دواین هەواڵ

بە ناوچەییکردنی جەنگ وەک ستراتیژی عەقڵانی یا ستراتیژی وەهم، سیناریۆکان لە مانەوە بگرە تا داڕمان: شیکارییەکی سیاسی و سەربازیی بۆ داهاتووی کۆماری ئیسلامی

‌بەھرۆز عزەت

10 کاتژمێر پێش ئێستا

پاستور لە ناوچەی ١١ی تاران وەک یەکێک لە گرنگترین و ئەمنی ترین ناوچەکانی جیهان. کە ساڵانێکە گرنگترین بڕیاری سیاسی، سەربازی ئێران و ناوچەکە لەو شەقامە دەدران.ئەم ناوچەیە شوێنی نێشتەجیبوونی گرنگترین بەرپرسە بالاکانی جمهوری ئیسلامی ئێران و گرنگترین دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەتە لەوانە: ماڵی ڕێبەری باڵا، نووسینگەی ڕێبەر، کۆشکی سەرۆکایەتی، مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و زۆربەی دامودەزگا سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆیە ناوچەکە گرنگییەکی ئەمنیی تایبەتی هەیە و دەستڕاگەیشتن بە بەشێکی ئەو ناوچەیە ئاستەم بوو. بۆیە شەقامی پاستور پێگەیەکی تایبەتی لە ئەدەبیاتی سیاسی و ئەمنی وڵاتدا هەبوو.

لە بەیانی ٢/٢٨ ئیسرائیل و ئەمریکا بە بەشداریی دەیان فڕۆکەی جەنگی تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠٠ ئامانجی جیاوازیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، ئەمەش بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری ئاسمانی لە مێژوودا دادەنرێت.وە یەکێک لە گرنگترین ئەو ئامانجانە ناوچەی پاستور بوو، بەپێ سەرچاوەکان دەزگای CIA کە ماوەیەکی زۆرە چاودیریی شێواز و ڕۆتینی سەرەکی هاتوچۆوی ڕێبەری باڵا و تەواوی سەرکردە بالاکانی تری حکومەتیان کردوە،  لە ئەنجام دا رۆژی شەممە بەتەواوی دلنیابون لەو زانیارییە کە خامنەئی لەو بارەگایە ئامادەیە و کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی باڵا، بۆیە ئەمریکا زانیارییەکەی خستوتە بەردەستی ئیسرائیل، ئیسرائیلیش بە ووردی شوێنەکەی کردوتە ئامانج  کە چەند بەپرسیکی باڵا بونە قوربانی کە تا ئێستا ووردەکاریی تەواو ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لە نێوانیان دا وەک ئێران بەفەرمی رایگەیاند  ڕیبەری باڵا بووتە قوربانی. بۆیە دوای ئەو هێرشە بینیمان کە ئێران چەند هێرشیکی فراوانی بۆ سەر چەند وڵاتیکی ناوچەکە ئەنجام دا لەوانە: بەحرین، قەتەر، کویت، سعودیە، ئیمارات، عومان، عێراق، ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە.

-هەڵبژاردن و دیاریکردنی ڕێبەری نوێ (جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ڕێبەری باڵا لەلایەن  ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی)

دەستۆری کۆماری ئیسلامی لەمادەی ١١١ دیاری کردوە کە راستەوخۆ دوای دروست بوونی بۆشایی لە پۆستی ڕێبەری باڵا ، ئەنجومەنێکی سێ کەسی ئەرکەکانی ڕێبەری باڵا لە ئەستۆ دەگرن بە شێوەیەکی کاتی تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی شارەزایان(خبرگان)، ڕێبەری باڵا دیاری دەکات.ئەو سێ کەسە پێک هاتوون لە:سەرۆکی کۆمار(مسعود پزیشکیان) کە چاکسازی خۆازە،سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری(غوڵام موحسینی) وەزیری پێشووی اطلاعات،  یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزەران(شورای نگهبان) کە (عەلی رەزا ئەعرافی) کە وەک جێنشینی خامنەئی ئەناسرا پێشتر دیاری کرا، (شورای نگهبان ) پێک هاتووە لە ١٢کەس شەش فەقێ و شەش یاسادانەر، کە لەو شەش فەقێ یەکێک دەستنیشان دەکرێت لەلایەن ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان بۆ ئەنجومەنی سێ کەسی بەڕێوەبردنی ئێران.

لە گرنگترین دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی
-دیاریکردنی سیاسەتە گشتیەکان
-چاودێریکردنی جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتیەکان
-بڕیاری گشت پرسی 
-فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان
-ڕاگەیاندنی شەڕ یان ئاشتی
-واژۆکردنی فەرمانەکانی سەرۆکایەتی
-چارەسەرکردنی ناکۆکی دەسەڵات و کێشەکانی سیستەم
-دوورخستنەوە و دامەزراندن لەوانە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و فەرماندە باڵاکانی سەربازی.
-دوورخستنەوەی سەرۆک کۆمار
-لێخۆشبوون و گۆڕینی سزای سزادراوان
دوای ئەوە دەبێت ئەنجومەنی (خبرگان) کە پێک هاتووە لە ٨٨کۆرسی کارەکانی ئەنجام بەدات بۆ دیاریکردنی ڕێبەری نوێ .هەر خۆی چەند ساڵە کێشە و ململانی قوڵ لەسەر جیگرەوەی خامنەئی هەیە .ئایا ئەگەر ڕژێم بەردەوام بێت کێ دەتوانێت هەموو لایەنە دژ بەیەکانی ناو دەوڵەت، سوپا، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان ڕابگرێت. 

لەسەر ئەساسی هەموو ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵە و دوای لاوازکردن، لەناوبردنی ژیرخانی سەربازیی، سیاسیی وە لەناوبردنی زۆربەی سەرکردە کاریگەرەکانی هێزە بەوەکالەتەکانی(پرۆکس)ەکانی ئێران لەناوچەکە، بی کاریگەرکردنیان لەناوچەکە وە  لەناوبردنی پرۆژەی هیلالی شیعی، لەناوبردنی قاسم سولەیمانی، لەدەست دانی ئایەتوڵڵا خامنەئی وەک گەورەترین و کاریگەرترین ڕێبەری  شیعی و ئیسلامی گەورەترین گورزێ پشت شکێن بوو بۆ کۆماری ئیسلامی، یاخۆد بەواتایەکی تر وەک پێدەچیت دوا بزمار بێت لە کۆتایی مۆدێلی سیاسی ئیسلامی !. کۆتایی شۆڕشی ئیسلامی لەناوچەکە و جیهان! کە چەندین ساڵ بوو کۆماری ئیسلامی کاری بۆ دەکرد، کە ببوو بە یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین ئەکتەرەکانی ناوچەکە، وە  ببوو بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕژێم بۆ سەر بەرژەوەندی و ئامانجەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل،  تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش بە یەکێک لە مەترسی دارترین وڵاتیان دادەنا بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی خۆیان. 

بۆیە دەتوانێن بڵێن کاریگەرترین شۆرشی ئیسلامی سەدە و کاریگەرترین شۆڕشی سیاسی ناوچەکە بوو، کەواتە دوای خامنەئی ئەگەر ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی ئاقلانە مامەلە بکات لەگەل داواکارییەکانی ئەمریکا هەماهەنگ بن، لەوەیە کۆماریکی ئیسلامی ئێرانی بچوک کراوە،  لەقاڵب دراوە بی کاریگەر ببینینەوە لە داهاتوودا بەو مەرجەی بتوانێت لە ئێستادا بەرگە بگرێت و ئەو هەموو کێشە، تەحدی، ململانێ و ناڕەزایەتی، قەیرانە ناوخۆییانە بەڕێوەببات و بەرگەییان بگریت.  

-ئایا هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە لەلایەن ئێران: گۆڕێنی ستراتیژی و جەنگی مانەوەیە یا رۆیشتنە بەرەو قۆناغی دەولەتی ئینتحاری 

وەک لە ووتاری هەردولا دەرکەوت کە جەنگی ئەم جارە جەنگی یەکلاکردنەوەی زۆربەی مەسەلەکانە. ترەمپ ئاماژەی دا کە ئەم جارە “جەنگی گۆڕێنی ڕژێمە” !.
لەبەرامبەریشدا خامنەئی ئەوکات ووتی کە ئەگەر هێرش بکریتە سەرمان “جەنگەکە دەکەێنە جەنگی ناوچەیی”. لە قۆناغی یەکەم و سەرەتایی جەنگەکە ئەمریکا و ئیسرائیل تا ڕادەیەکی زۆر گەیشتن بە زۆریک لە ئامانجەکانیان.بەڵام گۆڕێنی تەواوەتی ڕژیم پێویستی بە ئۆپەراسیۆن، چالاکی تر و بەلایەنی کەم بەردەوام بوونی جەنگ و فشاری زیاتر هەیە. ئەمریکا دەیەوێت زۆر بەخێرایی جەنگەکە یەکلابکاتەوە! مەرج نیە تا گۆڕێن و داڕمانی تەواوەتی ڕژێم هەنگاو بنێت!.

جەنگەکە لەسەرەتادا لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دابەش کرابوو.ئەرکی لەناوبردنی بەرپرس و فەرماندە باڵاکان بۆ ئیسرائیل، ئەرکی لێدانی  ناوەند و دامەزراوەکان بۆ ئەمریکا. بەڵام هەر لە کاژمێرەکانی سەرەتای جەنگەکە، ئێران ڕێبەری باڵای  لەدەست دا، کە هەرخۆی جەنگەکە زۆر نابەرابەر بوو بۆیە لەدەست دانی ڕێبەری باڵا  جەنگەکەی بۆ ئێران ئەوەندەی تر سەختر کرد چۆنکە ڕێبەر کاریگەریکی یەکلاکەرەوە و ژیانی هەبوو لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و جەنگەکە، ڕەوتی جەنگەکە بۆ  کۆماری ئیسلامی بە تەواوی گۆڕا.

 پێدەچیت دەست پێ کردنی ئێران بە هێرشەکانی بۆ سەر  وڵاتانی ناوچەکە، داخستنی گەرووی هورمز و  گۆڕێنی ستراتیژی جەنگ کاردانەوەی ئەوە بۆبێت، ئەگەر ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی ئێران، نەچێتە ژێر داواکارییەکانی ئەمریکا نەرم تر نەبێت، بەردەوامی جەنگەکە پێدەچیت ببێتە هۆی داڕمانی ڕژێم. 

لە ڕوانگەی سیاسی و سەربازییەوە هێرش کردنە سەر وڵاتانی دەوروبەر ستراتیژیکی فرەلایەنە لەوانە رێگریکردن و ڕاوەستاندنی جەنگ، دروستکردنی فشار بۆ سەر وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا بۆ دروست کردنی هێڵی دانوستان، هەروەها گەیاندنی ئەو پەیامەی کە ئەگەر جەنگ 
فراوانتربێت و بەردەوام بێت ناوچەکە سەقامگیر نابێت و تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە وەک ئەوەی خامنەئی ووتی. 

کەواتە ستراتیژی گواستنەوەی فۆکۆس لە ئیسرائیلەوە بۆ وڵاتانی ناوچەکە واتای :گواستنەوەی جەنگ لە بەرەیەکەوە بۆ چەند بەرەیەک بە مەبەستی: دابەش کردنی فشارەکان، بەناوچەیی کردنی جەنگەکە و زیادبوونی تێچووی زۆرتر بۆ هەمووان. فشاری ناڕاستەوخۆ بۆ سەر  هاوپەیمانانی ئەمریکا. پەیامی ئەوەی کە هاوپەیمانەکانت دەهێنمە ناو جەنگ و  قەیرانەکە. یاخۆد دروست کردنی جەنگیکی دەروونی و دڵەڕاوکێی بەردەوام.لەدوای کۆرونا ئەمە یەکەمین جارە ناوچەکە ئاوا بەفراوانی بکەویتە بەر هەڕەشە و نا سەقامگیری! 

لەلایەکی تر زۆرجار  بەناچاری وڵات بەرەو قۆناغی دەوڵەتی خۆکوژی(ئینتحاری) دەڕوات. واتە دەوڵەتێک دەچێتە ناو شەڕێکەوە کە بە شێوەیەکی واقیعی ناتوانێت سەربکەوێت بۆیە ناچارە ئەو بڕیارانە بەدات.  کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی پێکهاتەی سیاسی، سەربازی خۆی و  دۆژمنی زیاتر و بەرەی زیاتری جەنگ لە دژی خۆی دروست دەکات یان بەواتایەکی تر ئەو کارانە دەکات کە مانەوەی خۆی بە شێوەیەکی جددی دەخاتە مەترسییەوە.
لەکاتێک دا هاوسەنگی هێز بەتەواوی لەدژی ئەوە، بژاردەی دیپلۆماسی هێشتا لەبەردەستدایە بەڵام پشتگوێ دەخات، گۆشەگیری سیاسی و ئابووریی زیاتر و تەواو بۆ خۆی دروست دەکات و  ئامانجی ئایدیۆلۆژی خۆی دەخاتە پێش مانەوەی نیشتیمانی.

-بۆچی مۆشەکەکان  کەمتر ئاراستەی ئیسرائیل دەکرین بەبەراورد بە جەنگی دوازدە رۆژە:

هەر خۆی مۆشەکەکان و درۆنەکان تاکە چەکی دەستی ئێرانن بۆیە ئێران دەبێت زۆر بەباشی سوود لە کۆتا چەکی خۆی وەرگرێت.

-یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم جارە ویران کردنی ژێرخان و سکۆی مۆشکەکانە. بۆیە یەکێک لە ئەگەرەکان پاراستنی ئەمنیەتی کۆگاو و سکۆی مۆشکەکانە.

-هیچ وڵاتێک کۆگایەکی بێ سنووری مۆشکی نییە بەتایبەت ئێران ژمارەیەکی دیاری کراوەی هەیە ،بۆیە حسابی درێژبونەوەی جەنگ دەکات.

-ئاڕاستەکردنی مۆشکی مەودا کۆرت .زۆرجار لەبەر ئەوەیە سیستەمی بەرگری ئامانجی یەکەم کە ئیسرائیلە، زۆربەی مۆشەکەکان لەناودەبات، بۆیە لایەنەکەی تر ناچارە هێرشەکان و ژمارەی ئاراستەکردنی مۆشەکەکانی کەم بکاتەوە، جۆری مۆشەکان بەگۆڕێت بۆ مۆشەکی مەودا کورت تر و بۆ ئامانجی نزیکتر و  جیاوازتر. یا بە واتایەکی تر کە دەڵێت هێشتا توانام هەیە بەڵام نامانەویت جەنگەکە فراوانتر بێت.

سیناریۆەکانی داهاتوو دوای نەمانی ڕێبەری باڵا 

دوای نەمانی ڕێبەری باڵا دەرگا بەڕووی هەر سیناریۆیەکدا کراوەیە، ڕوون نییە کە ترەمپ چ نەخشەیکی بۆ ئێرانی دوای خامنەئی هەیە، دیار نیە سوپا و ڕژێم چەندە بەرگە دەگرن! دەکرێت دوای چەند رۆژێکی تر لە بەردەوام بوونی جەنگ هەماهەنگیکی وەک ڤەنزۆیلا هەبێت هەموو شتەکان لە شوێنی خۆی بن تەنیا ڕێبەرانی دەرجە یەک و دووی سیاسی و سەربازیی جمهوری ئیسلامی لەناوببات، بە زۆربەی ئامانجەکانی بگات و دواتر سەرکردایەتی کاتی موزایەدەبکات لەسەر زۆربەی پرسەکان دواتر دوبارە دانوستان دەست پێ بکەنەوە!.یاخۆد تا لەناوبردنی تەواوەتی ڕژێم دەڕوات کەواتە دەرگا بەڕووی هەر سیناریۆیەکدا کراوەیە !

یەکێکی تر لە سیناریۆەکان دەکرێت جەنگ بەردەوام  و فراوانتر بێت، تەنانەت وڵاتانی ناوچەکە ببنە بەرەیەک دژی ئێران ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت لە هێرشەکان بۆسەریان، لەوەیە هاوپەیمانییەکی فراوانتر پێک بێت دژی ئێران.

یاخۆد ئەگەری ناسەقامگیری و ناڕەزایەتی بەرفراوان لە ناوخۆ ڕووبدات ڕژێم بەرەو داڕمان ببات،تەنانەت ئەگەری جەنگی ناوخۆ هەیە، تەنانەت ئەمریکا باس لە ناردنی هێزی زەمینی دەکات ! لەبارترین شوێن بۆ دروست کردنی بۆشایی سیاسی، سەربازیی و داڕمانی یەکگرتووی ئێران رۆژهەڵاتی کوردستانە! تاوەکو ئێستا سەقامگیری شەقامی ئێران یەکێکی ترە لە چەکەکانی دەستی کۆماری ئیسلامی بەڵام پێدەچیت  بە هۆی بەردەوام بوونی جەنگ و لاوازی سوپا ئەوە لە دەست بدات.

سیناریۆەیکی تر ئەوەیە کە سوپا دەست بگرێت بەسەر دەسەڵات، یاخۆد دابەش بوون و جودابوونەوە لە ناو سوپا ڕووبدات، سوپا بەتەواوی لاواز بێت! دواتر جەنگ لە نێوان سوپا و ئارتش ڕووبدات دوای ئەوەی کە سوپا بەتەواوی لاواز دەبی، ئەگەرچی ئارتش ڕۆڵیکی سەرەکی نییە و زۆر بی کاریگەر کراوە و تا ئێستا هیچ دەنگی نیە، بۆیە لە رۆژانی داهاتوو ئەگەری بەریککەوتنی نێوان سوپا و ئارتش هەم ئەگەریکی کراوەیە.

کەواتە بە گشتی لە ئێستادا  ڕژێم هەم ستراتیژی خۆی گۆڕیوە و هەم لە قۆناغی کۆتایی خۆی دایە بۆیە هەرچی لەبەردەستی دایە دەبێت بەکاری بهێنیت بۆ مانەوەی خۆی، کەواتە دەتوانێن بڵێن کە ڕژێم لەیەک کاتدا ستراتیژی خۆی گۆڕیەوە و لەهەمان کات دا هەولی مانەوەی خۆی دەدات وە بەرەو قۆناغی دەولەتی ئینتحاری هەنگاو دەنێت! 

بەڵام ئایا ئەم ستراتیژیەی ئێران هاوشیوەی وەهمە ستراتیژییەکانی ترن کۆتایی بە خۆدی ڕژێم ئەهێنیت! یا بە ئەنجام دەگات و بەرگەی ئەو جەنگەش دەگرێت ڕژێم لەم قۆناغە سەختەش دەرباز دەکات! وە ئەمریکا ناچار بە دانوستان دەکات.ئەگەر سوپا بتوانێت جەنگەکە درێژە پێ بدات ڕژێم لە داڕمانی خیرا بەپارێزیت ئاوا دەکریت ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی نەرمتر بێت بە زۆرێک لە داواکارییەکان ئەمریکا ڕازی بێت و ئەمریکا ڕیگای دیپلۆماسی بکاتەوە. بەڵام بیگومان سوپا تواناکانی دیاری کراون وە بەشێکی گەورەی فەرماندە و کۆگاکانی چەکی لەدەست داوە! تا چەند رۆژی تر بیگومان ئەمە چەند بەرامبەر دەبێت! ئەگەرچی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی باسی ئەوە دەکەن کە خۆیان بۆ جەنگیکی درێژخایەن ئامادە کردوە، کەواتە بەگشتی کۆماری ئیسلامی لە قۆناغیکی زۆر سەخت دایە دەتوانێن بڵێن لە قۆناغی کۆتایی خۆی دایە ! مانەوە و بەرگە گرتنی بە پلەی یەکەم بەندە  بە یەکگرتوی و بەرگەگرتنی سوپا! تەنانەت ئەگەر لە داڕمان دەربازی بێت ئێرانی دوای جەنگ زۆر جیاوازتر دەبێت لە ئێرانی پێش جەنگ !

بەهرۆز عزەت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP