراتی کوردستان” هەم لەسەر پرسی سەرۆککۆمار، کە پێویست بوو لە نێو لایەنە کوردستانییەکان هەڵبژێردرێت و نەکرا، هەم لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکووک کە دیسان پێویست بوو کۆدەنگی کوردستانی لەسەر بێت و نەکرا، کەواتە هەر لایەنێک بیەوێت بەم شێوەیە <ڕێککەوتن> بکات لە دەرەوەی کۆدەنگی کوردستانی و لە نەخشەی کوردستانی بوون و کورد بوون دەرچووە، پێویستە خێرا پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات، چونکە ئەمە داهاتوویەکی زۆر مەترسیداری دەبێت و دەبێتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵکی شارەکە و کۆدەنگی نیشتمانی بە تەواوی پەک دەخات.
لە ڕاستیدا ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و پێویستە چیتر ڕێگە بەوە نەدرێت کە <کەرکووک> و کوردستان بە ئاسانی بخرێتە ژێر دەستی دوژمنان و نەیارانی کوردستانەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP